لە تەلارسازی بۆ کۆڵبەری

نووسەر؛ گفتوگۆی ڕۆمان میرەکی، میدیاکار لەگەڵ یوسف ڕەشیدی، تەلارساز و کۆڵبەری خەڵکی پاوە

ڕۆمان؛ بۆچی گەنجان کۆڵبەری دەکەن یان پێویستیان بە کۆڵبەری هەیە؟

یوسف؛ زۆرینەی گەنجەکانمان کۆڵبەری دەکەن بۆ ئەوەی ژیانیان هەبێت بەداخەوە ژیانێکی ئەوتۆیان نییە هەر ڕۆژ لەناو بێبەختی و بێچارەیی و سەختی دەژین بۆ ئەوە کۆڵبەری دەکەن کە هەمیشە گیرفانیان پڕبێت کە ئەمڕۆ بەداخەوە کۆڵێک دێنن بۆ سبەی پارەکەی تەواو دەبێت چونکە لە ئێراندا ژیان زۆر گرانە هەرگیز ناگەیت بە هیچ شتێک. گەنجی ئەم سەردەمە هەیە ١٢ ساڵە یان ١٥ ساڵە، خوشکەزای خۆم وازی لە خوێندن هێناوە چونکە دۆخی ژیانی زۆر سەخت بووە و ناچار بووە کۆڵبەری بکات کە شایەنی هیچ مرۆڤێک نییە. خۆم ٢٠ ساڵم بوو کاتێک دەستمکرد بە کۆڵبەری. من بەکالۆریۆسم لە ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی هەمەدان بەدەستهێناوە بەڵام بۆ ئەوەی ئارامی و داهاتووی خۆم دروستبکەم، زانیم لە ئێران خوێندن هیچ بایەخ و گرنگی نییە ناچار بووم دەستمکرد بە کۆڵبەری. کۆڵبەریش چەند ساڵە کار و ڕەنج دەدەم هیچم نەبووە بە هیچ. بۆ ئەوەی لەلای هاوڕێکانم هەژار نەبم. گەنجەکانمان ئەوانەی کە بێبەخت و بێچارەن، بۆ ئەوەی هەمیشە لە خۆشی و شادیدابن ناچارن کۆڵبەری و سەختی و بێچارەیی و شەونخوونی و دەربەدەری بەرگە بگرن بۆ ئەوەی هەمیشە گیرفانیان پڕبێت و پێویستیان بە کەس نەبێت. گەنجی ئەم سەردەمە هەمووی کۆڵبەری دەکات هیچیان خۆشی و شادی و وەرزشیان بەخۆوە نەدیوە. بەداخەوە بۆ گەنجەکانی ئەمڕۆمان لەکاتێکدا گەنجەکانی ڕابردوو دڵخۆش و تەندروست بوون. گەنجمان هەیە هەموو شەوێک کۆڵبەری دەکات خەونی ئەوەیە ترۆمبێل یان ماتۆڕێک بکڕێت کە هەمیشە لە خۆشیدابێت بەڵام بەداخەوە کۆڵبەری دیاردەیەکە ڕۆژ هەیە گەنج بە تەقینەوەی مین قاچی لەدەستدەدات یان دەکوژرێت. بەداخەوە ئێستا ژیان لە ئێران زۆر سەختە هەموومان ئارامی و داهاتوو و گەنجیمان لەدەستداوە، خۆم ئێستا ٢٧ ساڵم هەر لە منداڵییەوە تا ئێستا خەریکی کار بووم و تا ئێستا گەنجێتیم بەچاوی خۆم نەبینیوە. ئەوانەی کە چوون بۆ ئەوروپا و کۆچیان کردووە زۆرینەیان گەنج بوون و کۆڵبەریان کردووە، وە کاتێک کۆڵبەری کارێک نەبووە کە داهاتووی خۆیان لەڕێگەیەوە لە ئێران بەدەستبێنن ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ وڵاتانی ئەوروپا، خۆت دەزانی ئێمە لەناو بەدبەختی ژیاوین ئێستا من گەنجێتی خۆم لەدەستداوە، بەڵام خەونم ئەوەبووە کە ڕۆژێک بگەم بە خۆشی ژیان بەڵام هەرگیز نەگەیشتم وە بەهۆی کۆڵبەریەوە قاچم ئازاری هەیە و ناتوانم زۆر جوڵەی پێبکەم کە ئەمەش داهاتووی کۆڵبەریە. کۆڵبەری کاری مرۆڤ نییە بەڵام چی بکەین کاتێک دەزانین ڕێگەی دیکەمان نییە، خۆم کۆڵم هەڵگرتووە بیرم کردۆتەوە گوتومە خواگیان بۆ ئەم کار و سەختییە بکەم، هەروەها گوتومە من خوێندومە و خاوەنی بڕوانامەم ئاخر کەی ئەمە کاری منە، ژیانمان سەختی و بەدبەختی و بێچارەییە.

