«ڕاشد ئەڵڵابەخشی»، هاووڵاتییەکی ٢٤ ساڵەی خەڵکی شاری کامێران، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی خێزانییەکەی دەستبەسەر کرا. ئەم دەستبەسەرکرانە لە دۆخێکدا ئەنجامدراوە کە هێزە ئەمنییەکان بەبێ بوونی هیچ بڕیارێکی دادوەری چوونەتە ماڵەکەیان و ئەم هاووڵاتییە کوردەیان دەستبەسەرکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، ڕاشد ئەڵڵابەخشی دوای دەستبەسەرکرانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، بریکارە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ناوبراودا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم کردارە ڕابەگەیاندووە و خێزانی ئەم هاووڵاتییەش لە چارەنووسی ناوبراو بێئاگان مانەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە تا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن، بارودۆخی جەستەیی و یاسایی ڕاشد ئەڵڵابەخشی لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی خێزانەکەی بۆ وەرگرتنی زانیاری لە دامەزراوە ئەمنییەکان تا ئێستا بێئەنجام ماوەتەوە.

