ڕزگارکردنی جیهان لە دەستی چینی کرێکاری شۆڕشگێڕدایە.

سەرمایەداری لە قەیرانێکی قووڵی ئابووریدا گرفتارە. ئەم قەیرانە نەک تەنیا لەناو چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵک بەڵکوو کاریگەری زۆری لەسەر جیهانی سیاسەتیشدا بەجێهێشتووە. لە دونیای ئەمڕۆدا ناسینی ئەم دۆخە زۆر گرنگە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی قەیرانی ئێستا ئەوەیە کە قەرزی کۆمپانیا و حکومەتەکان و قەرزی شەخسی گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنەی سێ سەد ترلیۆن دۆلار کە دەکاتە ٣٥٠%ی کۆی بەرهەمی ناخالیسی میللی. دانەوەی ئەو قەرزانە بووەتە کارێکی مەحاڵ و ئەم پرسەش بووەتە هۆی مایەپووچبوونی بانکەکانی سیلیکۆن، والی و چەند بانکێکی هاوشێوە لە ئەمریکا و بانکی سوئیس کرێدیت لە ئەوروپا. ئەم مایەپووچبوونانە لە داهاتوودا زیاتر دەبن. قەیرانی ئێستا ئاستی ژیان و بەڕێچوونی مرۆڤەکانی نەک تەنها لە ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکا، بەڵکوو لە ئەمریکای باکوور و ئەوروپاش دابەزاندووە. حەقدەست کە پێشتریش کەم بوو، بە بەراورد لەگەڵ هەڵاوسان زۆرتر کەمی کردووە. لە بەهای خانەنشینی و پاشەکەوتەکان کەم بووەتەوە. بەهۆی بڕینی یارمەتییە دەوڵەتییەکان لەلایەن حکومەتەکانەوە، دۆخی بەساڵاچووان و کەمئەندامان و نەخۆشەکان خراپتر بووە. بۆرژوازی لە هەلومەرجی ئێستادا ناچارە بارگرانی قەیرانەکە بخاتە سەر شانی کرێکاران، چونکە هیچ چارەسەرێکی دیکەی بۆ قەیرانەکە نییە. لە قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨دا بازاڕەکانی بریکس و بە تایبەتی بازاڕی چین بووە هۆی دابەزینی ڕێژەیی قەیرانەکە، بەڵام بازاڕی چینیش لە ئێستادا گەیشتووەتە بنبەست.

ئیتر کەس بە شێوەیەکی جدی باسی گرینگی جیهانگیریی کە لە دەیەی ٧٠ی زایینیدا بابەتێکی زاڵ بوو، ناکات. ئەو سیاسەتە پارێزگارییانەی کە بوونە هۆی قەیرانی دەیەی ٣٠ی سەدەی ڕابردوو، گەڕاونەتەوە. دروشمی “یەکەم ئەمریکا” سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە. جیهان دابەش بووە بەسەر وڵات و بلۆکە ڕەقیبەکاندا. شەڕی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین هەر بەم هۆکارە دروست بووە. هەروەها ڕیشەی سەرەکی شەڕی ئۆکراینیش هەر لەم قەیرانەدایە.

شەڕی ئۆکراین شەڕێکی بە وەکالەت لە نێوان حکومەتی ڕووسیا و ئەمریکادایە. ڕووسیا لەگەڵ ئەرتەشی ڕێکخراوی ئاتلانتیکی باکووری (ناتۆ) لە شەڕدایە. ئەگەرچی ئۆکراین بە فەرمی ئەندامی ناتۆ نییە، بەڵام تەواوی خەرجیی و ڕاهێنان و ئامێر و زانیارییە گرنگەکان و لۆجستیک و پێداویستییەکانی دیکە لەلایەن ناتۆوە دابین دەکرێن. ستراتێژی دەوڵەتی ئۆکراین بریتییە لە شکستپێهێنانی ئەرتەشی ڕووسیا و دەرکردنی لەو ناوچانەی کە بە هی خۆی دەزانێ و یەکێک لەو ناوچانەش کریمەیە. ستراتێژیستە جدییەکان دەزانن کە ئۆکراین ناتوانێت ئەرتەشی ڕووسیا شکست پێ بهێنێت. چارەنووسی شەڕەکەش نە ئەرتەشی ئۆکراین و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، بەڵکوو لەلایەن ئەمریکاوە دیاری دەکرێت. ئامانجی ئەمریکا تەنانەت بەرگریکردن نییە لە یەک بست خاکی ئۆکراین.

مەبەستی ئیمپڕیالیزمی ئەمریکا تەنیا ئەوەیە سپای ڕووسیا و ئابووری ئەو وڵاتە بە شێوەیەک زیان ببینێت کە نەتوانێت هێژمۆنی و  دەسەڵاتی ئەمریکا بەسەر ئەوروپا و جیهاندا بخاتە مەترسییەوە. تێوەگلانی ناپێویستی حکومەتی کۆنەپەرستی ئۆکراین لە شەڕ لەگەڵ حکومەتی ڕووسیا لەسەر ئەندامێتی لە ناتۆدا لەم ڕووەوە بوو. ئەوەی لەم شەڕەدا چی بەسەر خەڵکی ئۆکرایندا هاتووە یان لە داهاتوودا بەسەریان دەبێت، لە ڕوانگەی سیاسەتمەداران و سەرمایەدارەکانی ئەمریکاوە گرنگ نییە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە بەردەوامی ئەم شەڕە بۆ پاراستنی پێگەی سەرکردایەتی ئەمریکا پێویستە، لەبەر ئەوەی ئەوان بەشێوەیەکی زۆر فریوکارانه وا نیشان دەدەن کە خۆشگوزەرانی و بەختەوەری مرۆڤایەتی تەنیا بە هەژموونی و دەسەڵاتی ئەمریکا بەسەر جیهاندا، مومکین دەبێت.

نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە ئۆکراین تا ئەمڕۆش نە لە یەکێتی ئەوروپا و نە لە ناتۆ، وەرنەگیراوە. ئەگەر ئۆکراین ببوایە بە ئەندامی ناتۆ، ئەمریکا ناچار بوو هێزی سەربازی ڕەوانەی شەڕ لەگەڵ ڕووسیا بکات. لە هەمان کاتدا بەردەوامی ئەم شەڕە لەلایەن ئەرتەشی ئۆکراین و هێزە بەکرێگیراوەکانیەوە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی ئەمریکادایە. دوور خستنەوەی ئەوروپا و ڕووسیا لەیەکتر و هێشتنەوەی ئەو دۆخە و هەژموونی ئەمریکا، پەیوەستە بە بەردەوامیی ئەم شەڕە. ئەم ململانێ سەربازییە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئابووری وڵاتانی ئەورووپایی و بەتایبەت بەهێزترینیان کە بریتییە لە وڵاتی ئاڵمان، لە سووتەمەنی هەرزانی ڕووسیا بێبەش بن.

تێکدانی بۆرییەکانی “نۆرد ستریم” لە دەریای ڕەش کە لەلایەن تێکدەرانی حکومەتەوە ئەنجامدرا، لەخزمەت بەم مەبەستەدا بوو. لە هەمان کاتدا ئەم شەڕە وایکردووە کە سەرنجەکان لەسەر کێشە ناوخۆییەکان بەلاڕێدا ببرێت. هەروەک ئاماژەی پێکرا، ئامادەکارییەکانی شەڕی ئۆکراین ناتۆ و لە سەرووی ئەوانەوە ئەمریکا دابینیانکرد. ستراتێژیستەکانی سەر بە دەسەڵات لە ئەمریکا نیازی هەڵگیرساندنی شەڕ لە تایوان و تێوەگلاندنی چینیشیان لەسەردا بوو.

بێ ئاکام مانەوەی شەڕی ئۆکراین دەسەڵاتدارانی ئەمریکای لەم بابەتەوە تووشی گومان و دوودڵی کرد. لە ئێستادا دەوڵەتی ئەمریکا بڕی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ دەوڵەتی تایوان پەرەپێداوە، ئاستەنگی زیاتری لەبەرده‌م وڵاتی چین بۆ چوونە ناو بازاڕەکانی تایوان دروستکردووە و پشێوییەکانی دەوروبەری چینیشی زۆرتر کردووە. لە هەمان کاتدا هیچ کام لە لایەنەکان نایانەوێت گرژییەکان بە ڕادەیەک زیاد بکەن کە ببێتەهۆی هەڵگیرسانی شەڕ. بەڵام لەم دونیا ئاڵۆز و ناسەقامگیرەی ئێستادا، ئەگەری ئەوە زۆرە کە لایەنەکان کۆنترۆڵی دۆخەکەیان لەدەست دەربچێت، چونکە ئەو قەیرانەی ئێستا ڕێبەرایەتی کابینەکان و بیرمەند و دام و دەزگا هەواڵگری و سەربازییەکانی تووشی شپرزەیی و سەرلێشێواوی کردووە.

کلیلی چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشە مرۆیی و ژینگەییانەی کە سیستەمی سەرمایەداری و حکومەتە خزمەتکارەکانی دروستیان کردووە، لە دەستی چینی کرێکار و سۆسیالیستەکان و کۆمەڵانی خەڵکی شۆڕشگێڕدایە. هەرئێستا ململانێ چینایەتییەکان بەڕادەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە. خەباتی کرێکاران لە ئەمریکا زۆرتر  لەپێناو دروستکردنی یەکێتییە سەربەخۆ کرێکارییەکاندایە. لەئەوروپا

ناڕازیبوون لە بارودۆخی ئێستا لە نێو لاواندا تا دێت پەرەدەسێنێت. لە ئاسیا توڕەیی و بێزاریی، پەنگی خواردۆتەوە. لە وڵاتێکی وەک ئێراندا بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە لە ئارادایە کە هیوای لە جیهاندا دروست کردووە. پەرەسەندنی مەیلی چەپ لەناو جەماوەر، بەتایبەتی لەناو توێژی لاوان و پەیوەستبوونی حکومەتەکان و بەشەکانی سەرەوەی بۆرژوازی و وردە بورژوازی بە بەرەی ڕاست، واقیعی ئێستای جیهانی ئێمەیە. سەرەنجام شەڕی نێوان هێزەکانی ئەم دوو جەمسەرەیە کە چارەنووسی جیهان دیاری دەکات.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مەریوان؛ دەستگیرکردنی هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

ی آگوست 27 , 2023
سیروان کەریمی، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە، ١ی خەرمانانی ١٤٠٢، سیروان کەریمی تەمەن ٣٤ ساڵ، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان […]

You May Like