سەقز؛ لێدان و ئەشکەنجەی مەحموود ساڵحی، لەلایەن هێزەکانی لیباس شەخسی لە ڕۆژی جیهانی کرێکار

مەحموود ساڵحی، لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری، لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لەلایەن هێزەکانی لیباس شەخسی لە شاری سەقز لێدان و ئەشکەنجە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەمڕۆ پێنجشەمە ١١ی گوڵانی ١٤٠٤، لە ڕۆژی جیهانی کرێکاردا، مەحموود ساڵحی، لە چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری لە کوردستان و ئێران، لە شەقامی ئەحمەد کازمی، لە نزیک ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی شاری سەقز، هێرشی کرایە سەر و لێدان و ئەشکەنجە کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی لیباس شەخسی مەحموود ساڵحییان لە کاتی تێپەڕین لەم شەقامەدا و بە بیانووی ئامادەبوونی لەم شوێنەدا، هێرشیان کردووەتە سەری. پاش ڕووداوەکە، تیمی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دۆخی مەحموود ساڵحییان چارەسەرکرد.

شایانی باسە مەحموود ساڵحی، ساڵی ڕابردوو نەشتەرگەری پێوەندکردنی ڕەگی دەستکردی کردبوو و لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی دەستبەسەریکردنە دووبارەکان و دۆخی سەختی زیندان و بێبەشبوونی لە دەرمان و پزیشک تووشی چەندین کێشەی تەندروستی بووە.

هێرشکردنە سەر مەحموود ساڵحی لە کاتێکدا ئەنجامدراوە کە بەپێی پرۆسەیەکی دووبارەی ئەم ساڵانەی دوایی، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکی مانگی مەی، فشارە ئەمنییەکان و هێرشکردنە سەر چالاکە کرێکارییەکان زیادی کردووە.

مەحموود ساڵحی، لە سەردەمی گەیشتنە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا، نزیکەی ١٩ جار بە تۆمەتە جیاوازەکان دەستبەسەر کراوە و بە گشتی ٨ ساڵ لە زیندانەکانی ڕژیم بەسەر بردووە.

ئەم چالاکەی کرێکاری، لە ماوەی دەستبەسەری نایاساییدا لە ساڵی ١٣٧٧ لە سلوولەکانی تاکەکەسی ئیتلاعات لە شاری سەقز تووشی سەرمابردوویی سەخت بووە و بەهۆی مانگرتنی لە خواردن بۆ ناڕەزایەتی بەم کردارە نایاساییانە، گورچیلەکانی زیانی جددییان پێگەیشت و پاش ماوەیەک گورچیلەکانی تووشی خوێنبەربوون بوو و چارەسەریی دیالیزی وەرگرت.

بەڵام پاش دەستبەسەری دووبارەی لە ٨ی گوڵانی ١٣٩٤، سەرەڕای هۆشداری دووبارەی بە لێکۆڵەران و لێپرسراوی دۆسیەکەی لەبارەی خراپبوونی دۆخی تەندروستی گورچیلەکانی ناوبراو، لە دەرمانەکانی بێبەشکرا. بێبەشکرانی لە دەرمانەکانی هۆکار بوو کە هەمان شەو، هەردوو گورچیلەکەی لەدەستبدات. مەحموود ساڵحی لەو کاتەوە تا ئێستا، دوو ڕۆژ لە هەفتەدا و هەر جارێک بۆ ماوەی چوار کاتژمێر همودیالیز دەکات.

«کۆنفدراسیۆنی فەڕەنسی دیموکراتیکی کار» (س ف د ت)، «کۆنفدراسیۆنی گشتی کار» (س ژ ت )، «فدراسیۆنی سەندیکایی یەکگرتوو – فەرهەنگیان» (ف س و)، «یەکێتی سەندیکایی بۆ هاوپشتی» (سۆلیدر) و «یەکێتی میللی سەندیکا سەربەخۆکان» (ئۆنسا) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش بۆ دەرچوونی بڕیاری زیندانیکردن بۆ «مەحموود ساڵحی» و «عوسمان ئیسماعیلی» ڕێبەران و کەسایەتییە ناسراوەکانی بزووتنەوەی کرێکاری ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای ئازادی ئەوانیان لە زیندانی شاری سەقز کردووە.

هەروەها لە بەردەوامی فشارەکان بۆ چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری، «عوسمان ئیسماعیلی» بەهۆی ڕێگریکردنی بەرپرسان لە چارەسەری دەرمان بێبەش کرابوو. بەیانی ڕۆژی هەینی ١ی پووشپەڕی ١٤٠٣، بەهۆی سەختی نەخۆشی فتق، لە کلینیکی نەشتەرگەری کوردستان لە شاری مەهاباد خەوێندرا و نەشتەرگەری بۆکرا. بەپێی گوتەی پزیشکی چارەسەری ئەم چالاکەی کرێکاری، نەشتەرگەری ناوبراو سەرکەوتوو بووە، بەڵام بۆ باشتربوونی تەواوەتی و دۆخی گشتی تەندروستی ناوبراو، دەبێت بۆ ماوەی دوو هەفتە لە فەزایەکی خاوێن، ئارام و دوور لە گرژی پشووبدات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە عوسمان ئیسماعیلی، سەرەڕای نەخۆشی فتق، تووشی تەنگبوونەوەی کاناڵی بڕبڕەی پشت بووە و بەپێی گوتەی پزیشکی پسپۆڕ «پزیشکی یاسایی شاری سنە» دەبێت نەشتەرگەری بۆ بکرێت. پاش ڕازیبوونی بەرپرسانی پێوەندیدار بە مەرەخەسی چارەسەری عوسمان ئیسماعیلی، لە پێنجی جۆزەردانی ١٤٠٣، ئەم چالاکە کرێکارییە بەناوبانگە بەهۆی کێشەی دڵ و خوێنبەر لە ڕۆژی یەکشەمە ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣، لە «نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە» نەشتەرگەری ئەنژیۆپلاستی بۆکرا.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ئازەربایجانی ڕۆژئاوا؛ ناڕوونی چارەنووسی شەش ساڵەی ٢٨ هەزار کرێکار لە چاوەڕوانی بیمە

پ مه 1 , 2025
٢٨ هەزار کرێکار لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لەنێویاندا دە هەزار کەس لە شاری ورمێ، زیاتر لە شەش ساڵە لە چاوەڕوانی دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتیدان. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز بە وەرگرتنی لە ئایلنا، لە پووشپەڕی ١٤٠٢، تەنیا ٥٠٠ سەهمیەی بیمە بۆ کرێکارانی شاری ورمێ دابین کرابوو بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی کرێکاران، ئەم سەهمیە […]

You May Like