مەریوان؛ دۆسیەسازی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران دژی کۆڵبەرێکی بریندار

دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران دژی بەهمەن ڕاهپەیکەر، کۆڵبەری گەنجی شاری مەریوان کە هەردوو لاقی بە سەختی برینداربووە، دۆسیەی کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەهمەن ڕاهپەیکەر، کۆڵبەری گەنجی شاری مەریوان لە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، لە سنووری شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هەردوو لاقی بە سەختی برینداربوو، ئێستا پاش بەدواداچوونی یاسایی دژی تەقەکەرەکان، بە تاوانی «تێپەڕینی بێ مۆڵەت» و «گواستنەوەی کاڵای قاچاخ» بە تاوانبار ناسێنراوە و بە دوو ساڵ زیندانیکردن و یەک ملیارد تمەن سزای نەقدی مەحکووم کراوە. ئەم ڕاپۆرتە، گێڕانەوەی مەیدانی و یاسایی لە زنجیرەیەک لە دۆسیەسازییەکان دژی یەکێک لە هەزاران کۆڵبەری بریندار و بێ دەنگە.

ئێوارەی سێشەمە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، کۆمەڵێک لە کۆڵبەران لە سنووری شاری مەریوان تێدەپەڕین لەلایەن هێزە سنوورییەکان کرانە ئامانج. بەهمەن ڕاهپەیکەر، تەمەن ٢٢ ساڵ، یەکێک لە کۆڵبەرانی ئەم کۆمەڵەیە، بە تەقەی ڕاستەوخۆ کرایە ئامانج. بەپێی ڕاپۆرتەکانی پزیشکی و گێڕانەوەی شاهیدەکان، ناوبراو لە هەردوو لاقی چەپ و ڕاستی بە گوللە تەقەی لێکراوە و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە نەشتەرگەری بۆکراوە.

بەهمەن ڕاهپەیکەر، پاش باشتربوونی، لە ڕێگای یاساییەوە سکاڵای لە تەقەکەرەکان کردبوو، بە هیوای گەیشتن بە ماف و وەرگرتنی قەرەبوو، سکاڵای خۆی بە ناوەندە ئەمنییەکان پێشکەش کرد. بەڵام ڕێگای بەدواداچوونی سکاڵاکەی، لەجیاتی سزادانی تەقەکەرەکان، تیغی دادوەر لەدژی خۆی بەکارهات. ناوبراو نەک تەنیا لە سکاڵای خۆی ئەنجامێکی وەرنەگرت، بەڵکو ئێستا بە حوکمی دادگای سەربازی بە پێدانی یەک ملیار تمەن سزای نەقدی و دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

بەپێی نووسراوی دادنامە کە بەدەستی کۆڵبەرنیوز گەیشتووە، کارناسانی سەربازی بە پەسەندکردنی تەقەکردن لە نزیکەوە «کەمتر لە ١٥ مەتر» و بەرکەوتنی گوللە بە جەستەی بەهمەن ڕاهپەیکەر، دووبارە ئەم تەقەکردنە لە چوارچێوەی «ئەرکە یاساییەکان»ی هێزە سنوورییەکان دەزانن. هیچ ئاماژەیەک بە مافی ژیان، بنەمای بەکارهێنانی چەک یان ئەگەری ڕاگرتنی کۆڵبەر پێش تەقەکردن نەکراوە. ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی یاساکانی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی ئێران و بنەماکانی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ، هێزە ئەمنییەکان تەنیا بە شێوەی هەڕەشەی گیانی ڕاستەوخۆ مۆڵەتیان هەیە چەک بەکاربێنن. کۆڵبەران لەم ڕووداوەدا، نە چەکداربوون و نە بەرگرییان کردووە. بەکارهێنانی چەکی کوشندە لە بەرامبەر تێپەڕینی بێ مۆڵەت نموونەیەکی ڕوونە بۆ پێشێلکردنی بنەماکان. بەپێی ماددەی ٣٤ی دەستوور، دادگاییکردن مافی بێبەشنەکراوی هەر تاکێکە. بەڵام لەم دۆسیەدا، سکاڵاکار نەک بە مافی خۆی نەگەیشتووە، بەڵکو بەهۆی سکاڵاوە، بە دۆسیە دروستکردنی ئەمنییەتی ڕووبەڕووبۆتەوە و تاوانبارکراوە. ئەم پرۆسەیە، دادپەروەری پێچەوانە دەکات و بڕوابوون بە ڕژیمی دادوەری لاواز دەکات.

ڕاپۆرتی کارناسانی سەربازی، بەبێ پێداچوونەوەی مەیدانی وورد و بە پاساوی لاوازی وەکو «لادانی گوللە بەهۆی لەرزینی دەستی تەقەکەرەوە»، بەرپرسیارێتی لەسەر شانی هێرشکارەکە هەڵگرت و قوربانییەکە تاوانبار دەکات. ئەمە لەکاتێکدایە کە پزیشکی یاسایی بەرکەوتنی گوللەی بە پشتی ناوبراودا پەسەند کردووە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بانە؛ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکار لە شاری بانە بە جەختکردنەوە لە هاوپشتی چینایەتی

س آوریل 29 , 2025
بە بۆنەی یەکی مانگی مەی، ڕۆژی جیهانی کرێکار، کۆمەڵێک لە ژنان و پیاوانی خەباتکار لە شاری بانە بە بەڕێوەچوونی ڕێورەسمێک، ئەم ڕۆژە مێژووییەیان بەرز ڕاگرت و پیرۆزباییان لە گشت کرێکارانی ئێران کرد. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەمە ٨ی گوڵانی ١٤٠٤، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکار بەڕێوەچوو. ئەم ڕێوڕەسمە بە […]

You May Like