لێکەوتە کارەساتبارەکانی قەیرانی ئاو لە ئێران

ڕێژەی بارانبارین بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە هەمان وەرزدا، گەلێک کەمتر بووەتەوە و قەیرانی وشکەساڵی و کەمبوونی ئاو لە ساڵی داهاتوودا مەترسییە بۆسەر ئێران. چاوخشاندنێک بەو زانیاریانەی کە ئەم ڕۆژانە لە ڕۆژنامەکانی ناوخۆی وڵاتدا بڵاو دەکرێنەوە، نیشاندەری ئاستی ئەو کارەساتەیە کە چاوەڕوان دەکرێت. لە پارێزگای تاران، بڕی بارانبارین لەچاو ساڵی ڕابردوو ٢٥٪ کەمتر بووە و بەنداوەکانی سەرچاوەی ئاوی تاران تەنها ٦٪ ئاویان تێدایە. ئەم ڕێژەیە نیشان دەریدەخات کە نەک هەر سەرچاوەکانی ئاو بۆ بەکارهێنانی ماڵان سنووردارتر دەبن، بەڵکوو دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازیش تووشی قەیران دەبێت. ئەمە تەنها بەنداوەکان نین کە ئاوەکەیان کەمی کردووە و تەنها پارێزگای تارانیش نییە کە لەگەڵ کەمبوونی مەترسیداری ئاو بەرەوڕوو بووەتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتی، لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران، ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە و دەشتەکانی وڵات لەگەڵ مەترسی ڕۆچوون بەرەوڕوون.

ئاشکرایە کە کەم ئاوی سەرجەم بوارەکانی ژیان دەخاتە ژێر کاریگەر خۆیەوە و ژیان لە زۆربەی خەڵکی ئێران، بەتایبەت کرێکاران و زەحمەتکێشانی شار و گوندەکان دژوارتر دەکات. ئاستی نزمی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە کشتوکاڵدا، ڕێگە نادات لەم بڕە ئاوە کەمەی کە هەیە، کەڵکی کاریگەرتر وەربگیرێت. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک هولەند بۆ بەرهەمهێنانی یەک کیلۆ تەماتە بە شێوەیەکی گشتی، ٤ لیتر ئاو بەکاردێت و ئەم ڕێژەیە لە ئێران دەگاتە ٤٠ لیتر. بەهۆی کەمبوونی ئاوەوە، بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی کەم دەبێتەوە. بە کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵیش نرخی بەروبوومە خۆراکییە سەرەتاییەکانی پێویستی خەڵک، کە هەر ئێستاش نرخەکەیان زۆر لەسەروەیە، بە خێرایی گرانتر دەبێت. کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی بە واتای کەمبوونەوەی داهاتی جووتیاران و پەرەسەندنی بێکاری لە ناوچە گوندنشینەکانە، کە کۆچکردن بۆ شارەکان لە زومرەی یەکەم ئاکامەکانی دەبێت. بەڵام شارەکانیش توانایی لەخۆگرتنی شەپۆلی کۆچیان نییە و بە ناچاری پەراوێزنشینی پەرە دەسێنێت. لە لایەکی ترەوە زۆربەی پیشەسازییەکان پشت بە بەکارهێنانی ئاو دەبەستن، بە کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، تێچووی بەرهەمهێنان زیاد دەکات و تەنانەت ژمارەیەک لە یەکە پیشەسازییەکان بەرەو داخران دەچن. بەم هۆیەوە کۆچبەرانیش لە شارەکان کاری کەمتریان دەست دەکەوێت و ڕێژەی بێکاری پەرە دەسێنێت. 

شارەزایەکی ئاو لەم بارەیەوە دەڵێت: «ئەگەر ئەو ڕەوتەی ئێستا بەردەوام بێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا، زۆربەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئێران، چیتر شیاوی بەکارهێنان نابن و وڵات پێویستی بە هاوردەکردنی خۆراکی زیاتر دەبێت. لەمڕووەوە دەتوانین بڵێین کە قەیرانی ئاو لە ئێران، ئاڵەنگارییەکی ڕیشەییە کە داهاتووی کشتوکاڵ و ئەمنیەتی خۆراک دەخاتە مەترسییەوە. کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و خراپ بەڕێوەبردن، بە گشتی بۆتە هۆی ئەوەی کە کشتوکاڵی ئێران لەگەڵ قەیرانێکی جیددی بەرەوڕوو بێتەوە.»

پێشبینی شارەزایان دەریدەخات کە ئێران لە هاوینی ساڵی ١٤٠٤دا یەکێک لە دژوارترین سەردەمەکانی کەم ئاویی خۆی ئەزموون دەکات. کاربەدەستانی ڕژێم سەبارەت بە کەمبوونی ئاو، دوو هۆکار دەخەنە ڕوو: یەکەم، کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین و دووەم، بەکارهێنانی زۆری ئاو لە کاری کشتوکاڵدا. هەڵبەت هەردوو حاڵەتەکە ڕاستن، بەڵام تەنها بەشێکن لە ڕاستییەکان. ئەوان گرنگترین هۆکاری کەمبوونەوەی ئاو کە بریتییە لە گەندەڵی ڕیشەیی و جێگیر لە ئۆرگانەکانی ڕژێمدا بە تەواوی لەبیر دەکەن. سەبارەت بە هۆکاری یەکەم دەبێت بپرسین کە کێ بە نەزانکاری و قازانج پەرستی، وایکردووە کە کەمبوونی بارانبارین، ئێران بەم شێوەیە لەگەڵ مەترسی کەمئاوی لەڕادەبەدەر بەرەوڕوو بکاتەوە؟ یەکێک لەو هۆکارانە، بریتییە لە دەرهێنانی بێ سنووری ئاوی ژێر زەویی کە تەنانەت بە بارانبارینیش قەرەبوو نەکراوەتەوە. 

