بانگەوازێک بۆ ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی سیاسی لە ئێران

لە سەرەتای شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ەوە، شەپۆلێکی نوێی سەرکوت و دەستبەسەرکردنی بەربڵاو لە سەرانسەری وڵات دەستی پێکردووە. لە سایەی شەڕ و کەشی ئەمنیدا، حکوومەت هەوڵ دەدات هەر دەنگێکی ناڕازی کپ بکات و بەر لە هەر شتێک، زیندانیانی سیاسی و خۆپیشاندەرانی کردووەتە ئامانج. ئەمڕۆ داکۆکیکردن لە گیانی ئەم زیندانیانە ئەرکێکی بەپەلە و هەنووکەییە بۆ هەموومان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی ٥٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ۳٦٤٦ کەس لە شارە جیاجیاکان دەستبەسەر کراون. لە بارودۆخێکدا کە بەهۆی پچڕانی درێژماوەی ئینتەرنێت و شاردنەوەی زانیارییەکان، لەوانەیە ئاماری ڕاستەقینە زۆر لەوە زیاتر بێت. تەنیا دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ١٨ی خاکەلێوەوە، لانیکەم ۷٦۷ کەسی دیکە دەستبەسەر کراون. لە نێوان دەستبەسەرکراوەکاندا، لانیکەم ۱۱۱ چالاکی سیاسی، مەدەنی، سەندیکایی، خوێندکاری، ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و کەسایەتییە ناسراوەکان هەن، ئەو کەسایەتییانەی کە زۆربەیان بوونەتە هێمای خۆڕاگریی مەدەنی و خەبات لەدژی سزای سێدارە و سەرکوت.
وەزارەتی ئیتلاعات، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، هێزی ئینتزامی و پۆلیسی پسپۆڕ لەوانە پۆلیسی ئیتلاعات و ئەمنییەت و پۆلیسی فەتا، بڕبڕەی پشتی ئەم سەرکوتە نوێیەن. لە زۆر حاڵەتدا، داواکارییە گشتییەکان و ناوەندە دادوەرییەکانیش ڕاستەوخۆ دەوریان هەبووە لە داڕشتنی پلان و هەماهەنگیی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا. تۆمەتە فەرمییەکان تا ڕادەیەکی زۆر بۆ هەمووان وەک یەکە: سیخوڕی، پەیوەندی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان، ناردنی وێنە و شوێنی بنکە هەستیارەکان، هەوڵدان لەدژی ئاسایشی نەتەوەیی، هاوکاری لەگەڵ بێگانە و گەلێک ناو و ناتۆرەی قورسی وەک محارب و هتد… ئەو تۆمەتانەی کە بەپێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی دەتوانن ببنە هۆی دەرچوونی حوکمی سێدارە.
فەرماندەی هێزی ئینتزامی، ئەحمەدڕەزا ڕادان، لە بەرنامەیەکی تەلەوزیزیۆنیدا بە شانازییەوە باسی لە دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ۲۷۰۰ کەس کردووە. بە وتەی ناوبراو، زیاتر لە ۹۰۰ کەس بەهۆی شێواندنی بیروڕای گشتی لە دنیای مەجازیدا، زیاتر لە ٤٠٠ کەس بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی بەرکەوتنی مووشەکەکان و گواستنەوەی زانیاری و هەروەها زیاتر لە ٢٠٠ کەس بەهۆی بەکارهێنانی ستارلینک و ئامێرە تەکنیکییەکان بۆ تێپەڕبوون لە فیلتەرینگ، دەستبەسەر کراون. ئەم دانپێدانانە فەرمییە بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە تاوانی سەرەکیی زۆرێک لەم هاووڵاتییانە، گەیاندنی زانیاری سەربەخۆ و بەکارهێنانی مافی ئازادیی ڕادەربڕینە.
زۆرێک لە دەستبەسەرکراوان لە زیندانەکان، گرتووخانە نهێنییەکان و ناوەندە نافەرمییەکانی ژێر چاودێریی دامەزراوە ئەمنییەکاندا ڕاگیراون. بنەماڵەکان لە شوێنی ڕاگرتنی ئازیزانیان، دۆخی جەستەیی و دەروونییان و تەنانەت جۆری تۆمەت و ڕەوتی دۆسیەکانیان بێئاگان. پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەر، نەبوونی دەرفەتی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، بێبەشکردن لە چاودێریی پزیشکی و دانپێدانانی زۆرەملێی تەلەویزیۆنی، نیگەرانییەکی جدییان لەسەر چارەنووسی زیندانیانی سیاسی دروست کردووە.
هێرشی دڕندانەی ٩ی خاکەلێوە بۆ سەر بەندی زیندانیانی سیاسیی یەکەی ٤ی زیندانی قزڵحەسار، نموونەیەکی ئاشکرای ئەم سیاسەتی کۆمەڵکوژییە بێدەنگەیە. دەیان کەس لە هێزە سەرکوتگەرەکان بە سەرکردایەتیی ئەشکان کەماڵی، حەسەن قوبادی و قاسم سەحرایی، نیوەشەو هێرشیان کردە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و بە لێدان و ئەزییەت و ئازاری توند، هەموویان لە بەندەکە هێنایە دەرەوە و ڕەوانەی ژووری تاکە کەسییان کردن. شەش کەس لە زیندانیان کە سەرجەمیان هەڵسووڕاوی کەمپەینی “نا بۆ سێدارە” بوون و لەلایەن دادوەر ئەفشارییەوە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، هەر ئەو شەوە لە بێدەنگییەکی تەواودا و بەبێ تەواوکردنی ڕەوتی دادگاییکردن و بەبێ دوایین دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیان، لە سێدارە دران. ئەمە تەنیا نموونەیەکە لە تۆڵەسەندنەوەی حکوومەت لە زیندانیانی سیاسی. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە مانگی خاکەلێوەدا لانیکەم ١٤ زیندانی سیاسی لەسێدارە دراون.
کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە” و شێوازەکانی دیکەی خەباتی مەدەنی لە ناوخۆدا، بەوپەڕی بوێرییەوە لە بەرامبەر ئەم ئامێری کوشتارەدا ڕاوەستاون. ئەوان داوا لە هەموو ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان دەکەن کە بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەو کەسانەی سزای سێدارەدانیان لەسەر، هەنگاوی بەپەلە، جدی و کاریگەر بنێن.
لە دەرەوەی وڵات، چالاکییە ناڕەزایەتییەکان دەتوانن و دەبێ دەورێکی یەکلاکەرەوە بگێڕن.

بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی بەردەوام لە بەردەم باڵیۆزخانەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، کەمپەینی میدیایی بەرفراوان، کۆکردنەوەی واژۆ و کەمپەینی جیهانی، بەڵەگەمەندکردنی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی دەستبەسەرکراوان و هاوکاریی نزیک لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هەموو ئەمانە ئامرازگەلێکن کە دەتوانن تێچووی سیاسیی سێدارە و ئەشکەنجە بۆ کۆماری ئیسلامی بەرز بکەنەوە. داواکاریی دیاریکراوی ناردنی لێژنەی ڕاستی‌دۆزی نێودەوڵەتی بۆ ناو زیندانەکان، هێنانەگۆڕێی دۆسیەکان لە ناوەندە جیهانییەکان و ڕاکێشانی پشتگیریی سەندیکا کرێکارییەکان، ئەکادیمییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە سەرانسەری جیهان، دەبێ ببێتە تەوەرەی سەرەکیی چالاکییەکانی دەرەوەی وڵات.
لە ناوخۆی وڵاتیش، سەرەڕای بوونی سەرکوتی توند، بەڵام هێشتا دەتوانرێت و دەبێت دەنگ بەرز بکرێتەوە. بانگەوازی ئێمە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخواز لە سەرانسەری ئێران ئەوەیە کە بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت، هەوڵ بدەن لەدژی حوکمی سێدارە و لەپێناو ئازادیی زیندانیانی سیاسی. بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و واژۆکردنی توماری ناڕەزایەتی، کۆبوونەوە لە بەردەم دامەزراوە حکومییەکان، بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی گیانبەختکردووان، کۆبوونەوە لە ماڵی سزادراوانی سێدارە و دانی دروشم لەدژی سێدارە و بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی، دەتوانن لە زومرەی ئەو هەوڵانە بن. ئەم شێوازانەی خۆڕاگریمان زۆر جار تاقی کردووەتەوە و ئەمڕۆ، لە بارودۆخی پەرەسەندنی سێدارەکان، پێویستە هەرچی زیاتر پەرەیان پێ بدەین و لێکیان هەڵپێکین. بەهێزکردنی یەکگرتوویی و کاری ڕێکخستن لە گەڕەکەکان، زانکۆکان و ناوەندەکانی کار و پتەوکردنی هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیان، لە زومرەی ئەو سەنگەرانەن کە حکوومەت لێیان دەترسێت.
ئێستا دەبێت ببینە دەنگ و زمانحاڵی ئەو زیندانییە سیاسییانەی کە لە پشت دیوارە بەرزەکانی زیندان دەنگیان کپکراوە. هەر کۆبوونەوەیەک، هەر بەیاننامەیەک، هەر چالاکییەک و هەر کەمپەینێکی جیهانی دەتوانێت لە پێناو ڕزگارکردنی گیانی مرۆڤێکی بێتاواندا کاریگەر بێت. دەرکردنی حوکمی سێدارە دەبێت دەستبەجێ ڕابگیرێت و سەرجەم زیندانیانی سیاسی دەبێت بێ شەرت مەرج ئازاد بکرێن. هاوپشتیی ئێمە، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، دەتوانێت و دەبێت ببێتە هێزێک کە ئەم داواکارییە بەسەر دەسەڵاتداراندا بسەپێنێت.

کۆڵبەرنیوز

بابەتی پەیوەندیدار