خەون و ئاواتە بەدی نەهاتووەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا

ڕۆژنامەی “ڕووداوی ئەمڕۆ” چاپی تاران لە ژمارەی ڕۆژی سێشەممەی خۆیدا وتاری ئابووریناس و مامۆستایەکی زانکۆی بڵاوکردۆتەوە کە خاڵی سەرنجڕاکێش و گرنگی تێدایە. ئەم مامۆستایە لە کۆتاییەکانی وتارەکەیدا پرسیارێکی وروژاندووە بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت، بۆخۆی لە وەڵام بەم پرسیارەدا هیچ ناڵێت. با بەکورتی پێداچوونەوەیەک بە قسەکانیدا بکەین: چل ساڵ لەمەوبەر، کاتێک پێم نایە بواری زانستی ئابوورییەوە، هەر لە ساڵەکانی یەکەمەوە کۆمەڵێک خەون و خولیام لە سەردابوو کە هەرگیز بەجێیان نەهێشتم، واتە هیچکات بەدی نەهاتن، لە ڕێگای شکڵگرتن و گۆڕانکاری خەونەکانم، گەشەسەندوویی ئێران لە بواری گاز لەگەڵ قەتەر، لە بواری نەوتدا لەگەڵ عەرەبستان، لە بواری گەشتیاری و پیشەسازی لەگەڵ تورکیا و لە بابەت پێگەی جوغرافیایی دەگمەنەوە لەگەڵ ئیمارات، وەک وڵاتانێکی کە هەریەکەیان تەنیا یەک بەرهەمیان هەیە، بەراورد و هەڵسەنگاندنم بۆ دەکردن. بێ گومان هاتنی بەڕادەی لانیکەم نیوەی ئەو گەشتیارانەی کە دەچنە تورکیا بۆ ئێران، بەراوردێکی خەیاڵی نییە. گەیشتن بە هەڵاوسانی ٣ لەسەد و ڕێژەیەکی بێکاریی نزیک لەوە و گەشەی ئابووری زیاتر لە پێنج سەد، بە ئاواتێکی خەیاڵی نەدەزانرا. لە ئابوورییەکی وادا، هەژاری و بێکاری لە وڵاتدا نەدەما و بێمانا دەبوو؛ ئیتر منداڵێک ناچار نەبوو ناو زبڵ و خاشاک بگەڕێ؛ هیچ لاوێک کۆڵبەری نەدەکرد؛ هیچ مامۆستایەکی ماندوویی نەناس و تێکۆشەر، مسافیرکێشی نەدەکرد و هیچ خانمێکی زەحمەتکێش، لەژێر گوشاری هەژاریدا پەنای نەدەبردە بەر کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەکەی. لەو خەونە شیرینەدا، باشترین زانکۆکانی جیهان هاوکارییەکی نزیکیان لەگەڵ زانکۆ باشەکانی ئێمە دەکرد و گەنج و لاوەکانمان کە لە ناوەندەکانی توێژینەوە و پەرەپێدان ڕاهێنراون، دەیانتوانی زیرەکیی (هۆش)ی دەستکرد ببەنە ناو پیشەسازیی پێترۆشیمی و ئۆتۆمبێل و پیشەسازییەکانی تر. ئێمە دەمانتوانی لە سنووری تەکنەلۆژیادا، بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر بین.

دەمانتوانی یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی پیشەسازی و خزمەتگوزاری بین لە ناوچەکەدا و کەم ئاویی کۆنتڕۆڵ بکەین. ژنانی گەنج و خوێندەواری ئێمە دەیانتوانی لەبری تەحەمولی نرخی بێکاریی زیاتر لە پەنجا لەسەد، لە کارگە و ناوەندە خزمەتگوزارییە پێشکەوتووەکاندا کار بکەن و گەلێک خۆزیا و خەون و خەیاڵی تر. بەڵام بەڕاستی چی ڕوویداوە کە ئێمە بەم شێوەیە نین؟ کاتێک چاوەکانم دەکەمەوە و سەیری دەوروبەرم دەکەم، خەم و دڵتەنگی دامدەگرێت. ئاخر چۆن دەکرێت وڵاتێکی ئاوا دەوڵەمەند، ئەوەندە هەژار بێت؟ ئایا جێی باوەڕە، وڵاتێکی کە لە ڕووی گازەوە پلەی دووەم و لە ڕووی نەوتیشەوە پلەی چوارەمی هەبێت، نەک هەر هیچ جێگایەکی لە دابینکردنی وزەی جیهانیدا نەبێت، بەڵکوو تەنانەت لە ئاست دابینکردنی وزەی پێویست بۆ ناوخۆش، تووشی داماویی و سەرلێشێواوی بووە؟ چۆن دەتوانرێت ئەوە قبوڵ بکرێت، وڵاتێک کە خاوەنی بڕە سەرچاوەیەکی وەها گەورە بێت، دەوڵەتەکەی کورتهێنانی بودجەی درێژخایەن و بەردەوام ڕوو زیادبوونی هەبێت و ئاست و کوالێتی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەم ڕادەیە لەخوارەوە بێت؟

