بزووتنەوەی ڕۆژئاوا، بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکیە، پێویستی بە پشتیوانیی جیهانی هەیە

بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، هێزەکانی سووریای دێموکراتیک لە ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی دێسامبرەوە هێرشێکی بەرپەرچدانەوەیان بۆ سەر هێزەکانی ئەرتەشی نیشتیمانی سووریە، کە لەلایەن ئەرتەشی تورکیەوە پاڵپشتی دەکرێن، دەستپێکردووە. ئەوان ئەو هێزە بەکرێگیراوەیان سەرەڕای بەهرەمەندبوون لە پاڵپشتی هەمەلایەنەی زەمینی و ئاسمانی ئەرتەشی تورکیە، لە دەوروبەری شاری کۆبانی و بەنداوی تشرین ناچار بە پاشەکشە کردووە و شاری منبجیشیان لێ وەرگرتوونەتەوە. هێزەکانی سووریای دێموکراتیک لەسەر بنەمای ئاگربەستێک کە بە ناوبژیوانی و گەرەنتی ئەمریکا مسۆگەر کرابوو، ئەو شارەکەیان چۆڵکرد، بەڵام بەکرێگیراوانی دەوڵەتی تورکیە نەک هەر بەو ئاگربەستە پابەند نەبوون، بەڵکوو هێرشیان کردە سەر هێزەکانی جێگیر لە بەنداوی تشرین لە هەمان ناوچە. لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا هێزەکانی ئەرتەشی نیشتیمانی سووریە لە منبج و بەنداوی تشرین پاشەکشەیان پێکرا. ئەم بەکرێگیراوانە کە بە تەما بوون ئەرکی شکستخواردووی داعش کە بریتی بوو لە دەستبەسەرداگرتنی کۆبانی، بەجێبهێنن، ناچار بوون سەرلەنوێ تامی تاڵی شکستێکی تر لەم بابەتەوە بچێژن و منبجیش لەدەست بدەن. ئەم شکستە لەکاتێکدا ڕوویدا کە نوێنەرانی دەوڵەتی تورکیەش لە دیمەشق لەسەر هەمان پرس لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریە، سەرقاڵی گفتوگۆ و دانوستان بوون و خوازیاری چەککردنی هێزەکانی سووریای دێموکراتیک و زاڵکردنی کۆنترۆڵی تەواوەتی دەوڵەتی ناوەندی بەسەر کوردستانی سووریەدا بوون. هێزەکانی سووریای دێموکراتیک (قەسەدە) باڵی نیزامی خۆبەڕێوەبەری باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریەن و لە پاڵپشتی بەربڵاوی کۆمەڵانی خەڵکی کورد، عەرەب، ئەرمەنی، ئاشووری، سریانی و چیچانی بەهرەمەندن. مەزڵوم کۆبانی و ئیلهام ئەحمەد، ڕێبەرانی ناسراوی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا ڕایانگەیاندووە کە ئەو بزووتنەوەیە سوورە لەسەر بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی و پشتیوانی ڕاستەقینەی خەڵکی دەوروبەریشیان بۆلای خۆیان ڕاکێشاوە.

لە گەرمەی شەڕ و پێکدادانی نیزامی لەو ناوچەیە، کۆبوونەوەی “دایکانی ئاشتی” لەسەر سنووری قامیشلۆ- نسێبین لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیە و جینایەتکارانی ناسراو بە ئەرتەشی نیشتیمانی سووریە بۆسەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە، دەستپێکردووە. بە سەدان هاوڵاتی هەرلە سەرلەبەیانی زووەوە بەمەبەستی ئیدانەکردن و کۆتاییهێنان بەو هێرشانە لەو شوێنە کۆبوونەوە و وێڕای بەرزکردنەوەی دروشمی “بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا”، داوای بەفەرمی ناسینی قەوارەی سیاسی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە دەکەن. ئەوان بە یاوەری دەیان هونەرمەند کە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی تورکیەوە هاتوون بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، ئاواز و سروودی بەرخۆدان دەڵێنەوە. دام و دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەتییەکانی تورکیە هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ڕێگریکردن لە پشتیوانی جەماوەریی لە کوردستانی تورکیە لەم کۆبوونەوەیە، بەڵام شکستیان هێنا و دەیان هونەرمەند لە شارەکانی مێردین، ئامێد، ئێلەح، وان و ناوچەکانی دیکەوە پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم کۆبوونەوەیە ڕاگەیاندووە. هێزی پاراستنی ژنان ناسراو بە یەپەژە، کە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەو ڕاستییە کردووە. ئەو هێزە جەنگاوەرە کە ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی بینی لە تێکشکاندنی داعش لە سوروریە و ستایشی خەڵکی جیهانی بەدەستهێنا، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی دێسامبر بەیاننامەیەکی لەژێر ناوی “پێویستە ئەو خەبات و بەرخۆدانە بۆ ئاستی جیهانی بەرز بکەینەوە”، بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە:

