ڕێبوار محەممەدزادە، کۆڵبەری تەمەن ٣٨ ساڵ خەڵکی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی کوژرا. ئەم کۆڵبەرە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە نۆی ڕەزبەری ١٤٠٤، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری «سورکێو» لە شاری بانە بە ئاڕاستەی کۆڵبەران تەقەیان کردووە و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک گیانی لەدەستداوە. ناسنامەی کۆڵبەرە «ڕێبوار محەممەدزادە» تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی گوندی «سپیدار»ی سەربە شاری بانە بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزەکانی هەنگی مەرزی بە گوللەی جەنگی تەقەی ڕاستەوخۆ کراوەتە ئامانج. تەرمی ئەم کۆڵبەرە پاش گیانلەدەستدانی بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدین ئەیوبی شاری بانە گواسترایەوە.
ڕێبوار محەممەدزادە، تەمەن ٣٨ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤، بە گشتی ٣٧ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردووی، کەوتنەسەر مین, کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزییەکان و حاڵەتەکانی تر کوژراون و برینداربوون. لەم ژمارەیە، بەگشتی ١٧ کۆڵبەر واتا (٤٦٪) کوژراون و ٢٠ کۆڵبەر واتا (٥٤٪) برینداربوون.
لە کۆی گشتی ٣٧ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤ دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٣٢ حاڵەت واتا (٨٦٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزە سەربازییەکانی ڕژیمەوە بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٣٧ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ١ کۆڵبەر واتا (٪٣) کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون کە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سنووری عێراق (حرس الحدود) بۆتە هۆی کوژرانی ئەم منداڵ کۆڵبەرە.