سەبارەت بە پێویستی هەڵوەشاندنەوەی کاری منداڵان

کۆتا ڕۆژەکانی مانگی خەرمانان، ڕۆژنامەی ئارمانی میللی، بە بیانووی لێدان و ئەزیەت و ئازاری منداڵێکی کار و سەر شەقام لە یەکێک لە ناوەندەکانی ڕێکخراوی چاوەدێریی منداڵانی بێ سەرپەرشت، بابەتێکی بڵاوکردەوە، بەناونیشانی “سێبەری ڕەشی منداڵئازاری”. لە بەشێکی بابەتەکەدا باس لە بەسەرهاتی ئەو منداڵانە کراوە کە لە ناوەندێکی خێرخوازیی منداڵانی بێ سەرپەرشت بە هۆی تەڕکردنی جێگاکەیان، ئەزیەت و ئازار و بەناو تەمبێ کراون. لە شوێنێکی تردا منداڵێکی کار و سەرشەقام بە تۆمەتی هەڵاتنی لە یەکێک لە ناوەندەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، بە توندی ئەزیەت و ئازار دەدرێ و ویدیۆکەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکرێتەوە. لایەنە بەرپرسیارەکانی ئەو جۆرە منداڵانە، لەوانە داواکاری گشتی و پۆلیس و هتد، کۆبوونەوە و لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە کرد. ئەم لایەنە سەرکوتگەرانە، لەبری چارەسەرکردنی کێشەکە، منداڵەکەیان دەستبەسەر کرد و ناوەندەکەشیان داخست. ئەوان بە خەیاڵی خۆیان بە شێوەیەکی ڕیشەیی کێشەکەیان چارەسەر کردووە، چونکه دوای هەڵسوکەوتێکی لەو شێوەیە چیتر کەس ناوێرێت هەواڵی هیچ پێشێلکارییەک لەو ناوەندانەدا بڵاو بکاتەوە. بەڵام ئەوان بە کردەوە ئەو منداڵانەیان لەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەی ئەو ناوەندە، بێبەش کرد.

منداڵانی کار و سەرشەقام لە کۆماری ئیسلامیدا، لە زومرەی ستەملێکراوترین چین و توێژەکانی کۆمەڵگان. هیچ ڕێکخراوێک ئامارێکی دروستی سەبارەت بەو منداڵانە لەبەردەستدا نییە. بۆ نموونە بەپێی ئامارەکانی مەجلیس، لە نێوان سێ بۆ حەوت ملیۆن منداڵی کار لە وڵاتدا بوونیان هەیە کە بەشێکیان لەسەر شەقامەکان کاردەکەن. ناوەندی منداڵانی بێ سەرپەرشت، ساڵی ١٤٠١ ئامارێکی بڵاوکردەوە کە دەریخست ئەم ڕێکخراوەیە هیچ زانیارییەکی دروستی لەبارەی ئەو کارەساتەوە نییە و کارناسانی ئەو ناوەندە نووسییان کە نزیکەی ١٢٠ هەزار منداڵی کار لەسەر شەقامەکان کار دەکەن کە نزیکەی ١٠ هەزار و ٥٠٠ کەسیان لە خزمەتگوزارییەکانی ڕێکخراوی چاوەدێریی منداڵانی بێ سەرپەرشت بەهرەمەندن. خزمەتگوزارییەک کە نموونەکەیمان بەچاو بینی!. بەڵام هەندێک لە کارناسان پێیان وایە کە ١٥ لەسەدی دانیشتوانی ئێران لە ساڵی ١٤٠٠دا منداڵی کار و سەر شەقام بوون. پەنجا لە سەدیان منداڵانی کۆچبەران و بەتایبەت کۆچبەرانی ئەفغانستانی بوون و پەنجا لەسەدیشیان ئێرانی بوون. هەژدە لەسەدیان منداڵانی کاری بەلووچ بوون. لەم دواییانەدا ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە کرد کە یەک ملیۆن منداڵی تەمەنی خوێندن، بەهۆی هەژارییەوە لە چوون بۆ قوتابخانە بێبەش بوون و چوونەتە ڕیزی باقی منداڵانی کارەوە. بەشێکی زۆری منداڵانی کار لە کارگەکاندا کاردەکەن. خاوەنکاران ئاسانتر دەتوانن ئەو بەشە لە هێزی کار بچەوسێننەوە. ئەو خاوەنکارانە حەقدەستێکی زۆر کەم بە منداڵانی کار دەدەن و لە ناویشیاندا کچەکان کەمتر لە کوڕەکان حەقدەست وەردەگرن. خاوەنکاران جگە لە حەقدەستێکی کەم، حازر نین هیچ مافێکی تر و تەنانەت سەرەتاییترین مافەکانی وەک بیمەیان بۆ بەفەرمی بناسن. نەسرین هەزارە موقەدەم، لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی ٢٢ی خەرمانان لە هەواڵنێری کاری ئێران “ئیلنا”دا بڵاوی کردەوە، لە زاری چالاکێکی کرێکارییەوە، کە لە لێکۆڵینەوەیەکدا بۆی دەرکەوتووە، لە کۆی ١٥ هەزار کارگە لە بەشێکی تاراندا، تەنانەت یەک منداڵی کار، لە مافی بیمە بەهرەمەند نییە. بەڵام ئاشکرایە کە ئەم بێ مافیانە زۆر لەوە زیاترە.

