
ڕێوڕەسمی نەورۆز و جەژنی بەهار، کە هێمای دەستپێکی وەرزێکی نوێیە، بەهۆی دژایەتییەکانی ڕژێمێکی ئایینییەوە، بە کردەوە بووەتە ئامرازێک بۆ نیشاندانی حزووری کۆمەڵایەتی و سیاسی. بە درێژایی دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران، نەورۆز تەنها جەژنی نوێبوونەوەی سروشت و تەنها نەریتێکی کلتووری نەبووە؛ بەڵکوو مەیدانێک بووە بۆ خۆڕاگریی مەدەنی و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی ڕژێمی دەسەڵاتدار. ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ، سەرەڕای هەوڵەکانی ڕژێم بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردن یان دەستبەسەرداگرتنی، هێمایەک بوون بۆ نیشاندانی هێزی بەکۆمەڵ و توانای بەرزی ڕێکخستن و ڕێکخراوبوون.
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە کوردستان، بریتیبوو لە ئامادەبوونی بەرچاوی ژنان و کچان بەبێ حیجابی ئیسلامی لە ڕێوڕەسمە گشتییەکاندا. لە کاتێکدا کە ڕژێم لەم ساڵانەی دواییدا بە توندکردنەوەی یاساکانی حیجابی زۆرەملێ و بەکارهێنانی توندوتیژی دژی ناڕازییان، هەوڵی داوە کە ڕێوشوێنە ئایدیۆلۆژیکەکانی خۆی بسەپێنێت، ژنانی ئازادیخواز لە هەموو شارەکان و زۆربەی گوند و ناوچەکانی کوردستان، بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و شادی و سەمای بەکۆمەڵ، نەک هەر نەریتەکانی نەورۆزیان زیندوو ڕاگرت، بەڵکوو بە کردەوە سەرجەم یاسا و ڕێسا دژە ژنەکانی حکومەتیان نایە ژێرپێ.
لە هەندێک لە ڕێوڕەسماکاندا دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بەرز کرایەوە. بەشداربووان ڕێوڕەسمە پڕ لە سەما و شادییەکانیان بە بەهاری ئازادیناوبرد. ئەم ڕێوڕەسمانە وەبیرهێنەرەوەی ئاکسیۆنە خەباتکارانە و بوێرانەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا و دروشمەکانی جەماوەری بوێر و فیداکار بوون. ئاخێزێکی کە هێمای هاوپشتی و هاوخەباتی پتەوی نێوان جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان و شارەکانی دیکەی دەرەوەی کوردستان بوو.
ئەم شادییە بەکۆمەڵە، لەسەر بەستێنی قەیرانە قووڵە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێران، واتایەکی دوو ڕەهەندی بەخۆیەوە گرت. لەلایەکەوە هەژاری بەربڵاو، بێکاری لە ڕادەبەدەر (بەتایبەت لە نێوان گەنجاندا)، بێبەشبوونی زۆرینەی خەڵک لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تەندروستی و پەروەردە، هەڵاواردن و نایەکسانی، دەستێوەردانی حکومەت لە بچووکترین بوارەکانی ژیانی تایبەتی کەسەکان و گەندەڵی بەردەوام، تووڕەییەکی قووڵی لەناو کۆمەڵگادا دروست کردووە، سەما و هەڵپەڕکێی بەکۆمەڵی ژنان و پیاوان، لەم چوارچێوەیەدا، تەنها شادی نییە، بەڵکوو هاوکات هاوارێکە لە دژی سەرکوت و بانگەوازێکە بۆ ئازادی.
کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە بەڕێوەچوونی جەژنی نەورۆز لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ڕێوشوێنێکی دووفاقی و دژبەیەکی گرتەبەر. لە هەندێک لە شار و گوندەکان، بە ئاشکرا لە دژی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان دژایەتی و ناڕەزایەتی نیشان نەدا. ئەم قەبووڵکردنە ناچارییە، لەڕووی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی ئەمنییەتییەوە بوو: بۆ نموونە لە شاری سنە کە بەردەوام ناوەندێکی گەرمی خەباتی سیاسی بووە لە دژی کۆماری ئیسلامی، هێزە ئەمنییەکان بە ئامادەبوون و حزووری بەرچاو، هەوڵیان دا کە ڕێگری بکەن لە شکڵگرتنی کۆبوونەوەی بەربڵاو. بە جۆرێک کە لەم شارەپڕ حەشیمەتەی کوردستاندا، ڕێوڕەسمی نەورۆز بەشێوەیەکی گشتی لە چەند خاڵێکی لاوەکیدا سنووردار کرا.
لە ورمێ، شارێک بە پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی نەتەوەیی و ئایینی لەوانە (تورکی ئازەری، کوردەکان، ئەرمەنی، ئاشووری، شیعە و سوننە و مەسیحییەکان، ڕژێم هەوڵیدا لەو جیاوازییانە کەڵکی خراپ وەربگرێت. هاوکات بوونی نەورۆز لەگەڵ ساڵڕۆژی برینداربوونی ئیمامی یەکەمی شیعەکان، بیانوویەکیدا بە دەست حکومەتەوە تاکوو بە پڕوپاگەندەی ئایینی، بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا وەک “ناتەبا لەگەڵ بەها ئیسلامییەکان” نیشان بدات. ڕووحانییەکی شیعەی ئەندامی شۆڕای شاری ورمێ، لە وتارەکانی نوێژی هەینیدا، بە ئاشکرا تورکە ئازەرییەکانی هاندا بۆ بەرەنگاربوونەوە و دژایەتی کردن لەگەڵ”جەژنە نا ئیسلامییەکان”.
