موحسین و حسێن گردشی، دوو برای خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکران و بۆ گرتووخانەیەک لە ورمێ گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی سێشەممە ١٥ ڕەزبەری ١٤٠٤، موحسین گردشی و حسێن گردشی، دوو برای خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکران و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی لە ورمێ گواسترانەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ڕژیم بەبێ بڕیاری دادوەر هێرشیان کردە سەر شوێنی کاری حسێن گردشی لە شەقامێکی بۆکان و ناوبراویان دەستبەسەرکرد. دواتر هێرشیان کردە سەر ماڵی بنەماڵەی ناوبراو، بۆ پشکنینی ماڵەکەی و سووکایەتی بە ئەندامانی بنەماڵەکەی، دەستیان بەسەر ژمارەیەک کەرەستەی تایبەتی ناوبراودا گرتووە.
هاوکات، هێزەکانی ڕژیم هێرشیان کردە سەر موحسین گردشی، برای حسێن گردشی و بەبێ بڕیاری دادوەر ناوبراویان دەستبەسەرکردووە.
ئەم دوو برایە پێشتر لە بەفرانباری ١٣٩٩، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرابوون. لەو کاتەدا، موحسین گردشی پاش چەندین ڕۆژ ئازادکرا و حسێن گردشی ڕۆژی شەممە ٢٥ ڕێبەندانی ١٣٩٩، پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەیان لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپا لە ورمێ بۆ زیندانیی ناوەندی ئەم شارە گواسترانەوە و لە ١٨ ڕەشەممەی ١٣٩٩ بە کەفالەت ئازادکرابوون.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی دژی ئەم دوو هاوڵاتییە نادیارە.