کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری مەریوان، بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەدانی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە ناوچەی سنووری دزاوەر، برینداربوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، شەوی هەینی نۆی جۆزەردانی ١٤٠٤، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی لە ناوچەی سنووری دزاوەر لە بەشی نەوسوود لە شاری پاوە، لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی لێدان و ئەشکەنجە دراوە و لاقی برینداربووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ڕژیم بە دار لێدان و ئەشکەنجەی ئەم کۆڵبەرەیان کردووە.
ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «ئومید مورادی»، خەڵکی شاری مەریوان و باوکی منداڵێکە بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.