بەپێی ڕاگەیەندراوی فێربوون و پەروەردە، دوازدە هەزار و ٥٠٠ خوێندکار لە پارێزگای کوردستان وازیان لە خوێندن هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز بە وەرگرتنی لە هێرانا، دوازدە هەزار و ٥٠٠ خوێندکار لە پارێزگای کوردستان وازیان لە خوێندن هێناوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، نزیکەی دوو هەزار خوێندکار لە قۆناغی ناوەندی یەکەم، دە هەزار و ٤٠٠ خوێندکار لە قۆناغی ناوەندی دووەم و ئەوانی دیکە لە قۆناغی سەرەتایی دیاری کراون.
حەجەتوڵڵا موسەوی، جێگری پەروەردەی ناوەندی پەروەردە و فێربوونی پارێزگای کوردستان بە ئاماژەدان بە کەمیی ئیمکاناتی پەروەردەیی لەم پارێزگایەدا، گوتی: هۆکاری وازهێنان لە خوێندنی خوێندکاران تەنیا ئیمکاناتی پەروەردەیی نییە. هۆکارەکانی وەکو هاوسەرگیری کچان و هۆکاری کلتووری لە نێو بەشێک لە بنەماڵەکان، لەمبارەیەوە کاریگەری هەیە. هەروەها هۆکارەکانی ئابووری، نەبوونی پاڵنەر لە بابەتی کار و بێکاری کاریگەری هەیە و کۆچکردنیش لەم بارەوە هۆکارێکی دیکەیە.
وازهێنانی منداڵان لە خوێندن، بە تایبەت لە ناوچە بێ ئیمتیازەکان، یەکێکە لە ڕێگرییە جدییەکان لە بواری پەروەردە و فێربوونی منداڵ لە ئێران. بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی چالاکانیی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ساڵی ١٤٠٣، لانیکەم سێ ملیۆن خوێندکار لە ئێران وازیان لە خوێندن هێناوە.