محەممەد ڕەزا قەیتەرانی، هاوڵاتی شاری مهاباد پاش بانگهێشتکرانی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی مهاباد، دەستگیر کرا و بۆ بەسەربردنی سزای ٦ مانگ بەندکردن بۆ گرتووخانەی شاری مهاباد گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ محەممەد ڕەزا قەیتەرانی، هاوڵاتی ٢٢ ساڵانی خەڵکی شاری مهاباد پاش بانگهێشتکرانی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی مهاباد، دەستگیر کرا و بۆ بەسەربردنی سزای ٦ مانگ بەندی تەعزیری بۆ گرتووخانەی ناوەندی مهاباد گواسترایەوە.
بەپێی بڕیارێک کە پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر دۆستی دەرکراوە و ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٣ بە محەممەد ڕەزا قەیتەرانی ڕاگەیەندراوە، بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی دژبەری ڕژیم» بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ئەو ڕۆژانەی لە دەستبەسەریدا ماوەتەوە سزا درابوو. ناوبراو لە ٢١ی پوشپەڕی ١٤٠٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە مهاباد دەستگیر کرا. ناوبراو لە ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٣ بە دانانی بارمتە بە شێوەی لە گرتووخانەی مهاباد ئازاد کرابوو. محەممەد ڕەزا قەیتەرانی، ٢٢ ساڵان کوڕی جەلال و خەڵکی مهاباد پێشتر لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەریەکانی ساڵی ١٤٠١ دەستگیر کرابوو.