
ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، ویدئۆیەک سەبارەت بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ژمارەیەک لە هێزەکانی “یەکەی تایبەتی فەراجا” بڵاوکرایەوە. ناڕازییان لە بەردەم ستافی سەرەکی فەراجا کۆبوونەوە و وتیان کە ٢٣ ساڵ لەمەوبەر پارەیان داوە بۆ ئەوەی خانوویان پێبدرێت، بەڵام تائێستا هیچ خەبەرێک لە پێدانی خانوو نییە و هیچ کەسیش لەم بابەتەوە وەڵام دەرەوە نییە. هێزی یەکەی تایبەت وەک بێبەزینترین و بەدناوترین هێزی سەرکوتی ڕژیمی ئیسلامی، ساڵی ١٣٧٠ هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان و خەباتی جەماوەریی پێکهات. ئەم یەکەیە ساڵی ١٣٩١، خاوەنی ٦٠ هەزار هێزی ئامادە بە خزمەت بوو. لەوە بەدواوە، هیچ ئامارێک سەبارەت بە ژمارەیان لەبەردەستدا نییە. ساڵی ١٤٠١ و لە کاتی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”، یەکەی تایبەتی ژنانیش لەو پۆلیسە ژنانەی کە لە ساڵی ١٣٧٨ەوە هاتبوونە ناو ڕیزی پۆلیسەوە، پێکهات و هاوشێوەی پۆلیسە پیاوەکان، ڕووبەڕووی جەماوەری خەباتکار بوونەوە.
ئەندامانی ئەم هێزە، کە بە وتەی یەکێک لە فەرماندەکان لە ساڵی ١٤٠٢دا، لەوپەڕی بەخشندەیی و دڵاواڵەیی بەرپرسانی ڕژیم بەهرەمەند بوون، بەشێکن لە هێزەکانی پۆلیس کە بە هەموو ئامێر و کەرەستەیەکی سەرکوت تەیارکراون و ئیزنی تەقەکردن و کوشتنی جەماوەری ناڕازیشیان پێدراوە. پۆلیسە پیاوەکان هەر لە سەرەتای پێکهاتنی ئەو هێزەوە و پۆلیسە ژنەکانیش لە کاتی ئاخێزی ژیناوە، بە دڕندانەترین شێوە ڕووبەڕووی ناڕازییان، خەباتکاران و شۆڕشگێڕان بوونەتەوە. لەمڕووەوە لەلایەن فەرماندەکانی ئەمیەکەیەوە بەردەوام وەک هێزێکی بەتوانا و لێهاتوو، ئەرکەکانیان بەرز نرخێندراوە و لەلایەن جەماوەری خەڵکیشەوە وەک هێزێکی وەحشی و بەدناوو سەرەڕۆ و سەرکوتگەر ناویان لێ دەبرێت. لە نێو ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی کە ئەم هێزە سەرکوتگەرە تێیدا ڕۆڵیان هەبووە، دیارترینیان بریتین لە هێرش بۆ سەر بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ و بۆ سەر ناڕازییان، خەباتکاران و شۆڕشگێڕانی ساڵەکانی ٩٦ و ٩٨ و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا. فەرماندەکانی ئەم هێزە سەرکوتگەرە لە نێو ئەو ئەفسەرە پلە بەرزانەی پۆلیس هەڵبژێردراون کە جگە لە دڕندەیی و سروشتی دژە مرۆڤ بوونیان، لەباری پرۆپاگەندەی درۆ و چەواشەکاری و شێواندنی ڕاستییەکانیشەوە خزمەتی گەورەیان بە ڕژیم کردووە. بە کورتی، ئەم هێزە بەدناو و گەندەڵە، هاوشانی هێزە سەرکوتگەرەکانی تر، ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە مانەوەی ڕژیمی ئیسلامی.
