ژینا مودەڕس گورجی، هاوڵاتی شاری سنە بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی، بۆ لقی ٤ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای گشتی و شۆڕشی سنە بانگهێشت کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لقی ٤ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای گشتی و شۆڕشی سنە داوایان لە ژینا مودەڕسی گورجی کردووە لە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣دا بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی لەم بەشەی دادگا ئامادە بێت. ئەم سزایە لە ١ی خەزەڵوەردا بەم هاوڵاتییە ڕاگەیەندراوە.
لە ڕەزبەری ئەمساڵدا، ژینا مودەڕس گورجی لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان بەتۆمەتی «بانگەشە لە دژی ڕژیم» بە ساڵێک بەندکردن و بەتۆمەتی «ڕێکخستنی گرووپی نایاسایی بەمەبەستی ڕوخاندنی ڕژیم» بە ١٦ مانگ بەندکردن و بە کۆی بەگشتی بە ٢٨ مانگ زیندان سزا درابوو. هەروەها بەپێی ئەم بڕیارە، ناوبراو لە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دژبەر»، بێبەری کرا.
بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی سەبارەت بە چەندێتی ژمارەی تاوانە تەعزیرییەکان، سزای تەواو لەم حوکمەدا واتە ١٦ مانگ بەندی تەعزیری جێبەجێ دەکرێت.
ناوبراو لە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستگیر کرا و لە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.