یاوەر وەیسی کۆڵبەری خەڵکی سەلاس باوەجانی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٢، “یاوەر وەیسی” کۆڵبەری خەڵکی سەلاس باوەجانی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود گیانی لەدەست دا. هێزەکانی هەنگی مەرزی بە چەکی کڵاشینکۆف لە پشتەوە ئەم کۆڵبەرەیان کردۆتە ئامانج و کوشتویانە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرته، “یاوەر وەیسی” بەهۆی سەختی برینەکانی له نەخۆشخانەی نەوسوود گیانی له دەستداوە.
بەپشتبەستن بەو ئامارەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراوە، لە ١ی ڕەزبەر تا ١ ی سەرماوەزی ١٤٠٢، بەگشتی ١٥٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، لێدان و ئازاردان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕژێم و کەوتنە سەر مین. کوژراو و بریندار بوون.
لەم ژمارەیە بەگشتی ٩ کۆڵبەر کوژراون و ١٤٥ کۆڵبەر برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٥٤ کۆڵبەر کە کوژراون و برینداربوون، ١٤١ حاڵەت (٩٢%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.