به پێی ئامارەکانی حکوومەت، نزیکەی یه‌ک ملیۆن بیر له ئێران بوونیان هه‌یه‌ که ٧٥٨ هەزار بیریان له سەردەمی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هەڵکەنراون. له نێویاندا زیاتر له ٢٠٠ هەزار بیری بێ مۆڵەت هەیە که زۆربەیان بۆ باخ و ویلا گەشتیارییە تایبەتییەکانی سەرمایەداران لە گۆشە و کەناری ئێران بەکار دەهێنرێن. سیاسەتی گشتی و درێژماوەی خۆبژێوی کشتوکاڵی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاکامە لاوەکییەکان و هۆکارە پەیوەندیدارەکانی، نەزانکاری و پڕۆژە کارناسی نەکراوەکان، مافیای پیشەسازی و ڕانتخۆریی سپای پاسداران و گەندەڵی جێگیر لە دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا، سەرجەم دەستیان داوەتە دەستی یەکتر و زیانێکی لە قەرەبوونەهاتوویان بە سەرچاوە سروشتییەکانی ئاو گەیاندووە و هاوسەنگی ئیکۆلۆژی و هەماهەنگی توخمە سروشتییەکانی تێکداوە.

ئەو چەند نموونەی خوارەوە هەندێک لە ڕاستییەکان لەم بابەتەوە ڕوون دەکاتەوە: گەورەترین کارخانە پیشەسازییە ئاوبەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان نەک لە کەنارەکانی دەریای باشوور، بەڵکوو لە بەرزاییەکانی ناوەڕاست و لە بیاباندا دروست کردووە و بە ئاوی گواستراوەی کارون، پەرەیان پێداوە. بەنداوی گەتوەند لە باشووری ئێران جگە لە تێچوویەکی زۆر بۆ دروستکردنی، ملیۆنان مەتری سێجا خوێی شاخەکانی ناوچەی ئاوگری بەنداوەکەی لە خۆیدا تواندەوە و هەزاران هێکتار لە بەپیتترین زەوییە کشتوکاڵییەکانی پشت بەنداوەکەی، کردووە بە شۆرەکات. بەپێی دانپێدانانی سەرچاوە حکوومییەکان ٣٠٪ی ئاو لە ڕێڕەوی بۆری شارەکاندا، بە کردەوە لەناودەچێت و هیچ هەوڵێک بۆ چاککردنی بۆرییەکان نادرێت.

واقیعییەت ئەوەیە کە تا ئەو کاتەی ڕژێمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی لەسەر کارە و نان، کار، شوێنی نیشتەجێبوون و ئازادی و ژینگەی خەڵکی بە بارمتە گرتووە، ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم جۆرە کێشانەی کە بەرۆکی بە زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران گرتووە، بەدیناکرێت. ئەو دام و دەزگا ئیدارییە گەندەڵەی کە ئەم ڕژێمە لە داوێنی خۆیدا پەروەردەی کردووە، ناتوانێت بەرەنگاری کارەساتە سروشتییەکان لەوانە وشکەساڵی و چارەسەرکردنی ڕیشەیی و پێکهاتەیی کەمبوونی ئاو بێتەوە. بۆ ئەم ڕژێمە کاری لە پێشینە، بەردەوام بریتی بووە لە سەرکوتی خەباتی دادپەروەرانە و ئازادیخوازانەی جەماوەر و دەستبەسەر و زیندانی کردنی نەیارەکانی. ئەم ڕژێمە وەڵامی هیچ داخوازییەک بەبێ ئەوەی لە لایەن خەڵکەوە هەست بە مەترسییەکی جیددی بکات، ناداتەوە. ئێران لەسەر دەریایەک لە سامانی سروشتی هەڵکەوتووە. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بکەوێتە دەستی خاوەنە ڕاستەقینە و بەتواناکانی، واتە کرێکاران و ئەو شۆڕایانەی کە بە ئیرادەی ئازادانەی جەماوەر هەڵدەبژێرێن، لە وەها وڵاتێکی خاوەن سەروەت و سامانی زۆر و زەوەند و هێزێکی کاری لێهاتوو و داهێنەرانەی بێ پایان، بێگومان ئەو کێشانەی کە ژیانی ئەمڕۆی زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکی بەم شێوەیە وێرانکردووە، چارەسەر دەبن.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

نەغەدە؛ ئازادی سلێمان چوپانی بە دانانی بارمتە لە زیندانی شاری نەغەدە

ی مارس 16 , 2025
سلێمان چوپانی «سامان»، هاوڵاتی شاری پیرانشار، بە دانانی بارمتە لە زیندانی شاری نەغەدە ئازادکرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەمە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، سلێمان چوپانی، هاوڵاتی شاری پیرانشار ئازادکرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئازادی سلێمان چوپانی بە دانانی بارمتەی ٣ ملیارد تمەن لە زیندانی شاری نەغەدە ئەنجامدراوە. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتەکانی «ئەندامێتی […]

You May Like