بانە؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە برینداربوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەمە ٩ گوڵانی ١٤٠٣، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە کۆڵبەرێک برینداربوو. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «میهران بەهرامی» ٢٥ ساڵە و خەڵکی شاری سەقزە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی هەنگی مەرزی بە چەکی ساچمەیی ئەم کۆڵبەرەیان کردۆتە ئامانج و لە قاچیدا برینداریان کردووە.
شایانی باسە کە ناوبراو بۆ چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی شاری بانە گوازرایەوە و دۆخی گشتی ناوبراو بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سەقز؛ دەرکردنی زیاتر لە ١٥٠ کرێکاری شارەوانی

د آوریل 29 , 2024
زیاتر لە ١٥٠ کرێکاری شارەوانی سەقز کە لە بەشەکانی خزمەتگوزاری کاریان دەکرد لە کار دەرکران. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، تەنیا چەند ڕۆژی ماوە بۆ یەکی مانگی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکار، ڕاپۆرتەکان دەربارەی دەرکردنی زیاتر لە ١٥٠ کرێکاری شارەوانی سەقز کە لە بەشەکانی خزمەتگوزاری کاریان دەکرد بڵاوبۆتەوە. ئەم هەنگاوە بە «کردارەکانی فشاری […]

You May Like