سەرهەڵدانی شەپۆلی ناڕەزایەتی لە دژی ڕەوتە ڕاستە توندڕەوەکان لە ئوروپا

ڕۆژی شەممە و یەکشەممەی ئەم هەفتەیە، سەدان هەزار کەس لە دەیان شاری سەرتاسەری ئاڵمان لە دژی ڕەوتی ڕاستی توندڕەو، ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەم ناڕەزایەتیانە لە ئاڵمان لە بنەڕەتدا ئامانجیان حیزبی فاشیستی “ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئاڵمان” و ئەو گروپە ڕاستە توندڕەوانەی ترە کە لە ساڵی ڕابردوودا چوونەتە ناو پارلمانی ئەو وڵاتە. لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئەم ناڕەزایەتیانە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی وڵات بووەتە حەرەکەتێکی ڕۆژانە و لە سەرانسەری وڵات بەردەوامە. بەربڵاوترینی ئەم ناڕەزایەتیانە ڕۆژی یەکشەممە ڕوویدا کە دەیان شاری ئاڵمانی لەخۆگرتبو. شارەکانی برلین، مونیخ، برێمن، کۆڵن و فرانکفۆرت شاهیدی شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵکی شەریفی ئاڵمان بوون کە دروشمی “نازییەکان بۆ دەرەوە“یان بەرز کردبووەوە. بەگوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، ٢٠٠ هەزار کەس لە برلین، ١٠٠ هەزار کەس لە مونیخ، ٧٠ هەزار کەس لە کۆڵن، ٥٠ هەزار کەس لە فرانکفۆرت، ٥٠ هەزار کەس لە برێمن و ٣٥ هەزار کەس لە هانۆڤەر، لەو ناڕەزایەتیانەدا بەشدار بوون. ئەم ناڕەزایەتییانە دوای بڵاوبوونەوەی بابەتێک لە مێدیای لێکۆڵینەوەی “کۆرێکتیڤ“ی ئاڵمان لە ١٠ی ژانویەدا دەستیپێکرد کە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی نهێنی گرووپە ڕاستە توندڕەوەکانی لە شاری پۆتسدام لە نزیک برلین ئاشکرا کردبوو. لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە مانگی نوامبری ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەچووبوو، بەشداربووان باسیان لە دیپۆرتکردنەوە و دەرکردنی بەکۆمەڵی پەنابەران و تەنانەت ئەو کەسانەش کردبوو کە ڕەگەزنامەی ئاڵمانییان وەرگرتووە. حیزبی “ئاڵترناتیڤ بۆ ئاڵمان” لە ساڵی ٢٠١٣دا وەک حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنی “یەکێتی ئەوروپا” لەلایەن ئاکادیمیست و ئابووریناسانەوە پێکهێنرا؛ بەڵام هەر زۆر زوو بوو بە حیزبێکی “دژە کۆچبەر” و دامەزرێنەرە ڕەسەنەکانی، دوور خستەوە. دوای لێشاوی کۆچبەران بۆ ئاڵمان لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، پشتیوانی لەم حیزبە لە سەرتاسەری ئاڵمان پەرەی سەند، بەم شێوەیەش توانی بۆ یەکەمجار ساڵی ٢٠١٧ بچێتە پارلمانی وڵاتەکە و ببێتە حیزبێکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن.

