بە بڕانی بەردەوامی کارەبا و کەم ئاویی، هاوینێکی سەخت لەڕێدایە

هاوینی ڕابردوو، دوای شەپۆلێکی بەرفراوانی بڕانی کارەبا کە ناڕەزایەتی گشتی زۆری لێکەوتەوە، بەرپرسانی وەزارەتی وزە بە جەختکردنەوە لەسەر “پلاندانانی ورد بۆ هاوینی داهاتوو” ڕایانگەیاند کە بڕانی ئاو و کارەبا چیتر دووبارە نابنەوە. هەندێک تەنانەت لەوەش بەولاترەوە چوون و بەڵێنیان دا کە بە هاتنی وێستگەی کارەبای نوێ و بەکارهێنانی وزەی جێگرەوە، وڵات دەگاتە قۆناغێک لە “سەقامگیری وزە”. بەڵام، واقیعییەتی ئەمڕۆ، شتێکی دیکە نیشان دەدات. نەک هەر هیچ سەقامگیرییەک لە دابینکردنی کارەبادا نابینرێت، بەڵکوو دەستپێکردنی بڕانی کارەبا بەر لە دەستپێکی وەرزی گەرما، ئەو نیگەرانییەی دروست کردووە کە لەوانەیە هاوینی داهاتوو بارودۆخ گەلێک قەیراناویتر لە ساڵی ڕابردوو بێت. لە پاڵ کەمبوونی کارەبا و بڕانی بێ بەرنامە و بێ ئاگاداری پێشوەختی بەکارهێنەران، کەمبوونی ئاو بۆ دابینکردنی کارەبا و تەنانەت ئاوی خواردنەوەش کێشەکانی پەرەپێداوە. بەرپرسی فراکسیۆنی ژینگەی پەرلەمان ڕایگەیاندووە کە ٣٠ پارێزگای وڵات لەگەڵ کەمبوونی ئاوی خواردنەوە و دابینکردنی کارەبا بەرەوڕوون. ئەو و بەرپرسەکانی تر هەوڵ دەدەن خەڵک بەو قەناعەتە بگەیەنن کە کەمبوونی ئاو و کارەبا، بەهۆی وشکەساڵی و بەکارهێنانی زۆر لەلایەن هاووڵاتیانەوەیە. بەڵام دانیشتوانی ناوچە جیاوازەکانی وڵات کە دەزانن بەرپرسیاری ئەم بارودۆخە قەیراناوییە ڕژێم و بەرپرسانی گەندەڵ و ناکارامەن، دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیەکی بەربڵاو لە دژیان.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەواڵی – سیاسی پەیام، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەردەکانی یەزد ڕۆژی سێشەممە ١٣ی گوڵان یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی شاریان داخست و لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی کارەبا کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. ئەوان کە بڕانی بەردەوامی کارەبا بووەتە هۆی سووتان و لەکارکەوتنی کەرەستە و پێداویستییەکانی کار و ژیانیان، خوازیاری قەرەبووکردنەوە و وەبەرهێنانی پێویست لە بەشی پیشەسازی و کارەبادا بوون. ئەوان ڕایانگەیاند کە لە بەڵێنی درۆ و بێناوەڕۆک بێزارن و خوازیاری هەنگاوی کردەیی خێرا و پێویستن. هەر لەم ڕۆژەدا نانەواکانی ئەسفەهان، کرماشان، پارێزگای مازەندەران و هەندێک شاری دیکە لە ناڕەزایەتی بە بڕانی بەردەوامی کارەبا، کۆبوونەوەیان ئەنجامدا. ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گوڵان بازرگانانی بازاڕی گەورەی ئاسن لە تاران، کەرەج و شەهریار لە ناڕەزایەتی بە بڕانی بەردەوامی کارەبا دوکانەکانی خۆیان داخست. ئەوان کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کارەبایان نەبوو، لە کەمتەرخەمی بەرپرسان و پێڕانەگەیشتن بە کێشەکانیان، تووڕە بوون. لە کەرەج جگە لە بازرگانان، ژمارەیەک لە هاووڵاتیانیش بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئەوان ڕایانگەیاند کە کەرەستە کارەباییەکانی ماڵەکانیان سووتاوە و لەکارکەوتووە و پێویستە حکوومەت زیانەکانیان قەرەبوو بکاتەوە.

