شادی و خۆشی جەماوەر بەرامبەر بە مەرگی ڕەئیسی، جەلادی ٦٧

مەرگی ڕەئیسی جەلاد، لە نێو زۆربەی هاووڵاتییانی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بووە هۆی دەربڕینی خۆشی لە ڕێگەی نووسراوە یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یاریی ئاگرین، شادی و هەڵپەڕکێ، بەخشینەوەی شیرینی و سیگناڵ لێدانی بەردەوام، سەرەڕای بوونی بەربڵاوی بەکرێگیراوان لە شەقامەکاندا. کاردانەوەی لەمجۆرە لە نێو بنەماڵەی دادخوازان، وەرزشوانان و هونەرمەندانی ناڕازی و چین و توێژە جیاوازەکاندا گەلێک بوون، کە لێرەدا بەکورتی ئاماژە هەندێکیان دەکرێت. هاووڵاتیانی شاری سەقز زێدی ژینا ئەمینی ئازیز، لەزمرەی یەکەم کەسانێک بوون کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەی بەرپرسانی ڕژیم، بە یاریی ئاگرین لە ئاستێکی بەربڵاودا بەرامبەر بە مەرگی ڕەئیسی کاردانەوەیان نیشان دا. هاوکات کاردانەوە و دەربڕینی خۆشحاڵی دادخوازان و لێدوانی دژ بە ڕژیم، لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پڕ کرد. گەوهەر عیشقی، دایکی ستار بەهەشتی، به دانانی شێعرێکی حافز لە ئاکاونتەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی. دایکی “ئاراش فروزەندە جەماڵی” لە هەژماری بەکارهێنەری خۆی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تیایدا شیرینی دابەش دەکرد. ناوبراو ڕوو لە جگەرگۆشە گیانبەختکردووەکەی نووسی: “ڕۆژی لەدایک بوونت پیرۆز بێت ڕۆڵە ئازیزەکەم. دەزانم کە لە هەر شوێنێک لەگەڵمانی و ئاگات لێمانە. هەناسەی دایە، دڵنیام کە ڕۆژانی خۆش و مژدەبەخشی ئازادی دێت. ناوت بۆ هەمیشە زیندووە، یادی لەدایکبوونت پیرۆزە، لەدایکبوونێکی کە هاوکات بووە لەگەڵ هەواڵێکی خۆش.

ئەندامانی ئەنجومەنی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی گەشتی پی، ئێس ٧٥٢ی ئۆکراین لە بەیاننامەیەکدا نووسییان کە خوازیاری ئەوە بووین لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا دادگایی بکرێت و سزا بدرێت، ئێمە بۆ مەرگی ناوبراو بەداخەوە نین و بکوژانی مناڵانی ئێران، نە لەبیر دەکەین و نە لێیان خۆش دەبین. مەنسوورە بێهکیش یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکانی خاوەران کە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ لە کاتی کوشتاری زیندانیانی سیاسیدا، ٦ ئەندامی بنەماڵەکەی لەدەستداوە و لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بنەماڵەکەی یەکێک بووە لەو بنەماڵانەی کە بەردەوام جەختیان لەسەر لێپێچینەوە و دادگاییکردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، وەک یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ و بەشداربوو لە کوشتاری زیندانیانی سیاسیدا کردووەتەوە، ویدیۆیەکی لە سەما و دڵخۆشی خۆی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: لەناخی دڵەوە هاوبەشی شادی و خۆشی ئازادیخوازانی ئێران و ژنانی تێکۆشەر و سەرجەم بنەماڵە داغدار و دادخوازەکانم.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ئیبراهیم ڕەئیسی و شاندی یاوەری لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکدا، گرتەیەکی ویدیۆیی لە سەما و خۆشی “دایە ئەفسانە”، دایکی گیانبەختکردووی شۆڕشی ژینا، پژمان فاتحی، لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە، کە تیایدا دەست لەناو دەستی منداڵێک دەسرۆکەی سەرچۆپی بادەدا و هەڵدەپەڕێ. هاوکات لەگەڵ شادی و هەڵپەڕکێی هاووڵاتیان، زۆربەی ئەندامانی سنفە جۆراوجۆرەکان، لەکاتی بەڕێوەچوونی نمایشی ماتەمینی لە ناوەندە ئاینییەکان، بە کراوەیی هێشتنەوەی دوکانەکانیان، گرنگییان بە مەرگی ڕەئیسی و شاندەکەی یاوەری نەدا. هەندێک لە کەسایەتییە وەرزشییە ناسراوەکانی وەک خادم، سەبارەت بە دەربڕینی خۆشحاڵی خەڵک بەرامبەر بە هەواڵی مەرگی سەرۆککۆماری دەستنیشانکراوی خامنەیی و نەفرەت و بێزاری لەدژی ناوبراو، نووسی: “پێویستە مرۆڤ بەجۆرێک بژی کە لەپاش مەرگی خەڵک بە باشی یادی لێ بکەن”. محەممەدڕەزا فوغانی ناوبژیوانی تۆپی پێ، لەم بابەتەوە نووسیویەتی: چیت کردووە کە مردنەکەت ئەوەندە شیرینە؟ لە نێو سەرۆککۆمارەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا، ڕەئیسی بێ کەڵک ترین و گوێڕایەڵترین کەس بوو. بەم هۆیەوە، مردنەکەشی هەم لەلایەن جەماوەرێکی زۆر لە خەڵکەوە گرنگی پێنەدرا و هەم لە نێو ڕانتخۆرە گەندەڵ و تاڵانچیە خاوەن دەسەڵاتەکانی نیزامدا. بەڵام مردنەکەی مانایەکی ڕەمزی هەیە. ناوبراو گەمژەیەکی سیاسی بوو کە هەر لە تەمەنی بیست ساڵییەوە، وەک گوێڕایەڵێکی موتڵەق، پرۆسەی پەرەپێدان و خێراتر کردنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی هەزاران کەسی لە ئەستۆ گرت، کە بەردەوام یەکێک لە پایەکانی مانەوەی ڕژیمی ئیسلامی بووە و هەیە.

مەرگی ئەم هێمای جینایەتە، قەیرانەکانی ناو ڕیزەکانی سپای پاسداران، بەیتی خامنەیی و بناژۆخوازانی سەرلێشێواو، قووڵتر دەکاتەوە. ئەم بەباتە دەرفەتێکی نوێ بۆ بزووتنەوە مەدەنی، سنفی و کۆمەڵایەتییەکان دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی پرسی خۆ ڕێکخستن و بەڕێکخراوبوون، بەهێزتر لە ڕابردوو بەرەوپێش ببەن.

شکستەکانی دەسەڵات لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات، هەڵوەرین و داڕمانی پێگەی پشتیوانییەکەی و کڕنووش بردنی دەسەڵات لە بەرامبەر زلهێزە دەرەکییەکاندا، ڕۆژ بە ڕۆژ ئیمکانی پێشڕەوی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و پێکهاتنی ئاڵترناتیڤی جەماوەری لە خوارەوە بەهێزتر دەکات. خۆشحاڵی جەماوەری خەباتکار و ناڕەزای، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە ئاماژەی پێکرا، مانایەکی قووڵ و سیاسی هەیە. ئەوان بە دەربڕینی شادی، نەفرەت و بێزاری قووڵی خۆیان لە کۆماری ئیسلامی و شەخسی خامنەیی و هەروەها ئیرادەی خۆیان بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژیمی جەهل و جینایەتە دووپات کردەوە. لەسەر ئەم بەستێنە، پێویستە لەسەر پێویستی یەکگرتوویی و یەکڕیزی هەرچی زیاتری بزووتنەوە ئازادیخواز و یەکسانیخواز و عەداڵەتخوازەکان، جەخت بکرێتەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی ٢ هاوڵاتی لەلایەن هێزەکانی ئەمنیەوە

چ مه 22 , 2024
ئەمیر فەقێ و سەلاح سوڵتانی ٢ هاوڵاتی خەڵکی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ئەمنی ئەم شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گوازرانەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی چوارشەمە ٢ جۆزەردانی ١٤٠٣، سەلاح سوڵتانی خەڵکی گوندی «سەرۆکانی» و ئەمیر فەقێ خەڵکی گوندی «خورەنج» سەربە شاری پیرانشار ، لەلایەن هێزەکانی ئەمنی ئەم شارەوە دەستبەسەر […]

You May Like