ئەحمەد حەسەن زادە، باوکی گیانبەختکردوو محەمەد حەسەن زادە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی بۆکان دووبارە دەستبەسەرکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ئەمڕۆ یەکشەمە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ لە دووەمین ساڵیادی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، ئەحمەد حەسەن زادە، باوکی گیانبەختکردوو محەمەد حەسەن زادە لە ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی ١٤٠١ی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی بۆکان لەبەرامبەر ماڵەکەی دەستبەسەرکرا. دەگوترێت کاتژمێرێک پاش دەستبەسەری ناوبراو و ڕاگەیاندنی هەواڵی دەستبەسەری بە بنەماڵەکەی، مۆبایلی ناوبراو داخراوە و زانیاری لە شوێنی مانەوەی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
شایانی باسە ئەحمەد حەسەن زادە، لەگەڵ کچەکەی سۆڵماز حەسەن زادە لە سێشەمە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بە توندوتیژی لەماڵەکەی دەستبەسەرکرا و پاش ڕۆژێک بەبارمتەی کاتی ٤ ملیار تمەن ئازاد کرابوو. سۆڵماز حەسەن زادە خوشکی گیانبەختکردوو محەمەد حەسەن زادە، هێشتا دەستبەسەرە و لە بەندی ژنانی گرتوخانەی ورمێ بەندکراوە. ئەحمەد حەسەن زادە و سۆڵماز حەسەن زادە، ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی بۆکان دەستبەسەرکرابوون. محەمەد حەسەن زادە لە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە شۆڕشی ژینا لە بۆکان، بە گوللەی هێزەکانی سەرکوتکەری ڕژیم کوژرا.