بێهزاد کەریمی، وەستای ئیزوگام، لە کاتی ئەنجامدانی کاردا بەهۆی سووتانی زۆر گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەمە چواردەی جۆزەردانی ١٤٠٤، بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنی دیکە لە شوێنەکانی نائەمنییەتی کاردا، بێهزاد کەریمی، وەستای ئیزوگام، لەکاتی کارکردندا بەهۆی سووتانی زۆر گیانی لەدەستدا. ئەم ڕووداوە لە پرۆژەیەکی بیناسازی شاری کامێران ڕوویداوە، جارێکی دیکە مەترسییەکان و نەبوونی ئەمنییەتی کار لە شوێنی کاردا بەشێوەی تاڵ و بەئازار بیر هێنایەوە.
ئەنجوومەنی کرێکارانی بیناسازی شاری کامێران بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، بۆ دەربڕینی هاودەردی لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا، سەرەخۆشی خۆیان بۆ بنەماڵەی بێهزاد کەریمی، کەسوکاری و کۆمەڵگای کرێکاری ڕاگەیاند. لەم پەیامەدا هاتووە؛
«بەداخەوە کرێکاران قوربانی نائەمنییەتی شوێنەکانی کارن. ئێمە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بێهزاد ژەریمی و هەموو کرێکاران دەکەین و هیوادارین بە گرنگیدان بە شێوازی ئەمنییەتی، بتوانن لە ڕوودانی ئەم ڕووداوانە ڕێگری بکەن».
شایانی باسە؛ لە ساڵی ١٤٠٣، لانیکەم ٢٠٤٢ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم ١٦١١٣ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار برینداربوون.
ئێران لە بواری ئەمنییەتی کار لەنێو وڵاتانی جیهاندا پلەی ١٠٢ی هەیە کە پلەیەکی زۆر لەخوارەوەیە.