
ڕەهەندەکانی گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران بەردەوام ڕوو لەزیادبوونە. کۆماری ئیسلامی لەو ڕووەوە کە کۆمەڵگای تووشی گەلێک بەڵا ونەهامەتی کردووە، ڕێگە نادات ئامارە ڕاستەقینەکانی ئەم دیاردەیە بڵاوبکرێتەوە. بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی دەوڵەت لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣دا چوار ملیۆن و چوارسەد هەزار کەس گیرۆدەبوو بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران بوونی هەبووە. ناوەندی ئاماری ئێران کە ئەم ژمارەیەی ڕاگەیاندووە، پێشبینی کردبوو کە ئەم ژمارەیە لە ساڵی ١٤٠٤دا بە ڕێژەی بیست لەسەد زیاد دەکات. بێگومان ئامارە ڕاستەقینەکان ژمارەی گیرۆدەبووان زۆر زیاتر لەمە نیشان دەدەن. بەڵام تەنانەت لەم ئاستەشدا کارەساتێکی کۆمەڵایەتییە. یەکێک لە مەسەلە مەترسیدارەکان لە ئێران بریتییە لە دابەزینی تەمەنی گیرۆدەبووان. سەرچاوە پێوەندیدارەکان لە ناووڵات دەڵێن تەمەنی گیرۆدەبوون لە ئێران دابەزیوە بۆ ١٣ ساڵ و نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە گیرۆدەبووان بە ماددەی هۆشبەر لە ژێر ١٩ ساڵ دان. یەکێکی تر لە بابەتە جێگەی نیگەرانییەکان بریتییە لە پەنابردنی مرۆڤە بێ هیوا و بێ ئاسۆکان، بەتایبەتی گەنجان، بۆ ماددە هۆشبەرە پیشەسازییەکانی وەک شووشە.
شووشە ماددەیەکی هۆشبەری مەترسیدارە کە لەناوخۆی ئێران بەرهەم دێت. کارگەکانی بەرهەمهێنانی شووشە، نەک تەنها ئەم مادەیە بە نرخێکی تاڕادەیەک هەرزان بۆ بەکارهێنان لە ناو وڵات بەرهەم دەهێنن، بەڵکوو هەناردەی دەرەوەشی دەکەن. خاوەنانی ئەم کارگانە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پشتیوانی دەکرێن. ئەوان بە پێدانی بەرتیلی گەورە، بازرگانی جینایەتکارانەی خۆیان بەبێ هیچ گرفتێک ئەنجام دەدەن. پسپۆڕان دەربارەی کاریگەرییەکانی ماددەی هۆشبەری شووشە دەڵێن: دوای چەند جارێک بەکارهێنانی شووشە، کەسی بەکارهێنەر تووشی کۆمەڵێک گوشاری دەروونی توندی چارەهەڵنەگر دەبێت کە تەنها لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەم مادەیەوە دەتوانێت ئەم گوشارانە کەمێک ئارام بکاتەوە. لەوەبەدواوە ئیتر بەسەربردنی هەر چرکەیەک لە ژیان بەبێ بەکارهێنانی شووشە بۆ کەسی گیرۆدەبوو دەبێت بە کابووسێکی گەورە. بەبێ بەکارهێنان تەنانەت ناتوانێت قسە بکات، ناتوانێت ڕێ بکات، ناتوانێت بخەوێت و تەنانەت ڕەنگە نەتوانێت زیندووش بمێنێتەوە. لەم ڕووەوە ناچارە بەکاری بهێنێت و هەرچیکاتیش تێپەڕ دەبێت، خۆڕاگریی ئەو بەرامبەر بە ماددەکان زیاتر دەبێت و ناچار دەبێت زیاتر بەکار بهێنێت. هەرچی زیاتریش بەکار دەهێنێت، کاتی لەناوچوونی کۆتایی بەکارهێنەر نزیکتر دەکاتەوە.
