لە درێژەی سەرکوتی خوێناوی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵی کورد خەڵکی شاری سەلاس باوەجانی و دانیشتووی شاری تاران، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکانی پایتەخت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، «ڕێبین مورادی»، فێرخوازی تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی سەلاس باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان و دانیشتووی شاری تاران، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکانی شاری تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی بەختکرد. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بنەماڵەی ئەم لاوە کوردە پاش چوار ڕۆژ بێ ئاگایی لە دۆخی ناوبراو، دواجار ئاگادارکران کە ڕێبین مورادی لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکاندا بە تەقەی هێزەکانی ڕژیم کوژراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، هێشتا تەرمی ئەم لاوە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە و بەدواداچوونەکانی ئەوان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی هێشتا بەردەوامە.
ڕێبین مورادی لە یاریزانانی تیمی لاوانی سایپا و حەندامی خولی تۆپی پێی لاوانی تاران بووە و پێشتر لە تیمەکانی وەکو «پارسیان جوان ئیلیا نوین» چالاک بووە. ناوبراو سەرەڕای تۆپی پێ، لە بەشی شناو پاڵەوانی تەمەنی خۆی بووە و لە بەشی زۆرانبازی چالاک بووە.
تاکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی ڕژیم لەبارەی چۆنێتی گیانلەدەستدانی ئەم لاوە کوردە هیچ ڕوونکردنەوەیان نەداوە.

