غالب حوسێنی، چالاکی کرێکاری بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی و تا کۆتایی پرۆسەی یاسایی لە زیندانی ناوەندی شاری سنە ئازاد کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، غالب حوسێنی، یەکێک لە چالاکانی کرێکاری ناسراوی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی هەماهەنگیی بۆ یارمەتی بە دروستکردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، کە ٢٢ ڕۆژ لەمەوبەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی دووشەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی تا کۆتایی پرۆسەی یاسایی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا. ئەم چالاکە کرێکارییە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرابوو و پاش تێپەڕینی زیاتر لە سێ هەفتە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
هاوکات لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی کرێکاری، مەدەنی و ژینگەپارێزی شاری سنە، لەوانە جەلیل محەممەدی، لوتفوڵڵا ئەحمەدی، ئارمین شەریفە، تەیب چەتانی، زاهید مورادیانی، ئارمان نوریزاد، دلێر نەسروڵڵاهی، ڕەفیق کەریمی، حامید مەحموودی نەژاد، یوسف گرامی پوور، جەمال ئەسەدی، پەیام فەتحی، گوڵنار قەدیمخانی و ڕەزا شەریفە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون. ئەم چالاکانە سەبارەت بە مەراسیمی بەخاکسپاردنی موزەفەر ساڵحنیا، چالاکی کرێکاری و پشتیوانی لە کرێکاری زیندانیکراو شەریفە محەممەدی لە زیندانی لاکانی ڕەشت و چالاکیگەلی پەیوەست بە ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار و ڕۆژی جیهانی ژنان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە.