پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

خوێندکاران، یەکێتییە کرێکارییەکان و خەڵکی دژە ئاپارتاید، بە قووڵکردنەوە و پەرەپێدانی بزووتنەوەی “دامەزراندنی کەمپی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی غەززە” وەڵامی وەحشیگەرییەکانی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و پۆلیسی ئەو وڵاتەیان لە دژی خوێندکارانی خەباتکار داوەتەوە. ئێستا ١٥٠ زانکۆ و کۆلێژ دژ بە هاوبەشی بەرپرسانی سیاسی و ئەکادیمی ئەمریکا لەگەڵ پاکتاوکردنی نەتەوەیی فەلەستینییەکان لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و بەردەوامبوونی شەڕ، بەو بزووتنەوەیەوە پەیوەست بوون. خوێندکاران و کرێکارانی خەباتکار بە دروشم گەلێکی وەک “نە بە ناوی ئێمە!”، “ئێوە دژە یەهوودن نەک ئێمە!”، ” ڕاگرتنی شەڕ هەر ئێستا!”، “ئازادی بۆ فەلەستین!” و هیتر، وڵامی هێرشەکانی پۆلیس و لایەنگرانی دەستدرێژیکاری ئیسرائیلیان داوەتەوە. بزووتنەوەی “دامەزراندنی کەمپی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی غەززە” کە ڕۆژی ١٧ی ئۆکتۆبەر لە زانکۆی بەناوبانگی کۆڵۆمبیا لە شاری نیویۆرکەوە دەستی پێکرد، درێژەی ئەو خەباتەیە کە لە ٧ی ئۆکتۆبەر و هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی پشتیوانی بێ ئەملاو و ئەولای دەوڵەتی ئەمریکا لە هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی بێ دیفاعی غەززە لەلایەن جۆبایدنەوە، دەستیپێکرد. یەکێتییە کرێکارییەکان ئەگەرچی کەمێک درەنگ، بەڵام سەرەنجام دوای ناسینی ڕاستییەکان، بەتایبەتی لە ڕێگەی ئەو ڕاپۆرت و وێنە و ویدئۆیانەی کە لەلایەن شارۆمەند-ڕۆژنامەنووسەکانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکرانەوە، لە بەرژەوەندی خەڵکی فەلەستین و دژی دەوڵەتی ئیسرائیل و شەڕی ئەو دەوڵەتە لە غەززە، هەڵوێستیان گرت. ئەوان هاوکات هاوهەڵوێستی خۆیان لەگەڵ یەکێتییە کرێکارییەکانی فەلەستین ڕایانگەیاند.

بۆ نموونە: جگە لە یەکێتییەکانی شاری سیاتێل لە ویلایەتی واشنگتۆن، ئەندامانی ڕێکخراوی تازە دامەزراوی “کرێکارانی یەکگرتووی ستارباکس”یش پشتیوانی خۆیان لە یەکێتییە کرێکارییەکانی فەلەستین ڕاگەیاند. هەروەها جگە لە یەکێتییەکان، ڕۆژی ٢٧ی ئاوریل، واتە ڕۆژێک دوای دۆزرانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە نزیک نەخۆشخانەی ناسر، کە تەرمی منداڵانی تێدابوو،، ژمارەیەک لە خەڵکی پێشکەوتنخوازی سیاتێل هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرانی نۆ یەکێتیی، لەدژی پەسەندکردنی ٢٦ ملیارد دۆلار کۆمەکی بەپەلە لەلایەن کۆنگرێسەوە بۆ هێزە نیزامییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل، خۆپیشاندانیان کرد. ئەوان هەروەها داواکارییەکانی دیکەی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند: ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە؛ وازهێنان لە ناردنی پووڵ و پارەی ئێمە لە ژێر ناوی یارمەتی دارایی و سەربازیی ئەمریکا بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕاگرتنی هەر چەشنە وەبەرهێنانێک لە پیشەسازییە سەربازییەکانی ئیسرائیلدا. یەکێک لە نوێنەرانی یەکێتییەکان لە ناو ئاپۆرەی خۆپیشاندەراندا وتی: من نوێنەری ٩ ملیۆن ئەندامم. ئێمە خوازیاری ئاگربەستی دەستبەجێ و بەردەوامین. بە شانازییەوە دەڵێم کە زۆربەی هەرەزۆری کرێکاران خوازیاری ئاگربەستن. لەسەر بنەمای ئەم داواکارییە، دەستەی کارگێڕی یەکێتییەکەمان بە کۆی دەنگ، دەنگیدا بە ناردنی پەیامێکی ڕوون بۆ جۆ بایدن کە دەبێت شەڕ کۆتایی پێبێت.

