چڕکردنەوەی سەرکوت لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردن، سیاسەتێک لەڕووی داماوییەوە

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کاتی بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماریی، ئاستی هەڕەشە و بانگهێشتکردن و دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی ئاسایی و چالاکانی کۆمەڵایەتی و فشار لەسەر زیندانیانی سیاسی، بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.

لە هەمان کاتدا بەمەبەستی پێکهێنانی فەزای ترس و خۆف لە کۆمەڵگادا، هەر ڕۆژەو ژمارەیەک لە مەحکووم کراوانی دادگا ئاساییەکان، لەسێدارە دەدرێن. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا، باسی لە پەرەسەندنی بەرچاوی ئێعدامەکان لە ئێران کردووە و ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٧٥%ی کۆی گشتی ئێعدامە تۆمار کراوەکانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٣دا، لە ئێران بەڕێوەچووە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەڵێت، دوای بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە خەرمانانی ١٤٠١، حکوومەتی ئێران بەمەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵک و توندکردنەوەی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر دەسەڵاتدا، بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدانی زیاتر کردووە. بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە ساڵی ڕابردوودی زایینی دا لانیکەم ٥٢٠ کەس بەپێی حوکمی دادگاکانی شۆڕش و لانیکەم ٣١٧ کەسیش بەپێی حوکمی دادگاکانی تاوان لە سێدارە دراون. لە ١٦ حاڵەتیشدا، ڕوون نییە کە سزای ئێعدامەکان لە کام دادگا دەرچووە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا، جگە لە سەرکوت و زیندان، جگە لە شەپۆلی ئێعدام و ئەشکەنجە و خەڵتانی خوێن کردنی هەر چەشنە ناڕەزایەتی و دەنگێکی ئازادیخوازانە، سزای لەسێدارەدانی وەک توندوتیژییەکی ئاگایانە و ڕێکخراو، بۆ لەناوبردنی نەیارانی سیاسی و ناڕازییانی کۆمەڵایەتی و قوربانیانی ئەم نیزامە ستەمکارە، بەکارهێناوە.

سزای لە سێدارەدان وەک جینایەتێکی ڕێکخراو، هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە، یەکێک بووە لە پایەکانی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە، بەمەبەستی چاوترسێن کردنی جەماوەر. بەرپرسانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە لەسێدارەدانی سزادراوانی دادگا ئاساییەکان، بەمەبەستی بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی لەسەر سەرچاوەی مەینەتی و دیاردە نائاساییە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕێگەی بڵندگۆ تەبلیغاتییەکانی خۆیانەوە، سزای لە سێدارەدان وەک ڕێگەیەک بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دیاردانە و کاردانەوەی لێبڕاوانه‌ لە بەرامبەر ئەم گرفتە کۆمەڵایەتیانەدا پاساو دەکەن. ئەوان دەڵێن کە ئەگەر لەسێدارەدان نەبێت، تاوانبارانی کۆمەڵایەتی زیاتر هاندەدرێن و ئەمنییەتی کۆمەڵگا دەخەنە مەترسییەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئەزموونی بابەتیی، لەو وڵاتانەی کە سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشاندۆتەوە و هەروەها بەپێی ئاکامی لێکۆڵینەوەکانی شارەزایانی کاروباری کۆمەڵایەتی، هیچ ئامار و بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو بوونی نییە کە نیشان بدات، لە ڕێگەی ئێعدامەوە دەتوانرێت بەر بە تاوان و دیاردە نائاساییەکان بگیردرێت. هه‌ر ئەم لێکۆڵینەوانە دەریدەخەن، لەو کۆمەڵگایانەدا کە کەلێنی نێوان هەژاری و سەروەت قووڵتر دەبێتەوە، سیستەمی ئابووری دەبێتە هۆی هەژارتر بوونی زۆربەی هەرەزۆری جەماوەر و هاوکات کەڵەکەبوونی سەروەت و سامانێکی زۆر لەدەستی گرووپ و تاقێکی بچووکدا و هەژاری و بێبەشی کۆمەڵایەتی بەردەوام بەستێنی پەرەسەندنی تاوان و جینایەت دەخوڵقێنێت. لە ڕاستیدا ئەوە خودی نیزامی سەرمایەدارییە کە جۆر و بڕی ئەو تاوانە بەرهەم دەهێنێ و سەرلەنوێ بەرهەمی دەهێنێتەوە کە سزا لەخۆ دەگرێت. ئەزموونی مێژووییش ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە لە وڵاتە پێشکەوتووە سەرمایەدارییەکان، لەو جێگایەی کە خەبات و تێکۆشانی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز، ڕادەیەک لە چاکسازی کۆمەڵایەتی و بەرنامەی خۆش بژێوییان بەسەر دەوڵەتەکاندا سەپاندووە، جۆرەکانی تاوان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.

بەرپرسانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەزانن، ئەو هەژاری و نەهامەتییە بێوێنەی کە بەسەر خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگایاندا سەپاندووە، بێکاریی لەڕادەبەدەر، سەپاندنی حەقدەستی چەند هێندە کەمتر لە هێڵی هەژاری بەسەر ئەو کرێکارانەدا کە خوڵقێنەرانی سەرجەم نیعمەت و خۆشگوزەرانییەکانی کۆمەڵگەن، وەدواخستن و پێنەدانی تەنانەت ئەو حەقدەستە کەمەش، وەڵام نەدانەوە بە ویست و داواکارییە ڕەواکانی خانەنشینان و هتد، جگە لە ڕاپەڕینی کۆمەڵانی برسی و وەگیان هاتووی کۆمەڵگە، هیچ دەرئەنجامێکی تری لێناکەوێتەوە. چڕبوونەوەی گوشارەکان و ڕێوشوێنی سەرکوتگەرانە، نەک هەر نیشانەی هێز و توانایی ڕژیم نییە، بەڵکوو سەلمێنەری ئەوپەڕی داماویی و ترسی ئەو ڕژیمەیە لە پەرەسەندن و گەشەی خەبات و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان.

لەمڕووەوە، هەوڵی ترسنۆکانەی ئەم دواییەی ڕژیم بۆ کوشتاری زیندانییە ئاساییەکان بە مەبەستی پێکهێنانی کەشی ترس و خۆف لە کۆمەڵگادا، گوشاری زیاتر بۆ سەر زیندانیانی سیاسی لەناو زیندانەکاندا و هەروەها دەستبەسەرکردنی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵایەتی، ناگات بە هیچ ئامانجێک و کرێکارانی ناڕازی و جەماوەری ستەملێکراو و چەوساوە، به‌م هەوڵانە چاوترسێن نابن. تەنانەت ئەگەریش سەرکوت بتوانێت لە قۆناغێکدا هەنگاوێک پاشەکشە بە خەڵک بکات، بەڵام بەستێنە بابەتییەکانی هەڵچوونی توڕەیی و بێزاری جەماوەر، پەرە پێدەدات و سەرەنجام خەباتی جەماوەری و مافخوازانە “وەک ئاگری ژێر خۆڵەمێش” بڵێسە دەستێنێ و بە تێکشکاندنی بینای کۆشکی زوڵم و ستەمی کۆماری ئیسلامی، زەمینە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسانی پشتبەستوو بە هێزی ڕێکخراو و یەکگرتووی کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و چەوساوە، پێکدێت.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

بانە؛ لێدان و ئەشکەنجەی کاسبکارێکی کورد لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزیییەوە

ج ژوئن 14 , 2024
هێزەکانی هەنگی مەرزی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە، کاسبکارێکی کوردیان بە باتومی کارەبایی لێدان و ئەشکەنجە کرد. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی کاسبکارێکی کوردیان لە ناوچەی سنووری “چەم پاراو”ی سەربە شاری بانە، بە باتومی کارەبایی لێدان و ئەشکەنجە کردووە و “قاچ”ی ئەم کاسبکارە کوردە بە […]

You May Like