بزووتنەوەی دادخوازی لەسەر بەستێنی شۆڕشی ”ژن ژیان ئازادی”

مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانان، وەبیر هێنەرەوەی یەکێک لەو جەنایەتە مەترسیدارانەیە کە لە دەورانی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیدا، بەڕێوەچوون. ٣٦  ساڵ لەوەپێش لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧ ڕژیمی ئیسلامی دەستیدایە جەنایەتێک کە ئاسەوارەکەی و بەڵگەکانی نیشانەی بێ ڕەحمی و دڕندەخویی بێ سنووری کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامییە. خومەینی و ڕاوێژکارەکانی کە نیگەرانی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکی ئێران دوای شکستی ڕژیم لە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێڕاقدا بوون، بە ئامانجی ترساندنی خەڵکی وەگیان هاتوو لە شەڕ و فەلاکەتی ئابووری، بۆ کوشتنی زیندانیەکان پلانیان دانا. پڕۆژەی کۆمەڵکوژی و کوشتنی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندا لە ڕۆژی هەینی ٢٨ ی مانگی پوشپەڕی ١٣٦٧ تەنیا ڕۆژێک دوای خواردنەوەی جامە ژەهرەکەی قەبوڵکردنی ئاگربەست لەو شەڕە کۆنەپەرستانەدا، لەسەر بنەمای فەرمانی خومەینی ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامی دەستی پێکرد.
خومەینی بە دروستکردنی کۆمیتەیەک پێکهاتوو لە نەییری قازی شەرع، ئیشڕاقی دادستان، ئیبڕاهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێستا و جێگری ئەوکاتی دادستان کە دواتر بە هەیئەتی مەرگ ناویان دەرکرد، فەتوای مەزهەبی کوشتنی زیندانیانی سیاسییان دەرکرد. لە ناوەرۆکی ئەم فەتوایەدا کە بە خەتی خومەینی نوسراوە هاتوە:
” ڕەحم کردن بە محاڕبین گەوجانەیە، لێبڕاویی ئیسلام لە بەرانبەر دوژمنانی خوا دا لە زومرەی بنەما گومان هەڵنەگرەکانی نیزامی ئیسلامییە، هیوادارم بە قین و توڕەیی شۆڕشگێرانەی خۆتان بەرانبەر بە دوژمنانی ئیسلام ڕەزامەندی خواوەند دەستەبەر بکەن، ئەو ئاغایانەی کە تەشخیسی بابەتەکەیان لە ئەستۆیە گومان و دوو دڵی بە خۆیان ڕێنەدەن و هەوڵبدەن( بە توندی لەگەڵ کافران)دا بجوڵێنەوە. دوو دڵ بوون لە بابەتی قەزاییدا لەبەرچاو نەگرتنی خوێنی پاکی شەهیدەکانە و بەس“.
بە خێرایی بەشوێن دەرچوونی ئەم فەرمانەدا، پێوەندی زیندانە سەرەکییەکانی ئێران لەگەڵ دنیای دەرەوە بە تەواوی پچڕا. لە ماوەی نزیک بە دوو مانگدا جەنایەتێک خوڵقا کە لە شێوەی خۆیدا بێ وێنە بوو.
کۆمەڵگای ئێرانی تا ساڵانێک نوقمی خەم و پەژارەیەکی قوڵ کرد. وەزاڕەتخانەکانی دادگوستەری و ئیتلاعات و ئیدارەی زیندانە سەرەکییەکانی ڕاگرتنی زیندانیانی سیاسی، واتە ئێڤین و گەوهەر دەشتی کەرەج کرانە بەرپرسی بەڕێوەبردنی پڕۆژەی کوشتاری زیندانیانی سیاس. لە ماوەیەکی زەمەنی کەمتر لە ٢ مانگدا دەزگای کوشتار و جەنایەتی ڕژیمی ئیسلامی بە هەزاران زیندانی سیاسی بە گەرایشی جۆراو جۆرەوە ئێعدام کرد.
زیندانیانی ئێعدام کراو لە ئێڤین و گەوهەردەشتیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا لە خاوەران شاردەوە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە هاوکات لە باقی شوێنەکانی دیکەی ئێران و لەوانە لە کوردستانیش جێبەجێ کرا. لە ڕاستیدا لەمڕۆدا نەک لە یەک گوڵزاری خاوەران، بەڵکوو دەبێ باس لە گوڵزارە خاوەرانەکان لە سەرتاسەری ئێراندا بکرێت.
کۆماری ئیسلامی تەنیا دوای ٤ مانگ و لە مانگی ڕەزبەری ١٣٦٧ بنەماڵەی قوربانیانی لە کارەساتی ئێعدام کردنیان ئاگادار کردەوە و دوای ئەوە بوو کە خەڵکی ئێران زانیان چ جەنایەتێکی دژی ئینسانی لە زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا ڕووی داوە.سەرانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی تا بە ئەمڕۆش تەنانەت بەر بە ئامادە بوونی کەسوکار و دایکانی داخدار دەگرن بچنە سەر گڵکۆی ئازیزانیان.
یەکێک لە تایبەت مەندیەکانی کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ ئەوەیە کە پەروەندەی سەرجەم قوربانیەکانی ئەم کارەساتە گەورەیە بە هەمان یاسا دەژی بەشەریەکانی ڕژیمی ئیسلامیش کۆتاییان هاتبوو خەریکی تێپەڕ کردنی حوکمەکانیان بوون. زۆربەیان تەنانەت دەورانی زیندانی خۆیان تەواو کردبوو وە چاوەڕوانی ئازادی بوون.
لەمڕۆدا کە بە هیممەتی تێکۆشەرانی سیاسی و ڕزگار بووان لە قەتڵگاکانی ئیوین، ڕەجایی شار، عادڵ ئاوا، دیزل ئاوا و زیندانی سنە و شوێنەکانی تر، ئاست و لایەنەکانی ئەم جەنایەتە دژی بەشەرییە ڕۆشن تر بۆتەوە، هەموو ساڵێک لە مانگەکانی گەلاوێژ و خرماناندا دەیان مەڕاسمی ڕێز گرتن و دەیان کەمپەینی بڵاو کردنەوەی بیرەوەری و بەڵگە و مەدرەکی ئەم جەنایەتە وەحشەتناکەی ڕژیمی ئیسلامی لە وڵاتانی جۆراو جۆری دنیادا بەڕێوەدەچێت. جه ماوه ری خەڵکی ئێران تاوانبارانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بڕیار دەران و بەڕێوەبەرانی ئەم جەنایەتە لەبیر ناکەن و ناشیان بەخشن. حوزوری ئەم جەنایەتکارە پیشەییانە لە حاکمیەتی ئەم حکومەتەدا نیشانی ئەدات کە ئەگەر خەڵک دەرفەتیان پێبدات بە هەمان ڕێگادا دەڕۆن کە خومەینی لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ دا و بە بەلوتکە گەیاندنی لە ساڵی ٦٧ دا پیشانیداون.