یەکێک لە خوێندکارانی یەهوودی لایەنگری ئاشتی بەشداربووی خۆپیشاندانەکەش وتی: “بەگوێرەی میدیاکانی لایەنگری ئیسرائیل، حەماس لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەردا هەزار ئیسرائیلی کوشت، بەڵام ئیسرائیل لە بەرامبەردا لەو ڕۆژەوە تا ٢٩ی ئاوریل، ٣٤ هەزار کەسی کوشتووە، کە ٩ هەزاریان منداڵ بوون”. ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی، “سیاسەتمەدارەکانی ئێمە لەم جینۆسایدەدا هاوبەش بوون و ئێستا ئیتر دەبێت ناچاریان بکەین کە دەست لە بەشداریکردن لەم جینایەتە هەڵبگرن”. یەکێتی وردە فرۆشان و بەقاڵییەکانیش لە بەیاننامەیەکدا داوای لە بایدن کرد هەر چەشنە هاوکارییەک بۆ ئیسرائیل ڕابگرێت و کار بۆ ئاگربەستێکی بەردەوام و ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە بکات. ئەندامانی یەکێتی کرێکارانی ئۆتۆمبێل سازیش، بە دروشمی “ئاگربەستی دەستبەجێ” به ناڕەزایەتییەکانی دژە جینۆسایدی خوێندکارانەوە پەیوەست بوون. چوار هەزار ئەندامی لقی خۆجێیی ئەو یەکێتییە، ڕۆژی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی کرێکار، لە ڕیزێکی یەکگرتوودا لەگەڵ “یەکێتی خوێندکاران” بەمەبەستی دەربڕینی پشتیوانی خۆیان لە خوێندکارانی بەشداربووی کەمپی هاوپشتی، بەرەو پێنج زانکۆ ڕێپێوانیان کرد. لەو ڕووەوە کە پەیامی “ئاگربەستی دەستبەجێ” و کۆتایی هێنانی دەستبەجێ بە سەرکوتی خوێندکارانی ئەم یەکێتییە لەلایەن “جۆبایدن”ەوە بێ وەڵام مایەوە، بەرپرسان پێشنیاریان بە بەدەنەی ڕێکخراوەکە کرد کە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی داهاتوودا دەنگ بە بایدن نەدەن.

هەروەها ئەندامی یەکێک لە لقەکانی “یەکێتی پەیوەندییەکانی ئەمریکا” لەم دواییانەدا داوای لە ئەندامەکانیان کرد کە لە کاتی چوون بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان، درۆکانی بایدن بەمەبەستی پاساو کردنی جینۆسایدی غەززە و سەرکوتی خوێندکاران لە ئەمریکا لە بیر نەکەن.

بزووتنەوەی ” دامەزراندنی کەمپی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی غەززە”، کە فەڕانسە، بریتانیا، ئیسپانیا، ئیتالیا، مەکزیک، ئوستڕالیا و چەند وڵاتێکی دیکەی گرتووەوە، بزاڤێکی زیندوو و گەنج و پڕ جۆشوخرۆشە کە لە ئەمریکا لەلایەن “پارتی سۆسیالیزم و ئازادی”، “دەنگی یەهوودیان بۆ ئاشتی” و “خوێندکارانی خوازیاری دادپەروەری بۆ فەلەستین”ەوە ئاراستە دەکرێن. تەبلیغات و کار و چالاکییەکانی ئەم بزووتنەوەیە بۆتە هۆی ئەوەی شارۆمەندانی ئەمریکا، کە شەو و ڕۆژ لەژێر ڕەهێڵەی بارانی درۆ و پڕوپاگەندەی چەواشەکارانەدان سەبارەت بە دژە یەهوود ناوبردنی هەر دژبەرێکی شەڕی غەززە، هەرچی زیاتر لەگەڵ ڕاستییەکانی پێوەندیدار بە جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە، ئاشنا ببن. جگە لەوەش هەندێک لە زانکۆکان لەبری ئەوەی دەست بەداوێنی پۆلیسی ڕسوای ئەمریکا بن بۆ کۆکردنەوەی “کەمپەکانی هاوپشتی” لەگەڵ خوێندکارەکان کەوتنە گفتوگۆ و دانوستان. دەستەی بەڕێوەبەری ئەو زانکۆیانە داواکارییەکانی خوێندکارانیان کە بریتین لە ڕاگرتنی وەبەرهێنان لە کارگەی بۆینگ و ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ گووگڵ و هەروەها شیرکەتە زەبەلاحەکانی تر کە هاوکاری ئیسرائیل دەکەن قبوڵ کردووە و لە بەرامبەریشدا خوێندکاران لە دەرەوەی زانکۆکان درێژە بە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دەدەن لەپێناو ڕاگرتنی هاوکارییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

لە ١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

چ مه 8 , 2024
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ ی مانگی گوڵان، هاوکاتە لەگەڵ چواردەهەمین ساڵیادی ئێعدامی جەنایەتکارانەی” فەرزاد کەمانگەر” و هاوبەندیەکانی:” شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مێهدی ئیسلامیان.” ڕۆژی ٢٣ی مانگی گوڵانیش ساڵیادی مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستانە لە وڵامدانەوە بەم جەنایەتە. ئێعدامی دژی ئینسانی پێنج لاوی تێکۆشەر کە تا ئاخرین ساتەکانی ژیانیان […]

You May Like