دانیشتنی دادگایی بۆ تۆمەتەکانی کامەران ساختمانگەر، چالاکیی کرێکاری خەڵکی شاری سنە، لە لقی دووی دادگای شۆڕشی شاری سنە بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەیانی ڕۆژی دووشەمە نۆزدەی جۆزەردانی ١٤٠٤، دانیشتنی دادگایی بۆ تۆمەتەکانی کامەران ساختمانگەر، چالاکیی کرێکاری خەڵکی شاری سنە، لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ئەم شارە بەڕێوەچوو. لەم دانیشتنەدا، کامەران ساختمانگەر، بە تۆمەتی «چالاکیی بانگەشەیی دژی ڕژیم» بەهۆی ناڕەزایەتی ناوبراو دژی دەرچوون و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بوو، بەرگریی لەخۆی کرد.
پێشتر، لە ڕۆژی یەکشەمە ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٤، دانیشتنی لێپرسینەوە لە کامەران ساختمانگەر، لە لقی دووی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری سنە بەڕێوەچوو بوو. لەم دانیشتنەدا، ناوبراو بە تۆمەتەکانی «گردبوونەوە و پشتیوانی بۆ دژایەتی ئاسایشی نەتەوەیی»، «سووکایەتی بە ڕێبەری» و «چالاکیی بانگەشەیی دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی» بەرگریی لەخۆی کرد. لە کۆتایی ئەم دانیشتنەدا، دۆسیەی ناوبراو بە تۆمەتی «چالاکیی بانگەشەیی دژی ڕژیم» دەرچووە و بۆ دادگا نێردرابوو.
هەروەها دادسەرا بە تۆمەتەکانی «گردبوونەوە و پشتیوانی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و «سووکایەتی بە ڕێبەری» بۆ ئەم چالاکەی کرێکاری سزای سەرەتایی دەرکردووە.
ئەم چالاکەی کرێکاری لە ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، بە پێدانی بارمتە لە زیندانی شاری سنە ئازادکرا. دەستبەسەرکرانی کامەران ساختمانگەر، لە حەڤدەی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم ئەنجامدرابوو.
کامەران ساختمانگەر، لە ناوەڕاستی بەفرانباری ١٤٠٣، لە لقی ١٠٩ی دادگای دووی شاری سنە بە تۆمەتی «تۆمەت و ناوزڕاندن» بەرگری لەخۆی کردبوو. ناوبراو لە لە کۆتایی ئەم دانیشتنەدا بە پێدانی بارمتە ئازادکرا.
کامەران ساختمانگەر، پێشتر بەهۆی چالاکییەکانی سنفی و کرێکاری خۆیەوە دەستبەسەرکرا و سزادراوە.