ڕۆمان؛ ئایا کۆڵبەری کارە؟

یوسف؛ کۆڵبەری کار نییە تەنانەت کاری ئاژەڵیش نییە چونکە ئاژەڵیش مافی ئەوەی نییە کە ئاژەڵێکی بێتاوانە باری بکەیت و شتی پێهەڵبگریت، بۆ نموونە لە وڵاتانی ئەوروپا کاتێک ئاژەڵ دەبینن گرنگی پێ دەدەن و خۆشیاندەوێت و باری پێهەڵناگرن. دەمەوێت ئەوە بڵێم کۆڵبەری کاری هیچ مرۆڤێک نییە بەڵام ناچارین کاتێک ئەمڕۆ پارە پەیدا دەکەین بۆ سبەی تەواو دەبێت، لەبەرئەوەی گیرفانمان بەتاڵ نەبێت و بتوانین کۆڵبەری بکەین ئەوەندە بێبەختی و بێچارەیی دەبینین، ئەم ڕژێمە لەم نیشتیمانە کارێکی کردووە گشت گەنجەکان بەدبەخت و بێچارە بوون، خۆم دوای چەند ساڵ کۆڵبەری قاچ و کەمەرم ئازاری پێگەشتووە و هەرچی ڕەنج و هەوڵ دەدەم بێئەنجامە و بەدبەختییە.

ڕۆمان؛ مامەڵەی هێزەکانی ڕژێم لەگەڵ کۆڵبەران چۆنە؟

یوسف؛ من بێبەختی و بێچارەیی زۆرم کێشاوە، ڕۆژ هەبووە کۆڵبەریم کردووە بەڵام هاتوون بەدواماندا سووکایەتی و جنێو و هەزار قسەی ناشرینیان پێگوتین تەنانەت وەکو ئاژەڵ مامەڵەیان لەگەڵ دەکردین و سووکایەتیان پێدەکردین هەروەها بە بەرد هێرشیان دەکردە سەرمان و هەزار بەدبەختی و کارەسات بەسەرماندا هاتووە.

ڕۆمان؛ دۆخی ئێستات چۆنە؟

یوسف؛ من کێشەی پارەم هەیە هەزار بێبەختی و بێچارەیم بینیوە کەسم نییە گرنگیم پێبدات، من کۆڵبەر بووم پێش کۆڵبەریش بار و کەرەستەم هەڵگرتووە خۆڵ و خاشاکم کۆکردۆتەوە لەناو بەدبەختی و بێچارەییا ژیاوم. لە ٢ ساڵییەوە دایکم لەدەستدا دواتر لە ٨ ساڵیمدا باوکم کۆچی دوایی کرد ژیانم بێ باوک و دایک بەسەربرد، بەدبەختی و ڕەنجم کێشاوە. سەختییەک من بینیومە هیچ کەسێک نەیبینیوە لە ژیانیدا. هەروەها بێجگە لە کۆڵبەری، سووتبەری کردووە هەزار بێبەختی و بێچارەییم بینیوە کە هیچ ئەنجامێکم نەبووە. تەنانەت کەس دەنگی من نابیستێت و هیچ کەسێک تەماشام ناکات و پرسیارم لێ ناکات بڵێ کێشەت چییە، برا و خوشکم نییە تا گرنگیم پێبدەن بێکەسم و هیچ کەس لام بۆناکاتەوە. لەم ئێرانە دۆزەخە ماومەتەوە، گەنجی و خۆشیم نەبینی لە ژیان خەونم ئەوەیە ڕزگارم بێت چونکە گیرم خواردووە نازانم چی بکەم”. ”ئێستا تەمەنم ٢٧ ساڵە و لەدایکبووی ١٩٩٧، لە ساڵی ٢٠١٨ تا ئێستا نزیکەی ٦ ساڵە کۆڵبەری دەکەم. ئەو کاتەی من کۆڵبەریم کردووە بەهۆی خراپی باری دارایی بووە کە داهاتووم نەبووە و لە بێکەسیدا گەورەبووم. خۆم بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی هەمەدان بەدەستهێناوە لە کاتی خوێندندا زیرەک بووم بەڵام بەهۆی کێشەی داراییەوە بۆ ئەوەی بگەمە داهاتوویەکی باشتر ناچار بووم کۆڵبەری بکەم. بەڕاستی کۆڵبەری سەختە هەرچەندە داهاتم دەستدەکەوێت یەکسەر تەواو دەبێت لەم ژیانە سەختەی لە ئێران هەمانە لە هیچ شوێنێکی دیکە ژیان بەمجۆرە نییە، بەڕاستی لەو کاتەی کۆڵبەری دەکەم سەختی زۆرم بینیوە، خۆم کەمەر و قاچم ئازاری دێت چونکە زۆر شتم هەڵگرتووە، دیمەنی زۆرم بینیوە بە تایبەت وەکو ئەو کۆڵبەرانەی کوژران یان ئەو کۆڵبەرانەی بە چەکی ساچمەیی برینداربوون و و گولللەی ساچمەیی لە جەستەیاندا ماوەتەوە، ئەم حاڵەتانە بەچاوی خۆم بینیوە و چی بەسەر کۆڵبەراندا هاتووە. خۆم دەزانم منداڵی ١٢ ساڵە یان پیاوی ٦٥ ساڵە کۆڵبەریان کردووە چونکە ژیانمان لە ئێران زۆر سەختە، هیچ ئەنجامێکمان نییە و گەنجان هەمووی بێکار و بێبەختن.

رومان میرەکی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

بانە؛ برینداربوونی منداڵێکی کۆڵبەری تەمەن ١٤ ساڵ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

ج فوریه 2 , 2024
منداڵێکی کۆڵبەری تەمەن ١٤ ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری هەنگەژاڵ-بانە بریندار بوو. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، منداڵێکی کۆڵبەر لە هێڵی سنووریی هەنگەژاڵی بانە بریندار بووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی ئەم منداڵە کۆڵبەرە”ماردین ئەمینی”، […]

You May Like