واڵتەر بنیامین و سوریالیزم

حیکایەتی جادوویەکی شۆڕشگێڕ

نووسەر؛ میشێل لوویی

وەرگێڕان لە ئینگلیزی؛ ڕۆمان میرەکی

(شەیدابوون) تاکە چەمکی حەقی خۆی بە گرژی ئەو هەستانە دەدات کە واڵتەر بنیامین ئەزموون کرد کاتێک ڕێبازی سوریالیزمی لە ساڵانی ١٩٢٦ – ١٩٢٧ دۆزیەوە. ۆربەی هەوڵەکانی بۆ دەربازبوون بوو لە جادووی ئەو بزووتنەوەیەی کە لەسەر دەستی ئەندرێ بریتۆن و هاوڕێکانی بنیاتنرابوو دەربڕین و دەرکەوتەیەکی ئەم (شەیدابوون)ن.

وەک دەزانین ئەم دۆزینەوەیەش بووە هۆی لەدایکبوونی پرۆژەی پاساژەکان. کاتێک لە ساڵی ١٩٣٥ بۆ ئادۆرنۆ دەنووسێت، بنیامین باس لە (دروستبوونی پاساژەکان) دەکات کە ماوەی سێزدە ساڵی کۆتایی ژیانی سەرقاڵی کردبوو، بەم شێوەیە؛ ئێواران کتێبی (جووتیارە پاریسیەکە)ی ئاراگۆن دەکەمەوە، لە جێگەدا پاڵدەکەوم و هەرگیز نەمتوانیوە ٢ تا ٣ لاپەڕەی ئەو بخوێنمەوە بەسەریەکەوە چونکە دڵم زۆر بە سەخت و خێرایی لێیدا تا واملێدێت کتێبەکە دابنێم).

بنیامین دوای گەشتەکەی بۆ مۆسکۆ لە هاوینی ١٩٢٦ و ١٩٢٧ لە پاریس ماوەتەوە. ڕەنگە هەمان ئەم کاتەش ئاشنای کتێبەکەی ئاراگۆن و نووسراوەکانی سوریالیستی دیکە بووبێت کە ساڵی ١٩٢٦ چاپ کراون و بڵاوبونەتەوە. گێرشەم شۆلەم دەپرسێت (بۆچی سەرنج ڕاکێشانی ڕاستەوخۆ و ئاژاوەی ناوەکی ؟ کاتێک سەردانی بنیامین دەکات لە ساڵی ١٩٢٧ لە پاریس، تیشک دەخاتە سەر هەموو ئەو هۆکارانەی کە ئەو بە (گرنگی بنچینەیی و گەرم)ی هاوڕێکەی بە سوریالیستەکان ناوی دەبات؛ ئەو لەو باسانەدا ژمارەیەک لەو ڕووداوانەی دۆزیەوە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەسەری هاتوون یان بە دەربڕینێکی دیکە ئەو ماوانەی خوێندەوە کە ئاراگۆن و بریتۆن بەو وشانەی بانگەشەیان بۆ کردبوو لە هەندێک شوێندا لەگەڵ قوڵترین ئەزموونی خۆی دەهاتنەوە. دواتر دەبینین کە ئەو بیرۆکانە چی بوون.

نازانین ئاخۆ بنیامین چاوی بە بریتۆن یان نووسەرەکانی دی کەوتووە لەو کاتەدا یان نا، چونکە هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە ئەوانی بینیبێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی تێڕوانینەکانی شۆلەم بێت بنیامین هەندێک ئاڵوگۆڕی نامەی لەگەڵ نووسەری مانیفێستی سوریالیست هەبووە کە ئێستا ئەو نامانە نەماون. دەکرێت هەندێکیان لە کتێبەکەی بنیامیندا بەناوی (شەقامی یەک ئاڕاستە) بدۆزرێنەوە کە لە ساڵی ١٩٢٨ بڵاوبۆتەوە. تا ئەوەی ئێرنست بلۆخ پێیوابوو دەکرێت ئەم بەرهەمە بە مۆدێلێکی (بیرکردنەوەی سوریالیستی) هەژمار بکرێت، بۆیە ئەمە گوتەیەکە زیادەڕۆیی تێدایە و هەروەها نادروستیشە.

