سومەییە قادری و حوسەین بایەزیدی، هاووڵاتیانی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەرکران و بۆ شوێنی نادیار گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی دووشەمە ١٧ی گوڵانی ١٤٠٣، ٢ هاووڵاتی لە پیرانشار دەستبەسەرکران. ناسنامەیان سومەییە قادری، کچی تاهیر، خوشکی موحسین قادری زیندانیکراو لە زیندانی نەغەدە، خەڵکی گوندی گزگسک سەربە شاری پیرانشار و حسێن بایەزیدی، کوڕی محەمەد، خەڵکی شاری پیرانشارە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئەمنییەکان بە چوونە ژوورەوە بۆ ماڵەکانی ئەم ٢ هاووڵاتیە، بەبێ دەرخستنی بەڵگەی دادوەری، هەردووکیان دەستبەسەرکران و بۆ شوێنی نادیار گواسترانەوە.
تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، شوێنی مانەوە و تۆمەتەکان دژی ئەم هاووڵاتیانە زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.