بەڵام ئەوە تەنیا خەڵکی شەریفی ئاڵمان نین کە لەدژی ڕاستە توندڕەوەکان لەم وڵاتە ڕاپەڕیون. لە کاتێکدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندانی بەربڵاو لە ئاڵمان لە دژی گرووپە ڕاستە توندڕەوەکان بەڕێوە دەچێت، لە فەڕانسەش پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاسای کۆچبەری ئەو وڵاتە لەلایەن حکومەتەوە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی وەڕێخستووە. هەرچەندە ئەم یاسا هەموارکراوە، چاوەڕوانی دەنگی کۆتایی ئەنجومەنی دەستوورە کە بڕیارە رۆژی ٢٥ی ژانویە دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئۆپۆزسیۆن ڕژانە سەر شەقام و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی بوون. زیاتر لە ١٦٠ ڕێپێوان لە سەرانسەری فەڕانسە لە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ژانویەدا پلانی بۆ دانرا و بەڕێوەچوو. گەورەترین خۆپیشاندان لە پاریس لە مەیدانی ترۆکادرۆ بەڕێوەچوو کە تیایدا دەیان هەزار کەس لە دژی ئەم یاسایە و لە دژی ڕاستڕەوەکانی ئەو وڵاتە دروشمیان دەدا. لە چەند ساڵی ڕابردوودا شاهیدی ئەوە بووین کە بەشێک لە دەنگی دەنگدەرانی وڵاتانی ئورووپا، بۆ حیزبە ڕاستڕەوەکان بووە. بەجۆرێک کە ئەو حیزبانەی پێشتر تا ڕادەیەکی زۆر گۆشەگیر و لە پەراوێزدا بوون، لە وڵاتەکانی وەک مەجارستان، ئوتریش، سوئید، ئاڵمان، هولەند و فەڕانسە، چوونە ناو پارلمانەکان و بوون بە فڕاکسیۆنگەلێکی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن.

ئەم ڕەوتە هۆکارگەلێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ناسراوی هەیە. قەیرانی ئابووری ساڵی ٢٠٠٨، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پێکهاتەی ئابووری وڵاتانی ئووروپا و ئەمریکا دانا. ئوروپا هێشتا بە تەواوی لەژێر کاریگەری ئەو قەیرانە ڕزگاری نەببوو کە قەیرانی کرۆناش دەستیپێکرد و بەهۆیەوە پاشەکشەی ئابووری هاتە ئاراوە و بووە هۆی پەرەسەندنی بەرچاوی بێکاری. شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕ و هەژاریی لە ڕادەبەدەر لە ئەفریقا، شەپۆلی کۆچکردنی بەرەو ئوروپا پەرەپێدا. پەرەسەندنی بێکاری و نائەمنی کار و بێتوانایی لایەنە لیبڕاڵ و میانڕەوەکانی دەسەڵات لە ئاست ئەو هەلومەرجە، مەیدانی خۆشکرد بۆ تەبلیغات و پڕوپاگەندەی ڕەگەزپەرستانەی حیزبە ڕاستڕەوەکان بەمەبەستی ڕاکێشانی دەنگی بەشێک لە کۆمەڵگا بەرەولای خۆیان. ئەگەرچی ئەم هەلومەرجە هێشتا بەردەوامە و مەترسی هەرچی زیاتر گەشەکردنی حیزب و ڕەوتە ڕاست و پۆپۆلیستییەکان لە ئارادایە، بەڵام نموونەی ئەوەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ئاڵمان و فەڕانسە بینیمان، نیشان دەدات کە ویژدانی وشیار و وەخەبەرهاتوو، لە بەرامبەر ئەم شەپۆلەدا بێ هەڵوێست نابێت و مەیدانی تەراتێنی ئەو لایەنانە درێژخایەن و پایەدار نابێت. ڕەوتی چەپ لە بوارە سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکاندا گەلێک لەوە بەهێزترە کە ئیزن بدات ئەو دەستکەوتە پێشکەوتنخواز و دێموکراتیکانەی کە چینی کرێکار و بەشی پێشڕەوی کۆمەڵگا زیاتر لە سەد و پەنجا ساڵ لە پێناویاندا خەباتیان کردووە، بە هێرش و دەستدرێژی ڕەوتە ڕاست و ڕەگەزپەرستەکان، پێشێل بکرێت. ئەمەش واتا زەنگی بەئاگاهاتنەوەی ئوروپا لە دژی ڕەگەزپەرستی و ڕاستە توندڕەوەکان لێدراوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بانە: برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

پ ژانویه 25 , 2024
ئاراس (شۆرەت نەزانراو) کۆڵبەری گەنج خەڵکی مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری هەنگەژاڵ – بانە بریندار بوو بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی سێشەممە ٣ ڕێبەندانی ١٤٠٢، کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە ناوچەی سنووری هەنگەژاڵ – بانە بریندار بووە. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە ئاراس و خەڵکی […]

You May Like