
ڕۆژی هەینی ٢٠ی مانگی ژوئێن ڕۆژی جیهانی پەنابەرانە. کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی ٢٠٠٠ بڕیاریدا کە لە پەنجاهەمین ساڵی” کۆنوانسیۆنی ١٩٥١ ی ژنێودا سەبارەت بە مافی پەنابەران“، لە ساڵی ٢٠٠١ ئەم ڕۆژە وەک” ڕۆژی جیهانی پەنابەران“، ڕابگەیەنێت.
کۆنوانسیۆنی ژنێو کە چاوەدێرە بەسەر مافی پەنابەراندا سەنەدێکی حقوقیە کە لە لایەن ١٤٤ دەوڵەتەوە واژۆ کراوە. ئەم سەنەدە پەنابەری پێناسە کردووە و مافی پەنابەران و هەروەها تەعەهوداتی دەوڵەتەکانی بۆ پارێزگاری کردن لێیان دەربڕیوە. بەپێی ئەم تاریف و پێناسەیە پەنابەر بە کەسێک دەڵێن کە بەهۆی ترس لە هێرش بۆسەر ژیانی، بەدوادا چوونی مەزهەبی، سیاسی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، شەڕ و کارەساتی سروشتی لە ماڵ و شوێنی خۆی ڕاوەدوو نراوە. بنەمای ئەم کۆنوانسیۆنە لەسەر ئەم خاڵە ڕۆنراوە کە پەنابەر نابێ بگێڕدرێتەوە بۆ وڵاتی یەکەم کە ژیانی یان ئازادی ئەوی تێدا لەمەترسیدایە.
بەڵام سەرەڕای وەها پەسندکراوێک سەرانی وڵاتانی پێشکەوتووی رۆژئاوایی بەردەوام و بە شێوەی ڕیاکارانە لە ڕێژەی ئەو ئاوارانەی کە لە وڵاتەکانیاندا بە شوێن وەرگرتنی پەنابەریدا دەگەڕێن، هاواریانە و یاسی دەژی پەنابەری پەسند دەکەن. ئەوان سەبەکاری سەرەکی وێرانی و کارەساتی ئاوارەیی، لەشوێنە جۆراو جۆرەکانی دنیادان. ئەوانن کە پەرە بە مسابەقەی تەسلیحاتی ئەدەن و لە پاڵ ئەم سیاسەتەدا، بە ملیارد دۆلار چەک بەو حکومەتانە دەفرۆشن کە بەزۆر خۆیان بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا سەپاندووە. لە ئامریکا دەژی ئینسانی ترین یاساکان سەبارەت بە پەنابەران دەخرێتە دەستوری کارەوە. دەوڵەتی ئوسترالیا پەنابەران لە زیندانەکانی دوورگە دوور دەستەکان و لە دژی ئینسانی ترین بارودۆخدا ڕادەگرێت. لەپاڵ وڵاتانی پیشەسازی و گەشەکردوودا، پاشایەتی عەرەبستان و ئەمیرانی دەسەڵاتدار لە وڵاتانی کەنداوی فارسیش کەمترین پەنابەر دەهێڵن بچنە وڵاتەکانیانەوە. دەروازەکانی ئەم وڵاتانە تەنیا بەڕووی خاوەنانی سەروەت و سەرمایە و هێزی کاری هەرزانی کرێکارانی کۆچبەری ئاسیاییدا، کە لە بارودۆخی کۆیلە ئاسای ئەو وڵاتانەدا کاردەکەن کراوەیە. لە ئێران پەنابەرانی ئەفغانستانی لە کەمترین مافی ئینسانی بەهرەمەند نین و لەگەڵ چەوساندنەوەی وەحشیانەی هێزی کاریاندا لەگەڵ دژی ئینسانی ترین هەڵاواردن و سوکایەتی پێکردن بەرەوڕوون. یەکێتی ئوروپا بۆ بەرگرتن لەچوونی پەنابەران کۆمەڵێک” ڕێگا چارەی” گرتۆتەبەر کە یەک لەیەک دژی ئینسانی ترن.
