کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە لە ناوچەی سنووری بانە بەسەختی برینداربوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، شەوی پێنجشەممە ٤ی رێبەندانی ١٤٠٣، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە لە هێڵی سنووری “هەنگژاڵ”ی سەر بە شاری بانە بە کڵاشینکۆف لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە تەقەی لێکرا و «بڕبڕەی پشتی» بە سەختی بریندار بووە.
ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “جەماڵ عەزیزی”، تەمەن ٤٥ ساڵ، خەڵکی شاری بانە، بە کۆڵبەرنیوز ڕاگەیاندراوە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم کۆڵبەرە بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری سەقز گواستراوەتەوە.
بەپشتبەستن بە ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، بە کۆی گشتی ٣٤٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژرا و بریندار بوون. لەم ڕێژەیە ٥٩ کۆڵبەر واتە (١٧٪) کوژراو و ٢٨٦ کۆڵبەر واتە (٨٣٪) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ئەو ٣٤٥ کۆڵبەرەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراو و بریندار بوون، ٢٥٩ حاڵەت واتە (٧٥٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم ڕوویداوە. هەروەها لەم ژمارەیە ٢٢ کۆڵبەر واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەکێکیان بەهۆی سەرما و بەستەڵەکەوە گیانی لە دەستداوە.