دوو کۆڵبەری خەڵکی “جوانڕۆ” بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری “نەوسود” برینداربوون
![](https://ku.kolbarnews.com/wp-content/uploads/2024/01/IMG_20240115_183559_439-1024x682.jpg)
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، شەوی هەینی ٢٢ بەفرانباری ١٤٠٢، هێزەکانی ڕژێم لە هێڵی سنووری نەوسود بەرەو کۆڵبەران تەقەیان کرد و لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەر دەست و پشتیان بە سەختی برینداربوو.
بە پێی ڕاپۆرتەکە، ناسنامەی کؤلبەرەکان بریتین لە “ناسح مورادی” و “ئومێد ئەحمەدی” کە هەردووکیان خەڵکی شاری جوانڕۆن.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان جادەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و حاڵەتەکانی ترەوە کوژراون و بریندار بوون. لەم ژمارەیە بەگشتیی ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژراون و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٣٠ کەسیان منداڵی خوار ١٨ ساڵن.