لەمڕۆدا بزوتنەوەی دادخوازی لەسەر بەستێنی شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی“، لە حاڵی پەرە ئەستاندن دایە. دایکانی گیانبەختکردوان لە ڕیزی یەکەمی ئەم بزوتنەوەیەدان. یەکەم چەخماخەکانی ئەم بزوتنەوەیە دایکانی گیانبەختکردوانی کوشتاری ٦٧ لەژێر ناوی” دایکانی خاوەران” لییاندا و چوونە شەڕی سەرانی جەنایەتکاری ڕژیم. ئێستا لە پاڵ ڕێکخراوی” دایکانی خاوەران“، ڕێکخراوەکانی” دایکانی پارکی لالە“،” دایکانی دادخواز“،” دایکانی ئاشتی“،” کۆمەڵەی دایکانی پێشڕەو” و” دایکانی شۆڕش” دژبە کۆماری ئیسلامی و ئۆرگانە سەرکوتگەرەکانی دەستیانداوەتە دادخوازی. کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتدارانی جەنایەتکاری کە سەبەبکاری کوشتاری بەکۆمەڵی بە هەزاران کەس لە نەیارانی سیاسی خۆیانن، زۆریان هەوڵداوە تا جەنایەتەکانی دەیەی ٦٠ ڕەد بکەنەوە و هەموو بەڵگە و ئاسەوارەکانیشی لەنێو ببەن. بەڵام جەنایەتە بەرینەکانیان لە کوردستان، قەتڵی حکومەتی بەرین لە بەلوچستان، خوزستان، تورکەمەن سەحرا، تیرۆرەکانی دەرەوەی سنوور و ئێعدامە بەرینەکان لە زیندانەکاندا، بە گشتی بەڵگەمەند کراون و ئیتر شیاوی حاشا لێکردن و شاردنەوە نین.
سەرئەنجام ئەو ڕۆژە دێت کە سەرانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە دادگای عەدلی خەڵکی ئازار چەشتوی ئێراندا بکێشرێنە بەردەم میزی محاکەمە، ڕازە سەر بە مۆرەکانی ئەو جەنایە بێ ئەژمارەی لە ماوەی حاکمیەتیاندا ئەنجامیان داوە زیاتر ئاشکرا بێت و سزای شیاوی خۆیان وەربگرن. بیرەوەری گیانبەخت کردوانی کوشتاری بەکۆمەڵی ساڵی ٦٧ و باقی گیانبەخت کردوانی ڕیگای ڕزگاری بەشەریەت بۆ هەتا هەتایە زیندو و پیرۆزە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

کرماشان؛ لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا

س آگوست 6 , 2024
“ڕەزا ڕەسایی” دەستبەسەرکراوی ناڕازی لە ماوەی ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی ١٤٠١ لە شاری سەحنەی کرماشان، لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان لەسێدارەدرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەمە ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣، “ڕەزا ڕەسایی” دەستبەسەرکراوی ناڕازی لە ماوەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە ١٤٠١ لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان لەسێدارەدرا.بە گوتەی فاتمە حەیدەری، لە ئەندامانی بنەماڵەکانی دادخواز […]

You May Like