سەروناز ئەحمەدی، چالاکی مافی منداڵان کە لە زیندانی ئێڤین دەسبەسەرە، مۆڵەتی دەرمانی پێدرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، دووشەمە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ سەروناز ئەحمەدی لە زیندانی ئێڤین مۆڵەتی دەرمانی پێدرا. بەپێی زانیارییەکان، پێدانی مۆڵەتی دەرمانی بە سەروناز ئەحمەدی بەپێی بڕیاری دادگا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ئەنجامدراوە. سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە گوتی؛ ناوبراو داوای ئازادی مەرجداری کردووە کە ئەم داوایە هێشتاکە بڕیاری لەسەر نەدراوە.
سەروناز ئەحمەدی، چالاکی مافی منداڵان لە ٨ی گوڵانی ١٤٠٢دا لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی پیشەیی و کرێکاری لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە ماڵی محەممەد حەبیبی، چالاکی پیشەیی مامۆستایان دەستگیر کراو و بۆ زیندانی ئێڤین گواسترایەوە.
سەروناز ئەحمەدی، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی «گردبوونەوە و پیلانگێڕی بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» بە ٥ ساڵ زیندان و بەتۆمەتی «بانگەشە لە دژی ڕژیم» بە ساڵێک بەندکردن و بە کۆی گشتی بە ٦ ساڵ زیندان سزا درابوو. سزای ناوبراو لە لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندی تەعزیری گۆڕدرا.
ناوبراو لە درێژەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١ دەستگیر کرا و لە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ بە بارمتە ئازاد کرابوو. سەروناز ئەحمەدی، خوێندکاری ماستەر لە بواری توێژەی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی زانستی بێهزیستی لە وەلەنجەکی تارانە.