یەکەم، گێرانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکانیان. زیاتر لە ٩٠ لەسەدی پەنابەران لە شوێنە سەرلێدراوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئافریقاوە دێن. ئەوان لە وڵاتەکانی خۆشیاندا ئاوارە و بێ ماڵن. گێڕانەوەیان واتە سەرلەنوێ کردنیان بە گەڕووی مەرگدا. ئایا وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری و لەوانە دەوڵەتانی ئوروپایی دەتوانن بەرپرسیاریەتی خۆیان لە بەرانبەر بەرپا کردنی سەرە ڕاستەکان و یان نیانەتیەکان لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایە لەوانە لە ڕۆژهەڵات و ئافریقا کە هۆکاری ئەم ئاوارە بوونانەن حاشا لێبکەن؟ چەوسێنەرانی ئوروپایی تا توانیان سەروەتی سروشتی ئافریقایان بە تاڵانبرد و کاتێک کە بەجێیان هێشت، لەدوای خۆیان بەدەیان خەساری ئازاردەری کۆمەڵایەتی و ناکۆکی قەبیلەیی و قەومیی و مەزهەبییان بەجێهێشت. تا توانییان لە چەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزانی ئەوان لە وڵاتانی ئوروپاییدا سەروەتیان سەریەک نا، بەڵام دەوڵەتانی ئەمڕۆیان کە لەسەر سەروەت و دەسەڵاتی چەوسێنەرانی دەورەی ڕابردوو پاڵیانداوەتەوە، لە بەرابەر بارودۆخێکی فەلاکەتباردا کە بەسەر ژیانی ئەم خەڵکەیاندا داسەپاندووە، هیچ بەرپرسیاریەتیەک هەڵناگرن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هێشتاش لێشاوی سەروەتەکانی خەڵکی ئەو قارەیە بەرەو ئوروپا دەچێت. ئەگەر تەنانەت قەبوڵیشی بکەن کە پەنابەرانی ئافریقایی لە دەست هەژاری و فەلاکەتی ئابووری ڕادەکەن و بەشوێن کار و ژیانێکی باشترەوەن، دیسانیش پرسیار ئەوەیە کە کێ ئافریقای تاڵان کرد و بە دواکەوتویی هێشتیەوە و لەداوی برسیەتی و نەخۆشیدا وێڵی کرد؟ ئەیا ئەوان ئێستاش هەر درێژە بەتاڵان و بەهرەبەری خۆیان لەم قارە هەمیشە برسییە نادەن؟
دووهەم، توند بوونەوەی سیاسەتە دژی پەنابەریەکان لە وڵاتانی ئوروپایی. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە پەسند کرانی بەردەوامی یاسای دژی پەنابەری لە ئوروپا تەنیا داوێنگیری پەنابەران نابێت. ئەم یاسا و سیاسەتانە لە عەینی حاڵدا ئەو وڵاتانەن لەباری ئەخلاقیەوە بەرەو دواوە دەگەڕێنێتەوە. ئەم ئاڕاستە گرتنە ڕێگا بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی ئەحزابی دەستە ڕاستی تر خۆش دەکات. بە دەسەڵات گەیشتنی ئەم حیزبانە بە واتای ئەوەیە کە لەهەنگاوەکانی دواتردا هێرش دەکرێتەسەر هەموو ئەو دەستکەوتە ئینسانیانەی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی کە بە درێژایی ساڵانێک خەباتی چینی کرێکار بەسەر دەوڵەتەکاندا سەپاوە. ئەم هێرشانەش ئێستا دەستی پێکردوە.
زۆربەی خەڵک لە وڵاتانی ئوروپایی و بەر لە هەموان چینی کرێکاری ئەم وڵاتانە، دەبنە قوربانیانی دواتری ئەم سیاسەتانە. دەوڵەتانی ئوروپایی ئەگەر لە بەرەو پێش بردنی ئەم سیاسەتانەدا سەرکەوتووبن، ئینسانیەت لە خودی ئەو وڵاتانەدا دەبێتە قوربانی.
سێهەم، داخستنی سنورەکان و بەرتەسک کردنەوەی عەمەلیاتی ڕزگارکردنی دەریایی بەو هۆکارەی کە ئەم خزمەتگوزاری و یارمەتیدانە دەبێتە هۆی هاندانی زیاتری پەنابەرانی تازە. یەکێتی ئوروپا بەپێی قەرارێکی تەوافوق لەسەر کراو و ڕەسمی بڕیاری داوە کە عەمەلیاتی ڕزگار کردن بەرتەسک بکاتەوە. سەبارەت بە دژی ئینسانی و جەنایەتکارانە بوونی ئەم دەلیلە و ئەم سیاسەتە گومانێک نییە. ناوگانی دەریایی و ئاسمانی ئوروپای تەیار بە پێشکەوتووترین تێکنولۆژی ئەم سەردەمە، چۆن ناتوانێ کۆنتڕۆڵی بست بە بستی دەریای مەدیتەرانە بکات. ئەوان دەتوانن هەموو بەلەمێک لەوشوێنەوە کە وەڕێ دەکەوێ تا گەیشتن بە مەقسەد بە وردی چاودێری بکەن و بەر لەوەی کە ئەو بەلەمانە بکەونە مەترسی نوقم بوونەوە، بچن بە هانایانەوە. بەڵام ئەوان ئاگاهانە ئەم تواناییە بۆ ڕزگارکردنی گیانی پەنابەران بەکارناهێنن.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان هەر ئێستا نزیک بە ٤ ملیۆن پەنابەر بوونی هەیە کە لە چاوەڕوانی گەیشتن بە داخوازی پەنابەرییاندا بەسەر دەبەن. دەبێ بە پشت بەستن بە هێزی خەباتی پێشڕەو و ئینساندۆستانە لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری دا، دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی ناچار بکرێن تا ڕێز لە مافی ئاوارەکان و پەنابەران بگرن. پێویستە خەبات بۆ دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی بۆ هەموو کەسێک وەک ئینسان بە مافێکی جیهانیەوە، و وەک شارۆمەندێکی جیهانی و لەوانە بەهرەمەند بوون لە مافی نیشتەجێ بوون لە هەر شوێنێک لە دنیادا کە خۆی دەیەوێ، پەرە پێبدرێت.