سروە شیری و پەیمان شیری، دوو هاوڵاتی خەڵکی بۆکان بە مەبەستی بەسەربردنی سزاکەیان بۆ گرتووخانەکانی ورمێ و بۆکان گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سزای ئەم دوو چالاکە مەدەنییەی کورد کە لە خەزەڵوەری ١٤٠٣ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای دووی شاری بۆکان بە هەردووکیان ڕاگەیەندرابوو ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ جێبەجێکرا.
سروە شیری، تەمەن ٢٢ ساڵ و براکەی پەیمان شیری، تەمەن ١٩ ساڵ خەڵکی گوندی تەرەغە سەربە شاری بۆکان لە ڕەزبەری ١٤٠٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ورمێ گواسترانەوە. پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازادکران بەڵام لە کۆتاییدا سزای زیندانی هەردووکیان بۆ ماوەی هەشت مانگ و شەش مانگ دەرکراوە و جێبەجێکرا. هۆکاری سەرەکی دەستبەسەرکران و سزای ئەم دوو چالاکە مەدەنییە، چالاکییە مەدەنییەکانی ئەوان ڕاگەیەندراوە. هەردووکیان بە تۆمەتی چالاکی «بانگەشە لە دژی ڕژیم بە سوودی حیزبێکی کوردی دژبەری ڕژیم» سزا دراون.