نووسەر؛ ڕۆمان میرەکی
گەلی کورد ساڵانێکە لە پرۆسەی توانەوە بەرخۆدان دەکات. لە خۆرهەڵاتی ناوین گەلی کورد هەزار ساڵ زیاترە لە توانەوەی نەتەوەیی و چاندی بەرخۆدان بەرامبەر پاوانی دەسەڵات و سەرمایە دەکات. ئاسیمیلاسیۆن (توانەوەی نەتەوەیی – چاندی) گوزارشت لەو پەیوەندی و چالاکیە یەکلایەنانە دەکات کە پاوانەکانی سەرمایە و دەسەڵات لە کۆمەڵگاکانی شارستانیەت لەسەر ئەو دەستە کۆمەڵایەتیانە پەیڕەوی دەکەن کە دەیانخەنە ژێر ستاتۆی کۆیلایەتی و خوازیارن بیانکەن بە پاشکۆ و سێبەر. لێرەدا سەرەکیترین ڕۆڵ کە دەکەوێتە سەر کۆیلەی توێنراو: بە شێوەیەکی ڕەها لە خاوەن (سەردار) بچێت، لە پێناو بوون بە پاشکۆ و سێبەر هەموو جۆرە هەوڵێک بدات، بەمجۆرە دەیسەلمێنێت و پێگەی لە سیستەمدا دەکاتەوە.
ئەو کۆمەڵگایەی دووچاری توانەوە بووەتەوە لە گەڵاڵەی بێویژدان، بێڕەوشت و ناهۆشمەندترین مرۆڤ پێکدێت کە ماڵیکراوە، خەسێنراوە و لەپێناو نۆکەرێتی پێشبڕکێ دەکات. بۆ سەپاندنی بێناسنامەیی بەسەر کۆمەڵگای توانەوە دوو چەکی سەرەکی بەکاردێت، یەکەمیان: توندوتیژی جەستەییە لە بچووکترین یاخیبوون و سەرهەڵدان شمشێری قڕکردن لەسەر مل ئامادەیە، دووەمیان: ڕووبەڕوبوونی برسێتی و بێکاریە. سەرەکیترین ڕێگای نوخبەی باڵادەست کە دایهێناوە:ئەوانەی تێکەڵی چاندی توانەوە بوون، سەرجەم ڕێگاکانی پەرەسەندنی واتایی و بنەڕەتی چاندی لە پێش دادەخات. لە تەواوی قەوارەکانی دەوڵەت – نەتەوەی تازەگەری سەرمایەداری نمونەی لە هەژمار نەهاتوی بەم چەشنە جێگای باسە. گەلی کورد کە گەورەترین قوربانی توانەوەیە لە خۆرهەڵاتی ناوین، بە کاریگەرترین و سەرنجڕاکێشترین نمونەیە، سوربوون لەسەر نەتەوەیی بوون باجەکەی شاڵاوێکە بە بێکاری دەست پێدەکات و تا قڕکردن و ژینۆساید دەچێت.