قەیرانی ئاو، کارەبا، ئابووری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ناوچەیەکی بەرفراوانی وڵاتی لەگەڵ ئاڵەنگاری جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە. ئارمانی میللی ڕۆژی سێشەممە نووسی: “یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بڕانی کارەبای ئەم دواییانە، نەبوونی زانیاری و شەفافیەتە. هیچ خشتەیەکی فەرمی ورد و جێی متمانە، سەبارەت بە کات و ناوچەکانی بڕانی کارەبا بڵاو نەکراوەتەوە و هیچ بەرپرسێک لەبەرامبەر پرسیارەکانی خەڵک دەربارەی هۆکاری ئەم دۆخە وەڵامدەر نییە و هەموو شتێک لە بێدەنگی و سەرلێشێواویدا بەڕێوە دەچێت. هاووڵاتیان ڕایانگەیاندووە کە لە هەندێک ناوچەی شارەکان، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، کارەبای ماڵەکانیان دوو جار و هەر جارەو بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بڕاوە. زۆرێک لەوان دەپرسن بۆچی هێشتا وەرزی گەرما نەهاتووە، وڵات ڕووبەڕووی قەیرانی کارەبا بووەتەوە؟ چ گەرەنتییەک هەیە کە ئەم بارودۆخە لە هاویندا نەبێتە قەیرانێکی بەتەواو مانا؟” ئەو بارودۆخە ژیانی لە خەڵک تاڵ کردووە و زیانێکی زۆری دارایی لێکەوتۆتەوە. جگە لە هاووڵاتیان، یەکێک لە گرنگترین قوربانییەکانی کەمبوونی کارەبا لە وڵات، پیشەسازییەکانن. پیشەسازییەکان کە دەبووایە لە هاویندا لەگەڵ قەیرانی کارەبا بەرەوڕوو ببنەوە، ئەمساڵ هەر لە بەهارەوە بڕانی بەردەوامی کارەبا ئەزموون دەکەن. بەپێی ڕاپۆرتی تیجارەت نیوز، پێشتر شارۆچکە پیشەسازییەکانی پەردیس، سەفادەشت، دەهەک، عەباس‌ئاباد و سولەیمانی، ڕایانگەیاندبوو کە بڕانی کارەبای یەکەکانی ئەوان، لە یەکەم ڕۆژی گوڵانەوە دەستی پێکردووە. بەڵام ئەمجارە وادیارە لە نیوەی گوڵانەوە، سەرجەم شارۆچکە پیشەسازییەکان لەگەڵ کەمی کارەبا ڕووبەڕوو دەبنەوە.

یەکێک و ئەڵبەتە تەنها یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونی ئاو، بریتییە لە لێدانی بیری زۆر لەلایەن دار و دەستەکانی پەیوەندیدار بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازی تایبەتی. گرنگتر لەوە، بریتییە لە سیاسەتی ڕژێم و گوشار خستنە سەر جووتیاران بۆ گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی.

ئەم سیاسەتە نادروستە و نەکردنی وەبەرهێنان لە پیشەسازی پێشکەوتووی کشتوکاڵی، بووەتە هۆی بەفیڕۆدانی ئاو و وشکبوونی کانیاوەکان و سەرچاوەکانی دیکەی ئاو. هەر هەمان کێشە لە پیشەسازی کارەباشدا ڕوویداوە. نەکردنی وەبەرهێنان لە دابینکردنی وێستگەی کارەبای نوێ و چاککردنی وێستگە کارەباکانی ئێستا و هەروەها دروستکردنی بەنداوەکان بەگوێرەی بەرژەوەندی پەیمانکارانی سپا و هتد، لە پاڵ وشکەساڵیدا ڕۆڵێکی سەرەکی لە دابینکردنی ئاوی بەنداوەکان و لەو ڕێگەیەشەوە دابینکردنی کارەبادا هەبووە. ئەو ناڕەزایەتییانەی کە ئاماژە بە چەند حاڵەتێکیان کرا، لەسەر بەستێنی بەردەوامی کەمبوونی ئاو و کارەبا لە هاوینی داهاتوودا دەتوانێت پەرە بستێنێت. لەم حاڵەتەدا لە پاڵ ناڕەزایەتی کرێکاران، ژنان، دادخوازان، زیانلێکەوتووان و هتد، ناڕەزایەتی دژ بە کەمبوونی ئاو و کارەبا دەتوانێت بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” بەهێزتر بکات و ببێتە هۆی باشتربوونی هەرچی زیاتری هاوسەنگی هێز بە قازانجی جەماوەر.​​​​​​​​​​​​​​​​

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بۆکان؛ بانگهێشت و دەستبەسەرکرانی میلاد ناسری بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی

چ مه 7 , 2025
میلاد ناسری، لاوی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی شاری بۆکان پاش بانگهێشت و ڕۆیشتن بۆ لقی جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم شارە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی ١٨ مانگەی خۆی، دەستبەسەرکرا و بۆ زیندانی شاری بۆکان گواسترایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەمە شازدەی گوڵانی ١٤٠٤، میلاد ناسری، لاوی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی گوندی “کانی […]

You May Like