کۆیلایەتی بە نەمانی سەرمایەداری، کۆتایی پێدێت

(یونسکۆ)، ڕێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیریی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ١٩٩٧ بیست و سێهەمین ڕۆژی مانگی ئاگۆستی وەک یادی بازرگانی کۆیلە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو دیاردەیە ناوزەد کرد. ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر لە ساڵی ١٩٤٩دا “ڕۆژی جیهانی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی“ی لەناو ساڵنامەی ئەو ڕێکخراوەیەدا تۆمار کردبوو و یونسکۆش بە دیاریکردنی ٢٣ی ئاگۆست، یادی قوربانیانی بەرز ڕاگرت. بازرگانی کۆیلە کە سەرەتا لە سەدەی پازدەهەمدا لەلایەن بریتانیای کۆلۆنیالیزمەوە لە بەشی زەریای ئەتڵەس دەستی پێکرد، بە خێرایی وڵاتانی ئووروپا و ئەمریکای گرتەوە، لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا خەڵک دەستیانکرد بە خەبات لە دژی کۆیلایەتی. ئەگەرچی ئەو سیستەمە نامرۆڤانەیە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا هەڵوەشایەوە، بەڵام بڕیارنامەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریخست کە کۆیلایەتی تا ئەو کاتە هەڵنەوەشابۆوە. هۆکارەکەی بریتی بوو لە بەفەرمی زیندووکردنەوەی کۆیلایەتی نەریتی لە ئەمریکای سەرمایەداریدا. تا نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم، کۆیلایەتی بە فەرمی، سەرچاوەی ئابووری ئەمریکا بوو. باشووری ئەمریکا بە بەشێکی گرنگ لە ئابووری ئەو وڵاتە و (هاووڵاتییە سپی پێستەکانیش) دادەنرا. لە شەش دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا لۆکەی خاو زیاتر لە نیوەی هەناردەی وڵاتی پێکدەهێنا، کە سەرجەم لەلایەن کۆیلەکانەوە بەرهەم دەهێنرا. بەڵام سەرمایەداری، هەتا ئێستاش کۆیلایەتی لە فۆڕمێکی نوێدا هێشتووەتەوە. هەندێک لەو فۆڕمانە بەشێوەی دیار و ئاشکرا بوون، وەک زیندووکردنەوەی کۆیلایەتی لە ئاڵمانی نازی. لە سەردەمی ئەو ڕژیمە فاشیستی و سەرمایەدارییەدا، بەرپرسانی حکوومەت بە فەرمی ملیۆنان یەهوودی، کۆمۆنیست، کۆچەر و دیلی شەڕیان ناچار کرد کە لە بری ئەو ١٣ ملیۆن کرێکارەی کە بۆ شەڕ کۆیان کردبوونەوە، کار بکەن. لە پاکستان و هیندستان منداڵ و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکان لەبری قەرز دەدران بە خاوەن قەرزەکان و ئەوانیش بە ئاشکرا قوربانییەکانیان بەکاردەهێنا و زۆرجار بۆ ئەوەی نەتوانن هەڵبێن، بە زنجیر دەیانبەستنەوە.
یەکێک لە منداڵە کۆیلەکانی پاکستان، ئێقباڵ مەسیحە. ئێقباڵ مەسیح ساڵی ١٩٨٣ لە شارۆچکەیەکی بازرگانی بەناوی مۆردیک لە نزیک لاهوور، لە بنەماڵەیەکی هەژاری مەسیحی لەدایک بووە. ناوبراو لە تەمەنی چوار ساڵیدا لەلایەن دایک و باوکییەوە، درا بە خاوەنی کارگەیەکی فەرش چنین، بۆ ئەوەی لە بری ٦٠٠ ڕوپیە قەرز کە لێیان وەرگرتبوو، کاری بۆ بکات. لە کارگەکەدا ئێقباڵ و باقی منداڵەکانی تر دەبوو چەندین کاتژمێر لە بارودۆخێکی دژواردا کار بکەن، لەکاتێکدا بە زنجیر بە داری تەونەکەوە بەسترابوونەوە. ئەو، کاتێک تێگەیشت کە قەرزی دایک و باوکی بەو زووانە نادرێتەوە، لە تەمەنی دە ساڵیدا زنجیرەکەی شکاند و لە کارگەکە هەڵات. ئێقباڵ خەباتێکی لێبڕاوانەی لە ناوخۆی پاکستان و دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە دژی خاوەن کۆیلە منداڵەکان، کە بە شێوەیەکی