وریشە موردای، چالاکی سیاسی دەسبەسەر لە گرتووخانەی ئێڤین، لە هەژدەهەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی خۆیدا بەسەر دەبات.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەمڕۆ ۷ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، وریشە مورادی، چالاکی سیاسی دەسبەر لە گرتووخانەی ئێڤین کە تۆمەتی «بەغی» دراوەتە پاڵ، لە هەژدەهەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی خۆیدا لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەرکردن و بەڕيوەبردنی سزای لەسيدارەدان لە ئێران، بەسەر دەبات. دۆخی تەندرووستی ئەم چالاکە سیاسییە بە هۆی دابەزینی کێش، دابەزینی پەستانی خوێن و ئازاری جەستەیی لە ژێر مەترسی جدی دایە.
وریشە موادی، چالاکی سیاسی خەڵکی سنە و ئەندامی «کژار» لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ەوە و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی خەبات لە دژی لەسێدارەدان، مانگرتن لە خواردنی خۆی ڕاگەیاند.
ئەم چالاکە سیاسییە، لە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نزیک شاری سنە دەسبەسەر کرا. دوای تێپەڕینی ١٣ ڕۆژ بۆ بەندی ٢٠٩ی گرتووخانەی ئێڤین گوازرایەوە و لەکۆتاییدا لە ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا، دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە لەگەڵیدا، گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم گرتووخانەیە.
یەکەمین دادگای وریشە مورادی لە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣دا بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی بەڕێوە چوو.
دوای دووجار هەڵوەشانەوەی دووهەمین دادگای ئەم چالاکە سیاسییە لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ١٤٠٣دا، دواجار ئەم دادگایە لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری١٤٠٣دا لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بەڕێوە چوو.
ئەم چالاکە سیاسییە لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی تاران بە تۆمەتی «بەغی» تاوانبار کراوە.