وەڵامی ئەم پرسیارە لە ڕوانگەی زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێرانەوە ڕوونە. لە ئێران ڕژێمێک دەسەڵاتدارە کە پێکهاتووە لە تاقمێک دز و تاڵانچی کە سەروەت و سامانی وڵات بە تاڵان دەبەن و ژیانێکی ئەفسانەیییان بۆ خۆیان و ئاغازادەکانیان لە ئێران و لە وڵاتە پێشکەوتووە سەرمایەدارییەکان دابین کردووە و هەروەها ڕێبەرانێکی تینووی دەسەڵات، کۆنەپەرست و جینایەتکار لەسەر کارن کە لەپێناو خزمەت بە پاراستنی دەسەڵاتە ناڕەواکەیاندا هیچ سنوورێک ناناسن و لە هەمان کاتدا لە دواکەوتوویی و وەهمەکانی بەشێکی بچووک لە کۆمەڵگاش بۆ مانەوەی خۆیان کەڵک وەردەگرن. کارناسانی ئابووریی ڕژیم هەوڵ دەدەن قەیران و شپرزەیی ئابووری ئێران بخەنە ئەستۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی، بەڵام هیچ کەس نییە ئەوە نەزانێت کە سەرەڕای بوونی گەمارۆکان، ساڵانە بە سەدان ملیارد دۆلار تەنیا لە ڕێگەی داهاتی نەوتەوە دەڕژێتە گیرفانی ئەم ڕژیمەوە. لە هەمان کاتدا ڕێگەی هاوردەکردنی تەکنەلۆژیای سەربازی پێشکەوتوو ئەڵبەت ڕەنگە بە تێچوویەکی کەمێک گرانتر، بەردەوام کراوە بووە. هەروەها دروستکردنی قەیران و دەستوەردان لە ململانێ ناوچەییەکانیش هەم لە خزمەت بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی و هەم بە پەرەپێدان بە پێشبڕکێی چەک و چۆڵ لە ناوچەکەدا، ڕەزامەندی زلهێزەکانی بەدەستهێناوە و ئەم سات و سەودا ناڕەوایەش بە نۆرەی خۆی خزمەتێکی زۆری بە مانەوەی ڕژیم کردووە. تا ئەو کاتەی کە ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بێت، نان، کار، شوێنی نیشتەجێبوون و ئازادی خەڵک بە بارمتە دەگرێت و خەون و خولیاکانی ئەم مامۆستایەی زانکۆش، لە وەهمێک زیاتر نابێت.

ئەو دام و دەزگا ئیدارییە گەندەڵەی کە ئەم دەسەڵاتە لە داوێنی خۆیدا پەروەردەی کردووە، تەنانەت توانایی دەستەبەرکردنی ئەو پڕۆژە ئابوورییانەشی نییە کە مەبەستی خودی ڕژیمە، چ بگات بە جێبەجێکردنی تەرح و پلانەکانی پەیوەست بە گەشەسەندنی ئابووری. ئەم ڕژیمە کە پێوەندییەکانی خۆی لە ڕێگای سەرکوتی دڕندانە و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام و سەپاندنی کۆنەپەرستانەترین یاسا و ڕێسایکانەوە لەگەڵ زۆرینەی خەڵکی ئێران بەناو ڕێکخستووە، نیگەرانە لەوەی کە ئاخێزی جەماوەر دەرفەتی جێبەجێکردنی هەنگاو بە هەنگاو و بە شێنەیی سیاسەتێکی لەو شێوەیەی پێ نەدات. ڕژیم ترسی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو جەماوەرەی لێ نیشتووە کە تەنیا ساڵێک لەمەوبەر لە شۆڕشی ژنان، ژیان، ئازادی،دا لە لێواری هەڵدێر نزیکیان کردەوە. لەمڕووەوە جورئەتی ئەوەی نییە کە بچێتە ناو پڕۆژەی درێژخایەن بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری و ئەوەی پێ باشترە کە جارێ، هەروا ئەمڕۆوە بۆ سبەی وڵات بەڕێوەببات، بۆ ئەوەی کە ئەگەر بەخت یاوەری بێت، بەم شێوەیە بتوانێت چەند زەمنێکی تریش درێژە بە تەمەنی خۆی بدات.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بانە؛ کوژرانی کۆڵبەرێک بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

س فوریه 27 , 2024
“جەعفەر فەرەجی” کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووریی بانە کوژرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووریی بانە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ کۆڵبەرێکیان کوشت. ئەم کۆڵبەرە کوژراوە ناوی: “جەعفەر فەرەجی” خەڵکی شاری سەقزە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، […]

You May Like