سەوڵاوا؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

لە ڕەزبەری ئەمساڵدا، کۆڵبەرێکی ٤٥ ساڵانی خەڵکی بانە لە ناوچە سنوورییەکانی سەوڵاوا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی بریندار بووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە ڕێکەوتی یەکی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٣ی هەتاویدا، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە گوندی سنووریی «دەرەکێ»ی سەر بە شاری سەوڵاوای پارێزگای کوردستان، کۆمەڵێک لە کۆڵبەران دەخەنە بۆسەوە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ دەکەن کە لە ئەنجامدا چەندین کۆڵبەر پێکراو و بریندار بوون. ناسنامەی یەکێک لەم کۆڵبەرە بریندارانە «سەدیق دەفتەری»، ٤٥ ساڵان و خەڵکی بانە ڕاگەیەندراوە.
دەوترێ کە ئەم کۆڵبەرە بە هۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە نەخۆشخانەی شاری مەریوان ماوەتەوە.
کۆڵبەرنیوز هەوڵ دەدات ناسنامەی کۆڵبەرە بریندارەکانی تری ئەم ڕووداوەش پشتڕاست بکاتەوە.

بەپێی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣دا، ١٤٢ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە، ٣٦ کۆڵبەر (٢٥٪) کوژران و ١٠٦ کۆڵبەر (٧٥٪) بریندار بوون. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣ کوژران و برینداربوون، ١٢٤ حاڵەتیان (٨٧٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیم بووە. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا لە سنوورە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کوژران و برینداربوون، ١٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن. بە بەراورکردنی ئاماری ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣، لەگەڵ نیوەی یەکەمی ١٤٠٢، ئێمە شایەتی زیادبوونی ٦٧٪ی ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنووری کوردستان بووین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ئێران ناوەندی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان

ش نوامبر 9 , 2024
ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لە مێژە بووەتە گۆڕەپانی نەبەردی نێوان کرێکاران و ڕێژیم و خاوەنکاران و هەروەها مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی ژنانی ئازادپۆش، دادخوازان، خوێندکاران و باقی بەشە پیشەیی و چین و توێژە ناڕەزایەتییەکانی دیکە لەدژی ڕێژیم. بۆ نموونە تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا، شاهیدی بەڕێوەچوونی چەندین ئاکسیۆن و ویست […]

You May Like