سەرەکی کۆیلەکانیان لە کارگەکانی فەرش چنین دا بەکاردەهێنا، دەستپێکرد و یارمەتی سێ هەزار منداڵی پاکستانی دا تا لە کۆیلایەتی ڕزگاریان بێت و لە زۆر شوێنی جیهان، دژی کاری منداڵان قسەی کرد. ناوبراو چەندین خەڵاتی مافی مرۆڤی بەدەستهێنا و ئیلهامبەخش بوو بۆ دامەزراندنی چەندین ناوەندی مافی منداڵان و هەروەها بووە هۆی داخرانی چەندین کارگەی فەرش چنین کە بە کاری منداڵانی کۆیلە، فەرشیان بەرهەم دەهێنا. ئێقباڵ سەرەنجام ساڵی ١٩٩٥ لە تەمەنی دوانزە ساڵیدا لە پاکستان لەلایەن خاوەن کۆیلەکانەوە تیرۆر کرا. دواتریش هەندێک لە گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی وەک داعش، بە پشتبەستن بە ئایەتەکانی قورئان، ژنیان وەک غەنیمەتی جەنگی بەدیل دەگرت و لە بازاڕدا دەیانفرۆشتن. هەروەها گرووپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکانی تر، جگە لە ژنان، پیاوانشیان بەدیل دەگرت و بە فەرمی لە بازاڕی کۆیلەی لیبی دا دەیانفرۆشتن.
بەڵام هاوکات کۆیلایەتی مۆدێرن بە شێوەی شاراوەتریش بوونی هەیە. بە گوێرەی پێناسەی ڕێکخراوی جیهانی کار و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، کۆیلایەتی مۆدێرن خۆی لە دیاردە گەلێکی وەک “کاری زۆرەملێ“، “هاوسەرگیری زۆرەملێ“، “کاری منداڵان“، “لەشفرۆشی” یان هەرچەشنە خزمەتێکی زۆرەملێی دیکە و هەروەها بازرگانیکردن بە مرۆڤدا
دەبینێتەوە. لەمڕووەوە بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “واک فری“، نزیکەی ٥٠ ملیۆن کۆیلەی مۆدێرن لە جیهاندا بوونیان هەیە. بەڵام هەندێک لە توێژەران دەڵێن، ملیۆنان منداڵ لە سەرانسەری جیهان لە ئەفریقا و ئاسیا لە شیرکەتە گەورە و بەناوبانگە نێودەوڵەتییەکاندا کار دەکەن، کە ئەوانیش بە کردەوە، کۆیلەن. لە کۆماری ئیسلامیدا بەپێی فەتوای هەندێک لە پیاوانی وەک میسباح یەزدی و شوێنکەوتووانی، هەروەک لە قورئاندا هاتووە و هەروەها بەگوێرەی نەریتی ئیسلامی، کۆیلایەتی ڕێگەپێدراوە. ئەم کۆیلایەتییە زیاتر لە کاری منداڵان و هاوسەرگیری منداڵان و هاوسەرگیری زۆرەملێ و لەشفرۆشیدا دەردەکەوێت. هاوکات کارکردن لەناو ماڵ و بنەماڵەشدا بە کردەوە لە شێوەی بە کۆیلەکردنی منداڵان و بە تایبەت منداڵانی کچدا، دیاردەیەکی باو و ئاساییە. نیزامی سەرمایەداری، سەرچاوە و هۆکاری مانەوەی کۆیلایەتی مۆدێرنە بە هەموو شێوازەکانییەوە. چەوساندنەوەی کاری کۆیلە نوێیەکان، بووەتە سەرچاوەی سەدان ملیارد دۆلار قازانج و هیچکام لە دەوڵەتەکان نەیتوانیوە، لە ڕێگەی یاساوە هەڵیبوەشێنێتەوە. هەربۆیە لە ڕووی لۆژیکی و شیکارییەوە دەتوانین بڵێین کە کۆیلایەتی مۆدێرن و تەقلیدی، تەنیا بە نەمانی سەرمایەداریی، بە شێوەیەکی بنەڕەتی کۆتایی پێدێت.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مهاباد؛ گواستنەوەی سلێمان سالک بۆ بەندکردنی لە گرتوخانە

ی آگوست 25 , 2024
سلێمان سالک، هاووڵاتی شاری مهاباد پاش ئامادەبوونی لە دادگای گشتی و شۆڕشی مهاباد دەستبەسەر و بۆ گرتوخانەی مهاباد گوازرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز شەمە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣، سلێمان سالک، دەستبەسەر و بۆ گرتوخانەی مهاباد گوازرایەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەستبەسەری سلێمان سالک پاش ڕۆشتنی بۆ دادگای گشتی و شۆڕشی مهاباد بۆ سزای […]

You May Like