دادگای لێپرسینەوەی فەرشید عەبدوڵڵاهی، باوکی هوومەن عەبدوڵڵاهی، یەکێک لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١، لە لقی دووی دادگای گشتی و شۆڕشی سنە بەڕێوەچوو.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣، فەرشید عەبدوڵڵاهی لە دادگای سنە تۆمەتەکانی پێ ڕاگەیەندرا. لەم دانیشتنەدا کە لە لقی دووی دادگای گشتی و شۆڕشی سنە بەڕێوەچوو، فەرشید عەبدوڵڵاهی بە تۆمەتی «بانگەشە لە دژی نیزام» و «چەواشەکردنی ڕای گشتی» تۆمەتبار کرا و دواجار بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی “دایە فەراسەت جەعفەر قشڵاقی” نموونەی یەکێک لەو تۆمەتانەیە کە ئاراستەی ناوبراو کراون.
فەرشید عەبدوڵڵاهی لە ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٣ بۆ لقی دووی لێکۆڵینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشی سنە بانگهێشت کرا.
شایانی ئاماژەیە کە هوومەن عەبدوڵڵاهی، هاوڵاتییەکی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی شاری سنە، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١ لە گەڕەکی حەسەنئاوای ئەم شارە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم گیانی لەدەست دا.