بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە بە ئاڕاستەی کۆڵبەران لە سنووری بەستام، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بۆکان بە سەختی برینداربوو.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لە سنووری بەستامی سەر بە شاری سەقز تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناسنامەی «ئومید ئەفروزە»، خەڵکی شاری بۆکان بە سەختی بریندار بوو. ئەم کۆڵبەرە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی شیفا لە شاری سەقز گواسترایەوە. بە پێی زانیارییەکان، دۆخی تەندرووستی ئەم کۆڵبەرە ناجێگیرە.
بەپشتبەستن بە ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، بە کۆی گشتی ٣٤٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژرا و بریندار بوون. لەم ڕێژەیە ٥٩ کۆڵبەر واتە (١٧٪) کوژراو و ٢٨٦ کۆڵبەر واتە (٨٣٪) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ئەو ٣٤٥ کۆڵبەرەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراو و بریندار بوون، ٢٥٩ حاڵەت واتە (٧٥٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم ڕوویداوە. هەروەها لەم ژمارەیە ٢٢ کۆڵبەر واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەکێکیان بەهۆی سەرما و بەستەڵەکەوە گیانی لە دەستداوە.