بۆکان؛ دەرکردنی حوکمی زیندان و سزای نەقدی بۆ مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی

«مینا سوڵتانی»، یەکێک لە دایکانی دادخوازی شاری بۆکان، بە ٨ مانگ زیندان و یەک ملیۆن تمەن سزای نەقدی مەحکوم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی، لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە شاری بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانکاری دووی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕژیم» و «ئامادەبوونی ژنان لە شوێنە گشتییەکان بەبێ حیجابی شەرعی» بە ٨ مانگ زیندان و پێدانی یەک ملیۆن تمەن سزای نەقدی مەحکوم کرا.

«میلاد محەممەدی»، برای شەهریار محەممەدی، لە پەڕەی ئینستاگرامی خۆی ڕایگەیاندووە کە ئەم سزایە بە شێوەیەکی زارەکی بە دایکی «دایە مینا»، ڕاگەیەندراوە و دانیشتنی دادگا بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی بەڕێوەچووە. بە وتەی میلاد محەممەدی، دایکی تەنانەت دەرفەتی بەرگریکردن لە خۆی پێنەدراوە.

دانیشتنی دادگا بۆ تۆمەتەکانی ئەم دایکە داخوازە لە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بە سەرۆکایەتی دادوەر «مەهدی فەخری» لە لقی ١٠١ی دادگای تاوانکاری دووی شاری بۆکان بەڕێوەچووبوو.

مینا سوڵتانی زارەع، لە شەشی خەرمانانی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو. ڕۆژی سێشەممە دەی ڕەزبەری ١٤٠٣، بە دانانی بارمتە و بەشێوەیەکی کاتی تا کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییەکەی لە زیندان ئازادکرا.
مینا سوڵتانی زارەع، دایکی شەهریار محەممەدی لە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا لە شاری بۆکان بەهۆی بەرکەوتنی گوللە گیانی لەدەستدا.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

تاران؛ دەستبەسەرکرانی هیوا سەیفی زادە هونەرمەند و مامۆستای مۆسیقا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

ج فوریه 28 , 2025
«هیوا سەیفی زادە»، ئەکتەر، گۆرانیبێژ و مامۆستای مۆسیقای کلاسیک، لە کاتی بەڕێوەبردنی پڕۆگرامێک لە یەکێک لە هۆڵەکانی تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی پێنجشەممە نۆی ڕەشەمەی ١٤٠٣، «هیوا سەیفی زادە»ی ٢٧ ساڵ، ئەکتەر، گۆرانیبێژ و مامۆستای مۆسیقای کلاسیک خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی تاران، لە کاتی […]

You May Like