لە ئاکامی ئەم هاندانانەدا، ڕۆژێک دوای بەڕێوەچوونی هێمنانەی نەورۆز لەلایەن کوردەکانەوە لە دەرەوەی شار، کۆمەڵێک لە توندڕەوانی ئایینی و پان تورکیستەکان گۆپاڵ بە دەست و بە دروشمی دژە کورد، هاتنە سەرشەقامەکان. دروشمگەلێکی وەک “تەورێز، ورمێ، باکۆ، ئانکارا، پەیوەندیتان پیرۆز بێت” نەک هەر نیشانەی هاو ئاراستەیی ئەم گرووپانە لەگەڵ سیاسەتەکانی تورکیا و ئازەربایجان بوو، بەڵکوو کاردانەوەی توندی نەتەوەپەرستانی ئێرانیشی بەدوای خوێدا هێنا. ڕۆژنامەکانی نزیک لە لایەنە ئەمنییەکان لە تاران، ئەم ڕووداوانەیان بە “جیاخوازی” ناوبرد و داوای دەستێوەردانی توندتری دەوڵەتی ناوەندییان کرد.
ئەم سیناریۆیە بە ڕوونی نیشانیدا کە ڕژێم، لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتەکەیدا، ئامادەیە ئاگری ناکۆکی و گرژییە نەتەوەیی و ئایینییەکان خۆشتر بکات، تەنانەت ئەگەر ئەم کارە ئاسایشی ناوخۆش بخاتە مەترسییەوە.
سەرەڕای هەمووی ئەمانە، دەبێت لەسەر ئەم ڕاستییە جەخت بکەینەوە کە زۆرینەی خەڵکی ورمێ و زۆرینەی ڕەهای خەڵکی تورک نەک هەر لەگەڵ ئەم جۆرە هاندانانە هاوکارییان نەکردووە و نایکەن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە نەفرەت و بێزاری خۆیان لە دژی دەردەبڕن. لەبیرمانە کە لە تەورێز و هەر لەم شارەی ورمێیەدا خەڵک دروشمیان دەدا: “ئازەربایجان وشیارە و پەناگەی کوردستانە”، یان “لە کوردستانەوە تا تەورێز، سەبرمان بووە لێوڕێژ” و “لە کوردستانەوە تا تاران، ستەم لە دژی ژنان”.
خاڵی سەرەکی لە بەڕێوەچوونی نەورۆزی ئەمساڵ لە کوردستان، بریتی بوو لە ئاستی بەرزی خۆڕێکخستنی جەماوەر. سەرەڕای کۆسپ و ئاڵەنگارییە ئەمنییەکان و گوشارەکانی حکومەت، چالاکوانانی مەدەنی و گرووپە پێشڕەوەکان لە کوردستان، توانییان بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە خۆجێییەکان و پەیوەندییە بەربڵاوەکان، ڕێوڕەسمەکان لە دەیان شوێندا هەماهەنگ بکەن. ئەم سەرکەوتنە، نیشانەی بوونی ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەیە کە بەدەر لە کۆنترۆڵی حکومەت کار دەکەن. ئەم توانایی و پۆتانسێلە، بەتایبەت لە هەلومەرجی ئێستای ئێراندا کە ڕژێم لەگەڵ توندترین قەیرانەکانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا بەرەوڕووە، دەتوانێت ببێتە فاکتەرێکی یەکلاییکەرەوە و شوێندانەر لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار هاووڵاتی کورد لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە و لانیکەم ٤١ کەس، لەوانە ٦ منداڵ دەستبەسەر کراون. ئەم دەستگیرکردنانە لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، سەردەشت، سەقز، مەریوان، سنە، پیرانشار و کرماشان، بەڕێوە چووە.
لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران، ئیمامانی جومعە و بانگخوازانی ئایینی، هەوڵیاندا کە بە بیانووی مانگی ڕەمەزان و ڕۆژی برینداربوونی عەلی کوڕی ئەبوتالیب، بەرگری بکەن لە بەشداریکردنی خەڵک لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا. بەڵام سەرەڕای ئەم گوشارانە، ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شارە گەورەکانی ئێران، لەوانە تاران و شیراز و مەشهەد بە بەشداری جەماوەرێکی زۆر بەڕێوەچوون. لە هەندێک حاڵەتدا لەوانە لە تاران و ئیسفەهان، ڕژێم بە بەڕێوەبردنی نمایشی پڕ زەرق و بەرق، هەوڵیدا کە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی خەڵک بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوه. ڕەفتار و هەڵسوکەوتە نەگونجاو و دژبەیەکەکانی ڕژێم لەم بارەیەشەوە، نیشانەی بە بنبەست گەیشتنی بەها ئیسلامییەکانە لە کۆمەڵگای ئێران لە بەرامبەر کلتوور و نەریتە پێشکەوتووەکاندا.