«پەروین ئەدوایی»، هاوڵاتی شاری مەریوان، بەدانانی بارمتە لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی کۆڵبەرنیوز، پەروین ئەدوایی هاوڵاتی شاری مەریوان بە دانانی بارمتە لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە ئازاد کراوە. بەپێی ئەم راپۆرتە، ناوبراو لە رۆژی بیست و نۆی ڕێبەندانی ئەمساڵ، دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەشی گشتی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە گواستراوەتەوە و لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی پێوەندی بە پارێزەر و بینینی خێزانەکەی بێبەش کراوە.
خاتوو ئەدوایی، رۆژی یەکشەممە حەوتی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری مەریوانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابویەوە. پەروین ئەدوایی لە ساڵانی رابردوودا لە بواری مافی ژنان و منداڵان چالاک بووە و پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
ناوبراو لە دەستبەسەرکرانی یەکەمیدا، بە بڕیاری دادگای ئینقلابی مەریوان بە “هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان” تۆمەتبار و بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.
ئەم بڕیارە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان بۆ یەک ساڵ زیندان کەم کرایەوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتەکان دژ بەم هاوڵاتییە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.