ئاکۆ شەریفی و شوانە عەلی پوور، دوو کۆڵبەری گەنج لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی هێزە سنوورییەکان، بە سەختی برینداربوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی دوێنێ ڕۆژی یەکشەمە حەوتی گوڵانی ١٤٠٤، لە ناوچەی سنووری هەنگەژاڵی بانە، دوو کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی بە سەختی برینداربوون. ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە هێزە سنوورییەکان بە ئاڕاستەی کۆڵبەران تەقەیان کردووە.
ناسنامەی بریندارەکان «ئاکۆ شەریفی» تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی گوندی عەباس ئاوا، و «شوانە عەلی پوور» تەمەن ٢٥ ساڵ ڕاگەیەندراوە. هەردووکیان لە بنەماڵە هەژارەکانن و بۆ بەدەستهێنانی داهات ڕوویان کە کۆڵبەری کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.