پۆلیس و یەکە تایبەتەکانی، هاوشێوەی سپای پاسداران، کارتێلێکی ئابوورییە. پۆلیس ساڵی ١٣٧٢ و لەگەڵ دامەزراندنی “بنیادی تەعاونی ناجا”، بە فەرمی ئیزنی بازرگانیکردنی پێدرا، تا وێڕای بەهرەمەند بوون لە بودجەی گشتی، ڕانت و گەلێک خراپ بەکارهێنانی دارایی، سەرچاوەیەکی دیکەی داهات بێت بۆیان. چالاکییە ئابوورییەکانی ئەم کارتێلە لە سەردەمی فەرماندەیی قاڵیباف دا گەیشتە ئاستێکی بەرچاو. گرنگترین بابەتێکی کە لەکاتی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٩٦ دا ئاشکرا بوو، بریتیبوو لە وەرگرتنی ڕێژەیەکی زۆر بەرتیل لەلایەن فەرماندەکانی پۆلیس و بەتایبەتی خودی قاڵیباف، فەرماندەی ئەوکاتی پۆلیس، یەکێک بوو لە قاچاخچییە گەورەکانی ماددەی هۆشبەر. لە سەردەمی فەرماندەیی ئەحمەدی موقەدەم، کارتێلی ناجا چووە قۆناغێکی نوێوە. ئیتر بەرتیل وەرگرتن لە قاچاخچی ماددە هۆشبەرەکان و دەم شیرینی ئۆتۆمبێلە سیفر کیلۆمەترەکانی پۆلیس، شتێکی ئاسایی بوو. لەگەڵ دەستپێکردنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەدژی بەرنامەی ناوەکی ڕژیمی ئیسلامی، پۆلیس چووە ناو بازرگانی نەوتەوە. بنیادی تەعاونی ناجا وەک یەکێک لە پێنج کۆمپانیا سەرەکییەکانی وڵات ناودەبرێت. کۆمپانیایەکی کە لە شیرکەتەکانی بەرهەمهێنانی ساردەمەنییەوە بگرە تا شیرکەتە گەورەکانی بیناسازی و نەوت تێیدا چالاکن. بۆ نموونە، ساڵی ١٣٨٨، ئەم کۆمپانیا زەبەلاحە زیاتر لە ٨٠٪ی پشکەکانی ئەو شیرکەتە دەریاییەی کە یەکێکە لە سێ شیرکەتە سەرەکییەکانی دروستکردنی سەکۆی نەوت و بەندەرەکانی، کڕی. فەرماندەکانی یەکەی تایبەت و تا ڕادەیەکیش کەسانی ژێر فەرمانی ئەوان، بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاخێزی ١٣٨٨، پشک و ڕۆڵی جینایەتکارانەیان گەورەتر بۆوە.
تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بۆ ناو بەشێک لەم هێزانە، نیشانەی دەرکەوتنی ئاستێکى نوێترە لە کەلێنی نێوان هێزەکانی ڕژیم، کەلێنێکی کە تا دێت قووڵتر دەبێتەوە. لە ڕوانگەی بزووتنەوەی جەماوەرییەوە، قووڵتر بوونەوەی هەرچی زیاتری کەلێنێکی لەوشێوەیە لە نێو هێزە چەکدار و ئەمنییەکاندا، هەم نیشانەی گوشاری قورسی بزووتنەوەی جەماوەرییە بۆ سەر پایەکانی ڕژیم و هەم دەتوانێت ڕێگای بەرەو پێشچوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریش خۆشتر بکات.
بە واتایەکی تر، ئاوا بارودۆخێک لە هەلومەرجی شەڕی بەشێنەیی و هەنگاو بە هەنگاوی خەڵک لەگەڵ ڕژیم و پشتبەستنێکی بنەڕەتی بە تاکتیکی خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری، داواکاری تەوەر و نافەرمانی مەدەنی، دەتوانێت ئیمکانی گەشەکردن و پەرەسەندنی بزووتنەوەی جەماوەریی زۆر زیاتر بکات.