زۆرێک لە ڕاپۆرتەکانی میدیاکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە منداڵان بە خراپترین شێوە بەکار دەهێنرێن و دەچەوسێنرێنەوە. لەگەڵ پەرەسەندنی بەردەوامی هەژاریی لە ئێران، دیاردەی “منداڵانی کار”یش بە خێرایی پەرە دەستێنێت.
لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا ١١ ڕێکخراو بەمەبەستی چارەسەری کێشەی منداڵانی کار و سەرشەقام پێناسە کراون کە یەکێک لەو ڕێکخراوانە، بريتييە لە ڕێکخراوی چاوەدێریی منداڵانی بێسەرپەرشت. ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لەلایەن ناوەندەکانی ئەم ڕێکخراوەیە پێشکەش دەکرێت، هەم زۆر کەمن و هەم بە شێوەیەکی نەگونجاو پێشکەش دەکرێت. ناوەندەکانی ئەو ڕێکخراوەیە هاوشێوەی زیندان بەڕێوەدەبرێن و منداڵان ئامادە نین تیایاندا بژین. لێکۆڵینەوە سەربەخۆکان دەریدەخەن کە زۆربەی منداڵانی کار و سەر شەقام لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێکخراوی چاوەدێریی و باقی دامەزراوەکانی دیکەی پەیوەست بە کاروباری ڕێکخستن، دەترسن و بە ئەزموونێکی هاوشێوەی دەستبەسەبوونی دەزانن. ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ناوەندەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەم پێوەندییەدا گەلێک کاراترن، بەڵام ڕێژیم ئاستەنگ لەبەردەم کار و چالاکییەکانیاندا دروست دەکات. هەندێک لە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیم گوشار دەخاتە سەر بەشێک لەو هەڵسووڕاوانەی مافی منداڵان کە هەوڵی یارمەتیدانی ئەو منداڵانە دەدەن و هەندێک جار تەنانەت زیندانی و ئەشکەنجەی کردوون.

منداڵانی کار و سەرشەقام دیاردەیەکی جیهانییە بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا دۆخێکی ترسناکی بەخۆیەوە گرتووە. ئەم منداڵانە کە زۆربەیان بەرهەمی هەژاری و سەر بە بنەماڵەی کرێکارین، بۆخۆیان توانایی ڕزگارکردنی خۆیان نییە. دەبێ چارەسەرکردنی کێشەی کاری منداڵان، ببێتە بەشێک لە ویست و داواکارییەکانی کرێکارانی خەباتکار. یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کاری منداڵان، بريتييە لە قەدەغەکردنی کاری منداڵان. هەڵوەشاندنەوە و قەدەغەکردنی ئەو پرسەش تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە چارەسەرکردنی کێشەی هەژاریی لە ئێراندا. بە پێی هەندێک زانیاری دزەپێکراوی ئۆرگانەکانی خودی ڕێژیم، ٧٠٪ی دانیشتوانی ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە، لە لایەن ڕژێمێکی کۆنەپەرستی ئایینی و تاقمێک خاوەنکاری چاوچنۆک و بێویژدانەوە، کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. لەمڕووەوە دیاردەی کاری منداڵان کۆتایی پێنایەت، مەگەر بە ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کە مرۆڤایەتی لەزومرەی یەکەم ئەولەویەتەکانی بێت.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بانە؛ برینداربوونی ٢ کۆڵبەر لەلایەن هێزەکانی ئەمنی

چ سپتامبر 25 , 2024
هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری هەنگەژاڵی بانە ٢ کۆڵبەری شاری بۆکان بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندارکرد. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز دووشەمە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٣ هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆڵبەران کرد و بەهۆیەوە ٢ کۆڵبەر برینداربوون. ناسنامەی ٢ کۆڵبەرەکە کەمال مەحمودی ٤٠ ساڵان و شۆکێ ٤٢ ساڵان هەردوو […]

You May Like