کۆماری ئیسلامی بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە بڵاوبوونەوە یماددە هۆشبەرەکاندا ڕۆڵی چالاکی هەیە. ئەم ڕژیمە وەک حکومەتێکی دیکتاتۆری، خزمەتکاری سیستەمی سەرمایەداری و هەروەها وەک گەورەترین خاوەنکار لە ئێران، هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی بێکاری، هەژاری، نەبوونی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی، نەبوونی ئەمنییەتی سیاسی و بێ هیوایی بە داهاتوو لە کۆمەڵگایە و هەر ئەمانەش هۆکارە سەرەکییەکانی پەرەسەندنی گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێرانن. جگە لەمەش وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران لەمێژ ساڵە خەریکی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانن. ئەم دوو دەزگا دەوڵەتییە هەم لە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات بەرەو سنوورەکانی ڕۆژئاوا و باشوور و هەم لە دابەشکردنی لە ناو وڵاتدا ڕۆڵیان هەیە. ڕۆڵی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم لە دابەشکردنی بەربڵاو و هەرزانی ماددە هۆشبەرەکان لە کوردستان، زۆر بەرچاو و حاشا هەڵنەگرە. دەوڵەت بە نهێنی لەقەڵەمدانی ئاماری گیرۆدەبووان و بڵاونەکردنەوەی، بە کردەوە خەسارناسی ئەم دیاردەیەی نامومکین کردووە و دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ناچارە لەئاستی ناوخۆدا وا نیشان بدات کە گۆیا لە دژی ماددەی هۆشبەر و گیرۆدەبوون پێی، خەبات دەکات. ڕژیم هەروەها بە ڕێگریکردن لە چالاکی ڕێکخراوە مەدەنییە سەربەخۆکانی دژی گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، پرسی خەبات لە دژی گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر لەگەڵ گرفت بەرەوڕوو دەکات. کۆماری ئیسلامی کەسی گیرۆدەبوو نە وەک قووربانی بارودۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کلتووری، بەڵکوو وەک تاوانبارێک سەیر دەکات. لەو ڕووەوە کە ڕژیم ناچار بووە ناوەند گەلێک بۆ چارەسەرکردنی گیرۆدەبووان دابمەزرێنێت، وەک زیندان بەڕێوەیان دەبات و دەبێتە هۆی هەڵاتنی ئەو گیرۆدەبووانەی کە دەیانەوێت واز لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بێنن. ئەو بەشە لە گیرۆدەبووانیش کە بارودۆخی پۆلیسی ناوەندەکانی واز هێنان لە ماددەی هۆشبەر تحەممول دەکەن، بە شێوەیەکی ڕێژەیی دوای سێ مانگ دیسان ڕوو لە ماددەی هۆشبەر دەکەنەوە. هۆکاری ئەم کارەش ڕوونە. ئەو کەسانەی کە بەهۆی بێکاری، هەژاری، نەبوونی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی، پەنایان بردۆتە بەر ماددەی هۆشبەر، دوای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم نەهامەتیانە، سەر لەنوێ پەنا دەبەنەوە بەرماددە هۆشبەرەکان.
خەبات لە دژی گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر، وەک بازرگانییەکی پڕسوود بۆ گەورە قاچاخچیان و هەروەها وەک ئامرازێکی سەرکوت لە دەستی ڕژیمدا، پەیوەستە بە خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی و ئەو سیستەمەی کە لەلایەن ئەم ڕژیمەوە بەرگریی لێ دەکرێت. لەم ڕێگایەدا دەبێت ڕژیم ناچار بکرێت لەبری بەکارهێنانی سامانی وڵات لە خزمەت بە سەرکوتی مادی ومەعنەوی خەڵک، یان دزین و بەتاڵانبردنی، ئەو سامانە لەپێناو باشترکردنی ژیانی خەڵکدا بەکار بهێنێت. خەبات لەدژی سەرمایەداری و خەبات لە دژی ڕژیم و لەپێناو باشترکردنی بارودۆخی ژیان، لە زومرەی زنجیرە خەباتێکی لێک هەڵپێکراون. بەهێزکردنی ئەم خەباتە دەتوانێت لە ناخی ئومێد بە گۆڕانی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، ئاسۆیەکی ڕوون بە ڕووی جەماوەر وبەتایبەتی گەنجاندا بکاتەوە. ئەوان لەسەر بەستێنی ئەم ئاسۆ ئومێدبەخشە، زەمینەی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت تا لەبری تەسلیمبوون بەرامبەر بەناخۆشییەکان، ڕێگای خەبات و لەناوبردنی هۆکارەکانی گیرۆدەبوون بەماددەی هۆشبەر و نەک پێچەوانەکەی هەڵبژێرن.