ئامانجی کۆتایی هێرشەکانی کۆماری تورکیە و هێزە جینایەتکارەکانی، واتە داعش، “لە تەلڕەفعەت و منبجەوە بگرە تا کۆبانی و سەرەنجام داگیرکردنی هەموو ڕۆژئاوایە”. ئێمە داوا لە سەرجەم گەلان و ژنانی جیهان دەکەین کە لە دژی ئەم هێرشانە بێنە دەنگ و بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێبهێنن. ئێمە بڕیارمانداوە لە هەموو بەرەکاندا، بەرەنگاری هێرشە تاوانکارییەکانی داعش ببینەوە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە ئاراستە دەکرێن و ئەم خۆڕاگرییە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت. ئێمە دەزانین کە خەبات خۆڕاگرییەکەمان لە ئاستی جیهانیدا بەرز دەنرخێنرێت، بەڵام ئێمە لە جگە لە بەرزنرخاندن، پێویستمان بە پشتیوانی کرداریی هەیە. ئەوەندەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، لە هەموو شوێنێک خەبات و تێکۆشانی خۆمان بەرەوپێش دەبەین و پەرەی پێدەدەین. ئێستا ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە بە وەڕێخستنی ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ئاستی جیهاندا، بیروڕای گشتی، هێرشەکانی کۆماری فاشیستی تورکیە ئیدانە بکات، پێشی پێبگرێت و بەهۆی تاوانەکانی لە ڕۆژئاوا، لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکیە بکات. واقیعییەت ئەوەیە کە لەم بەشە لە وڵاتی سووریە کە زۆرینەی کوردن، بزووتنەوەیەکی مافخواز و جەماوەریی پێکهاتووە.

بزووتنەوەیەکی کە هاوسۆزی و هاوپشتی جەماوەری هاوچارەنووسی، بە شوناسی نەتەوەیی و ئایینی جۆراوجۆرەوە پاراستووە و ئەو خەڵکە بەبێ جیاوازی، ژیانی خۆیان بەڕێوەدەبەن. ئەم بزووتنەوەیە لە کاتێکدا کە فاشیزمێکی ئایینی لە دیمەشق جێگەی دیکتاتۆریەتی فاشیستی بنەماڵەی ئەسەدی گرتۆتەوە، سەرەڕای هەر کەموکوڕییەکی، تروسکاییەکی هیوابەخشی دێموکراتیکە بۆ جەماوەری خەڵکی ئازادیخوازی سووریە لە ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە. بەڵام ئەم ئەزموونە، ئێستا لە لایەن دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئەردۆغانەوە بەتوندی کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە. لەمڕووەوە پێویستی بە پشتیوانی کاریگەر و بێ درێغی جیهانی و جەماوەریی هەیە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

پیرانشار؛ دەستبەسەرکردنی دوو هاوڵاتی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

ش دسامبر 28 , 2024
مووسا ڕەسووڵی و سۆران محەممەدپوور، دوو هاوڵاتیی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە. بەمجۆرە ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەمدواییە بۆ ٤ کەس بەرز بووەتەوە. بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی ٧ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣، مووسا ڕەسووڵی، هاوڵاتی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی گوندی “خورینج”ی سەر بە پیرانشار […]

You May Like