“ئەسعەد ئەفرنجە” کۆڵبەری گەنجی شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری ئەم شارە کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ئێوارەی چوارشەمە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری “سیاناو”ی شاری مەریوان کۆڵبەرێکیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشت. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “ئەسعەد ئەفرنجە” ٢٥ ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی “سیاناو”ی سەربە شاری مەریوان بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. ناوبراو خێزاندار و خاوەنی منداڵێکە.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤، ٢٧٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتەکانی تر کوژران و برینداربوون. لەم ژمارەیە، ٣٤ کۆڵبەر واتا ١٣٪ کوژران و ٢٣٦ کۆڵبەر واتا ٨٧٪ برینداربوون.
لە ٢٧٠ کۆڵبەر لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤ کوژران و برینداربوون، ٢٢٢ کۆڵبەر واتا ٨٢٪ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیمەوە بووە.
هەروەها لە ٢٧٠ کۆڵبەر لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤ لە سنووری کوردستان کوژران و برینداربوون، ٢٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
ئاماری نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٣، ئێمە چاودێری زیادبوونی ٢١٨٪ ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە هێڵی سنووری کوردستان بووین.