ئیبراهیم جانەفەرد، هاووڵاتی شاری بۆکان، پاش دەستگیرکرانی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات، زیاتر لە هەفتەیەکە دۆخی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەمە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئیبراهیم جانەفەرد، هاووڵاتی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی “ڕەحیم خان” لە شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستگیرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم دەستگیرکرانە بەبێ بڕیاری دادوەر ئەنجامدراوە.
ئیبراهیم جانەفەرد، پێشتر لە گوڵانی ١٤٠٢، بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی» لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای دووی شاری بۆکان بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری سزادرابوو. ناوبراو کاتێک ئەندامی حیزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی بووە، پاش جیابوونەوەی لەم حیزبە و گەڕانەوەی بۆ شاری بۆکان لە ١٤٠١ دەستگیرکرا و دواتر بە کەفالەت ئازادکرابوو.
بە تێپەڕینی هەفتەیەک لەم دەستگیرکرانەی دوایی، هێشتا هۆکارەکانی دەستگیرکران، شوێنی مانەوە و دۆخی ئێستای ئەم هاووڵاتییە نادیارە.