لەڕاستیدا بنیامین هەوڵیدا دەربازبێت لەو شتەی وەک شەیدابوونی ترسناک دەبینی، هەروەها بۆ زەقکردنەوەی جیاوازییە تایبەتەکانە پرۆژەکەی خۆی، لە نامەکەی تشرینی دووەمی ١٩٢٨ بۆ شولەم ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئەو هەستی بە پێویستی دوورکردنەوەی بەرهەمەکان لە بزووتنەوەی سوریالیستی کردووە وەک ئەوەی کە هەیە، پێیوابووە ئەو نزیکایەتیە دەتوانێت بۆ ئەو کوشندە بێت، بەڵام مانای ئەوە نەبووە میراتی فەلسەفی سوریالیزم ڕەتبکاتەوە.

مارکسیزمێکی گۆتیک ئەم جۆرە تێگەیشتن و تەنانەت نزیکایەتیە باش ناسراوەی بنیامین لە سوریالیزم لە چی پێکهاتووە؟ لەم دواییەدا لە کتێبی (ڕۆشنایی ناپیرۆز)ی مارگرێت کۆهن گریمانەیەکی باڵکێش پێشنیار دەکات بە ستایشکردنی هەریەک لە بنیامین و ئاندرێ بریتۆن وەک خاوەن (مارکسیزمی گۆتیک) وەک دوور لە نووسینی باوی مارکسیزم، ئەو مارکسیزمەی هەڵگری کۆمەڵە ئاڕاستەیەکی ماتریالیزمی میتافیزیکیە و گیرۆدەی ئایدۆلۆژیای (پێشکەوتن). بەڵام پێموایە نووسەر بەهەڵەدا چووە کاتێک مارکسیزمی بنیامین و سوریالیستەکان وەک ڕەچەڵەکناسی مارکسیستی باس دەکات شەیدای ڕەهەندەکانی ناهزرمەندی پرۆسەی کۆمەڵایەتی دەبێت؛ وەک ڕەچەڵەکناسی هەوڵدەدات بکۆڵێتەوە چۆن ناهزرمەندی دزەدەکاتە نێو کۆمەڵگەی باڵادەست و خەون بە بەکارهێنانی ناهزرمەندی بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەبینین. چەمکی ناهزرمەندی لە نووسینەکانی واڵتەر بنیامین و بریتۆندا بزرە؛ ئەمەش پێوەندی بە جیهانی هزرمەندی هەیە، کە لە فەلسەفەی ڕۆشنگەری بۆیان ماوەتەوە،ئەمەش ئەو شتەیە هەردوو نووسەر هەوڵی تێپەڕینی دەدەن، کە بە هەردوو مانای بەرزکردنەوە یان نەهێشتن دێت. لەلایەکی دیکەوە چەمکی مارکسیزمی گۆتیک ڕۆشنکەرەوەیە بەو مەرجەی کە لە مەبەست و واتای ڕۆمانسی جادوویی و باڵکێشەکەی تێبگەین، هەروەها پێویستە لایەنی کلتور و کۆمەڵگەکانی پێش مۆدێرن لەبیرنەکەین. لە بەرهەمەکانی برێتۆن و بنیامین چەند ئاماژەیەک بۆ ڕۆمانی گۆتیکی ئینگلیزی سەدەی ١٨ و چەند نووسەرێکی ڕۆمانتیکی ئەڵمانی دیاریکراوی سەدەی ١٩ دەدۆزینەوە.

رومان میرەکی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

سۆسیالیزم و ئاڤان گارد لە ١٨٨٠ بۆ ١٩١٤

ج اکتبر 1 , 2021
نووسەر؛ ئێریک هۆبسباوم وەرگێڕان لە ئینگلیزی؛ ڕۆمان میرەکی مێژوونوسی مارکسیستی (ئێریک هۆبسباوم) هەژمار و بەراوردی پێوەندی نێوان ئاڤان گاردی هونەری پێش جەنگ و بزووتنەوەی کرێکاری ئەو سەردەمە دەکات کە هەردووکیان لە کۆتایی (سەدەی نۆزدە) بەیەک دەگەن، بەڵام لە قۆناغی مۆدێرنیزمی ڕادیکاڵدا بەتەواوی لێک جوودا دەبنەوە، بەڵام دووبارە بەیەک دەگەنەوە؛ بە […]

You May Like